سياسەت, جيهان, ئابووری

وەزیری گواستنەوە: "هیچ شاندێک لە بەغداوە نەهاتووەتە هەرێم"

مەولود باوەمراد: "تا ئێستا هیچ شاندێک لە بەغداوە نەهاتووە، بەڵام ئەوان جاران تیمیان دەنارد بۆ راهێنان و ئێستاش بەردەوامن و لەم چەند رۆژەش تیمێکیان بۆ هەمان مەبەست ناردووەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی".

Hemin Hüseyin  | 10.12.2017 - نوێکردنەوە : 11.12.2017
وەزیری گواستنەوە: "هیچ شاندێک لە بەغداوە نەهاتووەتە هەرێم"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەولود باوەمراد رەتی دەکاتەوە کە هیچ ستافێکی سەربازی و ئیداری لە بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هاتبێتن، ئاماژە بەوەش دەکات کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی تیمی راهێنان لە بەغداوە سەردانی فڕۆکەخانەکان دەکەن و لەم چوارچێوەیەشدا پێش چەند رۆژێک تیمێک سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کردووە، هاوکات رایدەگەیەنێت کە بە نووسراوێک وەزارەتی گواستنەوەی عێراقییان لە زەرەر و زیانەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە.

مەولود باوەمراد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا لەچوارچێوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، وەک کۆمپانیاکانی گواستنەوە،پاککردنەوە، خزمەتگوزاری وسووتەمەنی و ژمارەیەکی زۆر لەو کۆمپانیایانە زیانییان بەرکەوتووە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەو کۆماپانیایانە کار دەکەن و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن کە ئەوانە هەموویان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و تەواوی ئەو زەرەر و زیانانەشمان دەستنیشانکردووە".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەولود باوەمراد لەبارەی داهاتی فڕۆکەخانەکان و زەرەر و زیانەکانەوە، گوتی: "فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، سێ کرێ وەردەگرێت، یەکەمیان کرێی سەر بلیت و دووەمیان کرێی نیشتنەوەیە و سێیەمیان کرێی مانەوەی فڕۆکەیە لەناو فڕۆکەخانەدا، بۆیە ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی کردووە و ژمارەی ئەو کۆمانیایانەی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی کار دەکەن، نووسیوومانە و روونکردنەوەمان داوە، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەن کە چەند زەرە و زیان بەر هاووڵاتییان کەوتووە".

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکرایەوە، گوایا شاندێک لە بەغداوە سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی-یان کردووە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "نەخێر تا ئێستا هیچ شاندێک لە بەغداوە نەهاتووە، بەڵام ئەوان جاران تیمیان دەنارد بۆ راهێنان و ئێستاش بەردەوامن و لەم چەند رۆژەش تیمێکیان بۆ هەمان مەبەست ناردووەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەندێکیشیان بۆ گەشتکردن هاتوون و ئەوەش بابەتێکی ئاساییە".

رۆژی ٢٦ی ئەیلوولی رابردوو، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق مۆڵەتی ٧٢ کاتژمێری دا کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی فڕۆکەخانەکان رادەستی بەغدا نەکات، ئەوا سەرجەم گەشتەکان بۆ هەرێمی کوردستان رادەگیرێن و دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەش، کاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی ٢٩ی ئەیلوول، بڕیاری راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان جێبەجێکران. بڕیارەکە تایبەت بوو بە گەشتەکانی دەرەوە و تا ئێستاش گەشتە ناوخۆییەکان بەردەوامن و رۆژانە هێڵی ئاسمانیی عێراقی چەند گەشتێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەسرە ئەنجام دەدات.






بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın