ئابووری

ھەڵەبجە.. سیستەمی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ رەتدەکرێتەوە

- دوای دیاریکردنی پشکی دانەوێڵەی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی لە لایەن بەغداوە، پشکی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە و لەو چوارچێوەیەدا پشکی پارێزگای ھەڵەبجە کە لەسەر پارێزگای سلێمانی دیاریکراوە.

Salim Xemexan  | 05.06.2017 - نوێکردنەوە : 07.06.2017
ھەڵەبجە.. سیستەمی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ رەتدەکرێتەوە

As Sulaymaniyah
ھەڵەبجە - AA

لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، ھەریەکە لە جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی شارەکە وردەکاریی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵ و پشکی ھەڵەبجە و ھۆکاری رەتکردنەوەی سیستەمی وەرگرتنەوەکەیان روونکردەوە.

سەرەتا جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، کاوە شێخ عەلی گوتی: "ماوەی چەند رۆژێکە سەرقاڵی بابەتی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیارانین لە لایەن بەغداوە، لە راستیدا ئەو پشکەی لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە، غەدرێکی گەورەیە لە ھەرێم و رێژەی گەنمی وەرگیراوی ھەرێمی کوردستان دابەزێنراوە بۆ ٤٤٢ ھەزار تۆن و بە بێ دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا، نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان، لە ھەرێمیش وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابەشکاریەکی کردووە بەسەر پارێزگاکاندا و ھەڵەبجەش وەک قەزایەکی جارانی سلێمانی حسابی بۆ کراوە و رێژەیەکی کەم بۆ پارێزگای سلێمانی بە پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین پێکەوە وەک پارێزگای سلێمانی دانراوە کە ٢٦ لەسەدی ئەو رێژە گەنمەیە لە ھەرێم وەردەگیرێتەوە و دەکاتە ١١٦ ھەزار تۆن".

گوتیشی: "دوای دیاریکردنی رێژەی ھەر پارێزگایەک، لە سلێمانیش دابەشکاریەکیتر کراوە کە لێرەدا زەرەرمەندی یەکەم و ئەوەی ستەمی گەورەی لێکراوە جووتیارانی پارێزگای ھەڵەبجەن، بەراورد بەشوێنەکانیتر و تەنھا ھەشت ھەزار تۆن وەک پشکی ھەڵەبجە دانراوە لە کاتێکدا شوێنەکانیتر زیاتر لە ٥٠ لەسەدای ساڵانی رابردوویان بۆ دانراوە، بەڵام بە پێی ئەو دابەشکاریە ھەڵەبجە تەنھا ٢٥ لەسەدای رێژەی بەرھەمی ساڵی رابردووی وەردەگیرێت".

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە گوتیشی: "ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەر لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانەوە، تا وەزیری کشتوکاڵ کە ئەم جۆرە دابەشکاریە جێگای قبووڵ نییە و ناڕازین و رەتی دەکەینەوە، چونکە دابەشکردنەکەی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دابەشکردنی پشکەکانی سێ پارێزگاکەی ھەرێم نەکراوە کە ھەڵەبجە لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا دانراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای دۆنمی زەوی دابەشکراوە بۆ جۆرێک ١٠٩ کیلۆ گەنمیان داناوە وەربگیرێتەوە لە ھەر دۆنمێک زەوی، ئیتر ئەو زەویە لەھەر کوێ بێت بەس زەوی کشتوکاڵی بێت، ئیتر لە دەشتی شارەزوورە یان ھەر زەویەکی تر بێت ھەموویان بە یەک پێوەر دانراوە کە ھەر دۆنمێک ١٠٩ کیلۆی بۆ دانراوە".

شێخ عەلی گوتیشی: "ئەگەر پشکی ھەڵەبجە ھاوشێوەی پارێزگاکانیتر، لەسەر بنەمای بەرھەمی ساڵی رابردوو دابنرایە ئێمە ١٦ ھەزار تۆنمان بەردەکەوت، بۆیە لە پاڵ داواکاریی زیادکردنی بڕی پارێزگای سلێمانی، داوای پێداچوونەوەی دابەشکردنی رێژەکەی ھەڵەبجەش دەکەین لەسەر بنەمای رێژەی بەرھەمی ساڵی پار، ئەگەر بە پێی رێژەی ساڵی پێشتر ناکرێت، چونکە ئێمە لە ٢٠١٤دا زیاتر لەبڕی ساڵی پارمان ھەبووە، بەو پێیە بێت ئەمساڵ نزیکەی ٢٠ ھەزار تۆنمان بەردەکەوێت".

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بەوەکالەت، ستار مەحمود لەھەمان کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "دابەشکردنی پشکی پارێزگاکانی ھەرێم لەسەر بنەمایەک دانراوە کە گوایە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ و ٢٠١١ و ٢٠١٣ کراوەتە بنەما و نیوەی بەرھەمی ئەو ساڵانە زائیدەن ٥ لەسەدی تریان بۆ داناوە وەک پشکی ھەر پارێزگایەک کە ئێمە سەیری داتاکانمان کرد غەدرێکی زۆر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کراوە و لە سلێمانیش غەدری گەورەتر لە ھەڵەبجە کراوە، بە جۆرێک ھەموو کوردستان نیوە زیاتر و بگرە ھەندێ شوێنی کوردستان ٦٠ -٧٠ لەسەدی ھێندەی رێژەی گەنمی ساڵی رابردووی لێوەردەگیرێتەوە، تاکە شوێنێک کە کەمترین رێژەی لێوەردەگیرێتەوە ھەڵەبجەیە کە ٢٥ لەسەدی لێوەردەگیرێتەوە".

گوتیشی: "ئێمە لەساڵی رابردوو ٣٠ ھەزار تۆن گەنممان ھەبووە، ئەمساڵ ھەشت ھەزار تۆنیان بۆ داناوین، کە بە پێی بەرکەوتە بۆ ھەر دۆنمێک زەوی چێنراو بە گەنم لەو ٧٠ ھەزار دۆنمەی ھەڵەبجە، ئێمە دەتوانین تەنھا ١٠٩ کیلۆ گەنمی لێوەرگرینەوە، کە غەدرێکی زۆر گەورەیە و رەتی دەکەینەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین کە بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافەی جووتیارانی شارەکەمان".

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بەوەکالەت گوتیشی: "وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیازێکی کردووە بڕێک لەو پارەیەی بۆ ھاوکاریی کشتوکاڵی تەرخان کراوە بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران تەرخان بکرێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەش ھەر بەشی پێویست ناکات، چونکە ئەگەر بتوانێت دوو ھەزار تۆنیش بکڕێتەوە، ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە گەورە بکاتەوە کە لە جووتیاری سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دەکەوێت، بە داخەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەم بابەتەدا وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ھەڵەبجەدا نەکردووە، لە کاتێکدا وەکو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکرایە ئەو کێشەیەی بۆ دروست نەدەبوو، پێویستی بەوە نەبوو پشکی شوێنەکانی تری بۆتەرخان بکرێت".

سەبارەت بەوادەی دەستپێکردنی وەرگرتنەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیارانیش کە ئێستا وەرزی دروێنە دەستی پێکردووە، سەرپەرشتیاری وەرگرتنەوەی گەنم لە ھەڵەبجە، بورھان شێخ عیزەددین کە ئامادەی کۆنفرانسە ھەواڵیەکە بوو، گوتی: "چاوەڕێی بڕیاری یەکلاکردنەوەی ئەو رێژەیەین بڕیارە لە جووتیارانی ھەڵەبجە وەربگیرێتەوە، چونکە شێوازی وەرگرتنی گەنم بە جۆرێکە ئەو رێژەیەی بڕیاری لەسەر دەدرێت دەچێتە وەزارەتی بازرگانی و دوای رەزامەندیی وەزارەت دەنێردرێتەوە بۆ ئێمە و ئێمەش لەسەر بڕیاری وەزارەت، ئەو کات دەست بەوەرگرتنی گەنم دەکەین، دەبێت لێرە بڕیاری کۆتایی بدرێت، دواتر ئێمە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەین".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın