ئابووری

دیداری بازرگانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بەڕێوەچوو

- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە وەکالەت، نوری عوسمان: "هەرێمی کوردستان دەروازیەکە بۆ هەموو عێراق و لە ئیستادا شتومەک و کەلوپەلی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق دەڕوات".

Hemin Hüseyin  | 17.05.2017 - نوێکردنەوە : 17.05.2017
دیداری بازرگانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر-AA

لە ژووری بارزگانی هەولێر دیدارێک لە نێوان ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی فەڕەنسی و بازرگانانی هەرێم بەڕێوەچوو

ژمارەیەک کۆمپانیای فەڕەنسی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگای نێودەڵەتی هەولێر، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەم چوارچێوەیەشدا دیدارێکیان لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی هەرێم ئەنجام دا کە تیایدا کۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر، دۆمینیک ماس و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە وەکالەت، نوری عوسمان و نوێنەری ژمارەیەک لە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.

لە دەستپێکی دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە وەکالەت، نوری عوسمان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە کۆنەوە فەڕەنسا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩١ رۆڵی هەبووە لە دانانی ناوچەی دژەفڕین و بەم دواییەش لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش".

نوری عوسمان گوتیشی: "وڵاتی ئێمە پێویستی بە پەیوەندی نیودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتی سیاسیی و ئابووری، رەنگە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ پڕۆسەیەکی گەورەتر، چ لە رووی بازرگانی یان پیشەسازی بێت و ئەمە دەرفەتێکە و داوا لە کۆمپانیاکانی فەڕەنسا و خودی کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر دەکەم کە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی وا بکەن کۆمپانیاکان زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئێمەش ئەزموونییان لێ وەردەگرین، چونکە بازاڕی کوردستان تەنها هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو دەروازیەکە بۆ هەموو عێراق و لە ئیستاشدا هەموو شتومەک و کەلوپەلی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق دەڕوات و بە دڵنیاییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان دەکات".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پێشنیازی ئەوە دیدارەیان کردووە بۆ ئەوەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا تاوتوێی پەیوەندییەکانییان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاڵۆگۆڕی بازرگانی.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پێشانازمان کرد کە دیدارێک ئەنجام بدرێت لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بۆ ئەوەی تاوتوێی پەیوەندییەکانییان بکەن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانییاندا هەبێت".

دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "دیدار و یەکترناسینی ئەوانە بۆخۆی پڕۆژەیەکە چونکە لەو یەکترناسینەدا تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی بارزگانی دەکرێت و ئەمەش کاریگەری باشی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دروست دەکات".





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن