سياسەت, ئابووری

"بوودجەی 2018ی عێراق رۆڵی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان ناهێڵێت"

مەسعود حەیدەر: "حكوومەتی عێراق لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018 ی عێراقدا چەندین پێشێلكاری دەستووری و هەنگاوی دژ بە هەرێمی كوردستان ناوە و بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایە رۆڵی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 02.11.2017 - نوێکردنەوە : 03.11.2017
"بوودجەی 2018ی عێراق رۆڵی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان ناهێڵێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن و تاوتوێكردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق كۆببێتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت رەشنووسەكەیان بەدەست گەیشتووە و لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە و هەوڵ بۆ گۆڕانكاریكردن لە رەشنووسەكە دەدەن.

ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسعود حەیدەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژی یەكشەممە رەشنووسی پڕۆژە یاساكە دەخرێتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ موناقەشە و دەنگدان. بەغدا بەنیازە هەرێمی كوردستان بكاتە دوو زۆن و دەسەڵاتی جێبەجێكردن دابەزێنن بۆ ئاستی پارێزگار و هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم. لە پڕۆژەكەدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی وەك پارێزگایەكی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا ئاماژە پێكردووە و باسی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كردووە، هەروەها هەوڵی داوە دامودەزگاكانی هەرێم لە حكوومەت و پەرلەمان هیچ رۆڵیان نەمێنێت، ئەوەش بە لای ئێمەوە جێگای قبووڵكردن نییە و بە پێی دەستوور شتی وا نابێت رووبدات".

ئەو گوتی: "ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراقی لە رووی ستراتیجیەوە لێدانی ئامانجی نەتەوەیی كوردە و هەڵوەشاندنەوەی قەبارەی فیدراڵی هەرێم و چەسپاندنی دەوڵەتی مەركەزیە، هەروەها رێژەی ١٧لەسەدا ھەرێم كەم كراوەتەوە بۆ ١٢،٦٧ لەسەدا و بە پێی رێژەی پارێزگا دابەش دەكرێت، بە پێی ئەوەش دوای بڕینی نەفەقاتی سیادی و كورتهێنان ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان تەنها 500 ملیار دیناری مانگانە دەبێت".

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی گوت "كۆی كورتهێنان لە بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراق دەگاتە ٢٢ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار دینار كە دەكاتە ١٩،٣% كۆی بوودجە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق جارێكی تر هانای بردۆتەوە بەر قەرزی دەرەكی و ناوخۆ و لە ٢١ دامودەزگا داوای قەرز دەكاتەوە كە سعوودیەشی لەنێودایە، هەروەها حكوومەتی فیدراڵی جارێكی تر قورسایی سەرشانی مووچەخۆران و خانەنشین زیاتر دەكات بە بڕینی ٤،٨% لە مووچەكانیان".

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی عێراق، ئاماژەی كرد بەوەی كەمكردنەوە و دەستبردن بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاساكەدا بە لای ئەوانەوە هێڵی سوورە و جێگای قبووڵكردن نییە، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵدان و دەیانەوێت لە رێگەی حكوومەت و فراكسیۆنە شیعەكانەوە گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاساكەدا بكەن، بە پێچەوانەوە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكشێنەوە و بەشداری گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكەش ناكەن.

- كۆی گشتی بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق بە ١٠٨ ترلیۆن و ١١٣ ملیار و ٩٠٦ ملیۆن و ٥٠٦ هەزار دینار خەمڵێنراوە. - كۆی داهاتی عێراق ٨٥ ترلیۆن ٣٣١ ملیار دینار. 

- داهاتی نەوت ٧٢ ترلیۆن و ٩٩٨ ملیار دینار.

- داهاتی دیكە ١٢ ترلیۆن و ٣٣٣ ملیار دینار. 

- كۆی كورتهێنان لە بوودجە ٢٢ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار دینارە كە دەكاتە ١٩،٣% ی كۆی بوودجە. 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن