ئابووری

هەولێر.. دووەم پێشانگای روانگە فوڕەس کرایەوە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکانی دەزگای روانگە، عەبدولسەلام مەدەنی: "زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا بەشدارە و هەلی کار بۆ هەزار کەس دابین دەکرێت و کۆمپانیاکانیش لە کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی پێک دێت و ئەم پێشانگایەش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت".

Hemin Hüseyin  | 26.07.2017 - نوێکردنەوە : 28.07.2017
هەولێر.. دووەم پێشانگای روانگە فوڕەس کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بە بەشداری سەدان کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی، دووەم پێشانگای روانگە فوڕەس کرایەوە کە ئامانج لێی دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان.

لە دەستپێکی کردنەوەی پێشانگاکەدا، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، محەمەد هاودیانی تیشکی خستە سەر رێژەی بێکاری و گوتی: "بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیدا هەیە، ٦٧ ھەزار گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن کە لەوانە ٢٦ ھەزاریان لە رەگەزی نێر و ٤١ ھەزاریشی لە رەگەزی مێینەن، ئەم رێژەیە زۆرە بۆیە دەبێت لە هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت بەهێز بکرێت و بواری ئەوە بڕەخسێت کە گەنجەکان هەلی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە و دەبێت سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران بەهێز بکەین کە لە کاتی ئێستا نزیکەی ٧٠ هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانییان هەیە و لەو ژمارەیەش ١٤ ھەزار کرێکار کاریان لەدەستداوە".

محەمەد هاودیانی گوتیشی: "لەم روانگەوە دەزگای روانگە کارێکی جۆری کردووە لە بەهێزکردن و یارمەتیدانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوی رۆلی خۆی ببینێت، وەک دیارە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی کە خەڵک متمانەی پێی هەبوو، هاوکات ببووە جێگای ئەوەی لە قۆناغی داهاتوویان بۆ بژێوی ژیان پەنای ببۆ ببەن دامەزراندن بووە لە کەرتی گەشتی، بە پێی ئەو ئامارەی کە ئێمە لەگەڵ بانکی نیودەوڵەتی کردوومانە دەرکەوتووە کە لەم بوارەدا، کوردستان پێنج پلە و نیو لە ستانداردی نێودەوڵەتی تێپەڕی کردووە و دەبێت ئەم هاوکێشەیە رێکبخرێتەوە".

هەر لە رێوڕەسمەکەدا، پاریزگاری هەولێر، نەوزاد هادی گوتی: "ئەم پێشانگایەی کە زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا تیایدا بەشدارە بۆ پێدانی زیاتر لە هەزار هەلی کار، ئەمەش یەکێک لە پێداویستییەکانە بۆ نەهشێتنی بێکاری بۆ ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، ئەمەش بەشدارییەکی گرنگ و هەستکردنە بە بەرپرسیاریەتیی بەرامبەر بە خەڵک بۆ دروستکردنی هەلی کار".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکانی دەزگای روانگە، عەبدولسەلام مەدەنی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو ئەرکێکی سەر شانمان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیمان هەستاین بە کردنەوەی ئەم پێشانگایە بۆ ئەوەی ئەوانەی بەدوای هەلی کاردا دەگەڕین بتوانن لە رێگای پێدانی سیڤی خۆیان، هەلی کاریان دەست بکەوێت".

عەبدولسەلام مەدەنی گوتیشی: "زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا بەشدارە و هەلی کار بۆ هەزار کەس دابین دەکرێت و کۆمپانیاکانیش لە کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی پێک دێت و ئەم پێشانگایەش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت".

دەزگای روانگە دەزگایەکی ناحکومییە بریتیە لە پەرەپێدان و توانای گەنجان، هەروەها ناساندنی نوێترین تەکنەلۆجیا بە تایبەتی سیستەمی فێربوونی سەرھێڵ (ئۆنڵاین) بۆ پرۆسەی پەروەردە، تاوەکو ئاستی پەروەردە بۆ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەرزبکاتەوە.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın