ئابووری, ژيان

"هەرێمى کوردستان لە مێژووى خۆیدا بەرزترین رێژەى گەشتیارى تۆمار کرد"

- سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم، مەولەوى جەبار: "یەکەمینجارە لە مێژووى هەرێمى کوردستان لە ٤ رۆژدا زیاتر لە ١٤٠ هەزار گەشتیار روو لە هەرێمى کوردستان بکات، ئەمەیش متمانەیەکى گەورە بۆ کەرتى گەشتوگوزار دەگەڕێنێتەوە".

Azat Muhammet  | 28.06.2017 - نوێکردنەوە : 30.06.2017
"هەرێمى کوردستان لە مێژووى خۆیدا بەرزترین رێژەى گەشتیارى تۆمار کرد"

Dahuk

دهۆک-AA

سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار رایگەیاند "هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە بوارى کەرتى گەشتوگوزار لە ئاستێکى زۆر باشدایە، تەنها لە رۆژانى جەژنى رەمەزاندا زیاتر لە ٤ هەزار گەشتیارى تورکیا روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە".

سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "یەکەمینجارە لە مێژووى هەرێمى کوردستان لە ٤ رۆژدا زیاتر لە ١٤٠ هەزار گەشتیار روو لە هەرێمى کوردستان بکات، بە پێى تۆمارەکانى دەستەى گشتى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى پێوانەیی تۆمار کردووە لە مێژووى خۆیدا. پێشبینى ئەوەیش دەکەین لە رۆژانى ئایندەدا رێژەى گەشتیاران زۆر بەرزتر بێتەوە".

گوتیشى: "بەرزبوونەوەى رێژەى گەشتیاران لە هەرێمى کوردستان متمانەیەکى گەورە بۆ کەرتى گەشتوگوزارى هەرێم دەگەڕێنێتەوە. ئایندەیەکى گەشیشمان لە پێشە بۆ ئەوەى کەرتى گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ زیاترکردنى داهاتى هەرێمى کوردستان".

- "ئەمساڵ گەشتیاران لە مووسڵیشەوە روویان لە هەرێم کرد"

سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان باس لە گەشتیارانى شارى مووسڵ دەکات و دەڵێت "جیاواز لە ساڵانى رابردوو کە مووسڵ لەژێر کۆنتڕۆڵى داعشدا بوو بە هیچ شێوەیەک هیچ جموجۆلێکى گەشتیارى تێدا نەمابوو، بەڵام دواى رزگارکردنى بەشێکى زۆرى شارى مووسڵ لە چنگ تیرۆریستانى داعش، ئەمساڵ دوو گرووپى گەورەى گەشتیارى لە بەرەى چەپى مووسڵ روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانى پارێزگاى دهۆک کردووە، بۆ ئەوەى کاتێکى خۆش و دوور لە جەنگ بەسەر بەرن و فشارەکانى سەر دەروونیان کەم بکەنەوە".

دەشڵێت "دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و لەناوبردنى هەڕەشەکانى داعش لەسەر عێراق بە گشتى، کەرتى گەشتوگوزار زیاتر دەبوژێتەوە، چونکە دەرگاى زیاتر بەڕووى گەشتیارانى خوارووى عێراق دەکرێتەوە، تەنانەت گەشتیارانى بیانى بەبێ بوونى هیچ مەترسییەک روو لە سەیرانگاکانى هەرێمى کوردستان دەکەن".

- "هەولێر زۆرترین ژمارەى گەشتیارى لە ئامێز گرتووە"

سەبارەت بە دابەشبوونى گەشتیاران بەسەر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار ئاشکراى دەکات کە پارێزگاى هەولێر لە پلەى یەکەمدایە کە زیاتر لە ٦٠ هەزار گەشتیارى لەخۆ گرتووە و پلەى دووەم پارێزگاى سلێمانى دێت کە زیاتر لە ٥١ هەزار گەشتیار دەبێت و زیاتر لە ٢٩ هەزار گەشتیاریش بەسەر پارێزگاى دهۆک و سنوورى گەرمیان دابەشبوون".

دەشڵێت "کەرتى گەشتوگوزار لە پارێزگاى دهۆک بە بەراورد بە ساڵى رابردوو دوو هێندە بوژاوەتەوە، رێژەى رووتێکردنى گەشتیاران تا ئاستێکى دڵخۆشکەر زیادى کردووە، ئەمانەیش هەموو بە هەوڵ و ماندوو بوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هاتووەتە ئاراوە".

- "هەماهەنگییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى باشدایە"

سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار باسى لە هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە بوارى کەرتى گەشتوگوزار لە ئاستێکى زۆر باشدایە، پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستان و تورکیادا هەیە، بۆ نموونە لە پێشانگا گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان، تورکیا جیاواز لە هەر وڵاتێک زۆرترین بەشدارى هەبووە".

گوتیشى: "هاتووچۆى گەشتیاران لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا لە ئاستێکى باشدایە، تەنها لە رۆژانى جەژنى رەمەزاندا زیاتر لە ٤ هەزار گەشتیار لە تورکیا روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە، تا ئێستا ئەو بەراوردەشمان بەردەست نییە کە رێژەى گەشتیارى تورکیا یان عێراق زیاتر بوون یان کەمتر".

مەولەوى جەبار لە کۆتاییدا پلانەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ پەرەپێدانى کەرتى گەشتوگوزار باس کرد و گوتى: "پلانەکانى ئێمە بۆ پەرەپێدانى کەرتى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئاشکران، بە پێى ستراتیجیەتێکى تۆکمە کار لەسەر پەرەپێدانى ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین، خۆشبەختانە لە چەند ناوچەیەک دەستمان بە کارەکانمان کردووە و لە بەرنامەشماندایە لە چەند ناوچەیەکى دیکە دەست پێبکەین، تاوەکو بوژاندنەوەیەکى تەواو لە کەرتى گەشتوگوزار بەدەست بهێنین و سەرەڕاى ئەمەیش هەوڵدەدین کواڵیتى مۆڵ و شوێنە گەشتیارییەکان بەرزتر بکەینەوە، بە پێویستیشى دەزانم بانگەشەى زیاتر بۆ شوێنە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت و بۆ هەموو گەشتیارانى بیانى و ناوخۆیی روون بکرێتەوە کە هەڕەشەکانى داعش لەسەر هەرێمى کوردستان نەماون و لەسەر عێراقیش بەرەو کۆتایی چووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın