ئابووری

"داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم كاریگەری 50 لەسەدی لەسەر بازرگانی كردووە"

بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بە داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر كەرتی بازرگانی كردووە، بەرپرسێكی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، كەرتی بازرگانی زیانی گەورەی بەر كەوتووە و ئاستەکەی بۆ نیوە دابەزیوە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 11.10.2017 - نوێکردنەوە : 12.10.2017
"داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم كاریگەری 50 لەسەدی لەسەر بازرگانی كردووە"

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "داخستنی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر و رێگە نەدان بە گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەو فڕۆكەخانانەوە كاریگەری زۆر گەورەی دروست كردووە لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پێشتر بازرگانەكانمان لەو فڕۆكەخانانەوە دەچوونە وڵاتانی دەرەوە و كارە بازرگانییەكانی خۆیانیان ئەنجام دەدا، ئێستا بازرگانەكان ناتوانن لە رێی بەغداوە گەشت بكەن و ماوەیەكی زۆر لە فرۆكەخانەی بەغدا بمێننەوە و كاتێكی زۆریان بەفیرۆ دەڕوات، ئەوەش كاریگەری زۆری كردووە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر بازرگان پەیوەندیمان پێوە دەكەن و ناتوانن گەشتەكانیان بۆ توركیا و وڵاتانی تری جیهان بكەن".

ئەو گوتی: "ئەو رێگرییە كاریگەری لەسەر رەوشی دەروونی بازرگانەكانیش كردووە و گەشەی بازرگانیشی بەرەو دواوە بردووە، لە كارگۆكانیش جموجوڵی بازرگانی بەتەواوی وەستاوە و هیچ چالاكییەكی بازرگانی لەو كارگۆیانەدا نەماوە".

سیروان محەمەد ئەوەشی گوت: "راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان زیانی گەورەی بازرگانی و ئابووری بە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێش گەیاندووە".

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان لە ناجێگیری دەرونیدا دەژین و دەستەوەستانن لە ئاست دۆخەكەدا، ئەو گوتی: "شەڕێكی دەروونی لە گەڵ بازرگانەكانمان و هاووڵاتیان دەكرێت، دەنگۆی داخستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و توركیا و ئێران وای كردووە بازرگانەكانیش نەتوانن سەركێشییەكی ئەوتۆ بكەن و كاڵاكانیان بهێننە یەك لەو وڵاتانە و هەڕەشەی داخستنی سنوورەكانیش هەبێت، ئەگەر رەوشەكە ئاسایی ببێتەوە ئەوكات بازرگانەكان بە ئاسایی كارەكانی خۆیان دەكەن".

بە گوتەی سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، داخستنی فرۆِكەخانەكانی هەرێم بە رووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان و ئەو دۆخەی لە دوای ریفراندۆمی 25ی مانگی رابردووی هەرێمی كوردستان دروست بووە، كاریگەری 50 لەسەدی لەسەر ئاڵوگۆڕ و جموجوڵی بازرگانی لەناوخۆی هەرێم كردووە.

ئەو باس لەوەش دەكات، تائێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامی هەیە و رۆژانە چەندین بارهەڵگر كەرەستەی پیشەسازی و بیناسازی و كشتوكاڵ لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكەن.

یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە پلانیاندایە بۆ باشتركردنی دۆخەكە، بە مزووانە شاندێكی باڵا سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا و هەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا دەكەن، هەمان وەفد دواتر بەنیازن سەردانی توركیاش بكەن.

سیروان محەمەد لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە پلانمان هەیە و وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامداین بۆ ئەو مەبەستە، شاندێكی باڵامان لە هەرسێ‌ پارێزگاكە و كەركووك بەمزووانە لەسەر بانگهێشتی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەكەین، لەوێ‌ چەندین پرۆتۆكۆلی ئابوری و بازرگانی لەنێوان هەردوولا ئیمزا دەكرێت و لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكە و بەڕێوەبەری گومرگ و بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەكانیشدا كۆدەبینەوە، ئەوەش بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا، لەگەڵ توركیاش لە پەیوەندیداین تاوەكو هەمان شاند دواتر سەردانی ئەو وڵاتەش بكات و چەندین پرۆتۆكۆلی بازرگانی و ئابووری هاوبەشیش لەگەڵ توركیا ئیمزا بكەین".

ئێوارەی رۆژی ٢٩ی ئەیلوولی رابردوو بەبڕیاری حكوومەتی عێراقی و لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی راگیرا و تەنها رێگا بە گەشتە ناوخۆییەكان دەدرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın