تەندروستی, ژيان

قەدەغەی سەر راوە ماسی ھەڵگیرا

ئەمڕۆ قەدەغەی سەر راوە ماسی ھەڵگیرا و گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجەش دەڵێت: "لەماوەی سێ مانگەکەدا دەستمان بەسەر ٢٧١ تۆڕی راوە ماسیدا گرتووە کە لەلایەن سەرپێچیکارانەوە بەمەبەستی راوکردنی ماسی لەرووباری سیروان دانراون".

Salim Xemexan  | 20.06.2017 - نوێکردنەوە : 22.06.2017
قەدەغەی سەر راوە ماسی ھەڵگیرا

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە - AA

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجە فەرمان عومەر لەکۆنفرانسێکی ھەواڵیدا وادەی کۆتایی ھاتنی وەرزی قەدەغەکردنی راوە ماسی راگەیاند و گوتی: "دوای دەرچوونی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ قەدەغەکردنی راوە ماسی لەرووبار و دەریاچەکانی کوردستاندا بۆ ماوەی سێ مانگ کە ئەمڕۆ ٢١ی حوزەیران وادەکە کۆتایی پێھات، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجە لەڕێی دوو تیم و دوو خاڵی جێگیری سەر دەریاچەی سیروانەوە، رێگری کرد لەھەر سەرپێچی و زیادەڕەویەک بۆسەر رووباری سیروان لەو کاتی قەدەغەکردنەی راوە ماسیدا".

ساڵانە و لەوەرزی گەرادانانی ماسیدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی پاراستنی سامانی ماسی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی بۆ رووبار و دەریاچەکان، وەرزی قەدەغەی راوە ماسی رادەگەیەنێت کە لە ٢٠ی ئازارەوە دەست پێدەکات و بۆ ٢٠ی حوزەیران درێژ دەبێتەوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجە گوتیشی: "لەچوارچێوەی چالاکییەکانی تیمەکانمان لەو وەرزەدا، ھێزەکانمان توانیان دەست بەسەر ٢٧١ تۆڕی راوەماسیدا بگرن کە لەلایەن ھاووڵاتیان و کەسانی سەرپێچی کارەوە دانرابوون بەمەبەستی راوی نایاسایی لەرووبارەکەدا، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی ١٥٠ کیلۆ ماسی راوکراو کە پاشتر بەزیادکردنی ئاشکرا و بەبڕیاری دادوەر بەبڕی ٨٠٠ ھەزار دینار فرۆشراون، لەگەڵ دەستگیر کردنی سێ کەسی سەرپێچیکار کە لەوەرزی قەدەغەی راوە ماسیدا خەریکی راوی نایاسیی ماسی بوون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ئێستا دۆسیەکانیان لەبەردەستی دادوەردایە".

ھاوکات بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٥٩ تۆمەتبار لەدۆسیەی جیاواز و بەھۆی کاری نایاسایی جیاواز و سەرپێچی لەیاساکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەستگیر کراون و رەوانەی دادگا کراون، کە ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە راوی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان و لێدانی بیری نایاسایی ئاو و ئاگرکردنەوەی بەئەنقەست کە بووەتە ھۆی سووتانی پوش و پاوان و باخ و دارستانە سرووشتیەکان و راوی نایاسایی ماسی، لەگەڵ دەستبەسەردا گرتنی چەک و ئۆتۆمبێل و ئامێرە بەکارھاتووەکانیان کە لەسەرپێچیەکانیاندا سوودیان لێوەرگرتووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın