ئابووری, ژيان

ھەڵەبجە.. پێشبینی زیادبوونی رێژەی گەشتیاران

- لە پشووەکانی جەژنی رەمەزاندا رێژەیەکی بەرچاوی گەشتیاران روویان لە ھاوینە ھەوارەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کردووە و بەرپرسانی گەشتوگوزاری شارەکەش پێشبینی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران دەکەن بەراورد بەساڵی رابردوو.

Salim Xemexan  | 28.06.2017 - نوێکردنەوە : 29.06.2017
ھەڵەبجە..  پێشبینی زیادبوونی رێژەی گەشتیاران

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە - AA

حەسان فەرید گەنجێکی خەڵکی شاری دیالەیە، ئەو لەگەڵ ژمارەیەک لەھاوڕێکانی بەکۆمەڵ و لەڕێی کۆمپانیایەکی گەشتیارییەوە ھاتوونەتە ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا، بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ دوا و گوتی: "یەکەمجارە بێمە ئەحمەد ئاوا، ئێرە ناوچەیەکی ھەتا بڵێی دڵڕفێن و خۆشە، پێشتر تەنھا بەوێنە ئەم جۆرە شوێنانەم بینیووە، تاڤگەی بەرز و ئاوی خوڕ و باخی گوێز و خەڵکێکی میواندۆستی ھەیە".

گوتیشی: "ئێمە تەنھا ناوبانگی شوێنەکەمان بیستبوو بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ ھاوڕێکانمان بێینە ئێرە و کاتێکی خۆش بەسەر بەرین، بەڵام کە ھاتینە ئێرە زیاترمان لەناوبانگەکەی بینی، ئاو و ھەوای سازگار و جوانی و سەرنج راکێشی ئەو دیمەنانە بۆ ئێمە جوانترین یادگارییە، پشت بەخوا جارێکی دیکەش دێینەوە و ھاوڕێ و کەسوکاری دیکەش لەگەڵ خۆمان دەھێنینەوە".

ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم بەشێکن لەو ناوچە گەشتیاریانەی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کە ساڵانە لەبەھار و ھاوین و جەژن و بۆنەکاندا رێژەیەکی زۆری گەشتیاران رووی تێدەکەن، بۆئەمساڵیش چاوەڕێ دەکرێت رێژەیەکی زیاتری گەشتیاران لە ساڵی رابردوو روو لەھاوینەھەوارەکانی پارێزگاکە بکەن.

لێپرسراوی بەشی گەشتیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، سەردار عەلی لەبارەی ھاتنی رێژەی گەشتیاران لە پشووەکانی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ھێشتا زووە بۆ ئەوەی بتوانین رێژە و ژمارەی گەشتیارانی ھاتوو بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەمان دیاری بکەین، بەڵام بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لەماوەی ئەم سێ رۆژەی جەژندا زیاتر لە ١٠ ھەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیاریەکانمان کردووە و چاوەڕێی ھاتنی گەشتیاری زیاتر دەکەین تا کۆتایی پشووی جەژن".

سەردار عەلی گوتیشی: "جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردوو نزیکەی ٢٥ ھەزار گەشتیار روویان لەناوچە گەشتیاریەکانی ئێمە کرد، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی تیرۆر و ئەو کارئاسانییەی بۆھاتنی ھاووڵاتیانی عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆسەیرانگاکانی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و لەناویشیاندا ھەڵەبجە، پێشبینی ھاتنی رێژەیەکی زیاتری گەشتیاران دەکەین بەراورد بەساڵی رابردوو، کە دەتوانین بڵێین تاکۆتایی پشووەکان ھاتنی گەشتیاران بۆ نزیکەی ٣٥ ھەزار گەشتیار بەرز دەبێتەوە".

رزگار سەلیم خۆشناو ھاوڵاتییەکەی شاری ھەولێرە و لەگەڵ خێزان و منداڵەکانییان لەسەرچاوەی زەڵم سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، ئەو بۆئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "یەکەم جارم نیە دێمە ھاوینە ھەواری ئەحمەد ئاوا و ئەم سەرچاوەی ئاوەی زەڵم، پێشتر لەگەڵ ھاوڕێکانم ھاتوومەتە ئێرە، بەڵام یەکەمجارە خێزان و منداڵەکانم ھێناوە، تا کاتێکی خۆش بەسەربەرین و ئەم پشووەی جەژن ببێتە سەیران و گەشت بۆیان، بەڵام بەداخەوە تەنھا جوانییە سرووشتیەکەیەتی کە گەشتیاران بۆلای خۆی رادەکێشێت، ئەگەر نا زۆر بەداخەوە جگە لە جادەیەک کە ئەویش تا ناو دێی زەڵم دێت و لەوە زیاتر ناتوانرێت ئۆتۆمبێل بھێنرێتە سەرەوە، حکوومەت ھیچ خزمەتگوزاریەکی بۆئەم ھاوینە ھەوارە جوانە پێشکەش نەکردووە، کەمترین خزمەتگوزاریی بریتییە لەدابینکردنی سەللـەی خۆڵ و هەندێک پێدوایستی دیکەی ئەم ناوچەیە، کە حکوومەت بیکات، بەداخەوە نییە، ناکرێت رۆژانە بەم وەرزی ھاوینە ھەزاران گەشتیار روو لێرە دەکەن کەچی تەوالێتی لێ نیە، ناکرێت ھاووڵاتیان لەبەر نەبوونی سەللـەی خۆڵ پاشماوەکانییان فڕێ بدەنە ناو ئەو ئاوە جوانەوە".

رزگار کە ھاوکات ئەندازیاری شارستانییە گوتی: "تەنھا ئەم وڵاتەی ئێمەیە ئەوەندە بێ بەرنامەیە لەگرنگیدان بەناوچە گەشتیاریەکانی، ئەگەر نا ماستەرپلانێک بۆئەم ھاوینە ھەوارە و رێکخستنەوەی بۆئەوەی بەرووی گەشتیاراندا بکرێتەوە، دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی داھات، ھەم بۆھەڵکی ناوچەکە و ھەم بۆحکوومەت، راستە قەیرانە و حکوومەت لەتوانایدا نیە ئەو کارە بکات، بەڵام خۆ دەتوانێت لەڕێی کەرتی تایبەتەوە خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، تا گەشتیاران بەئاسوودەیی کاتەکانیان لێرە بەسەر بەرن".

لەسەرەتای بەھاری ئەمساڵدا و لەکاتی ھاتنی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار نەورۆز مەولوود بۆ شاری ھەڵەبجە، بڕیاردرا بۆشێوەیەکی خێرا خزمەتگوزاریەی گشتییەکانی ھاوینە ھەواری ئەحمەد ئاوا دابین بکرێن و بۆئەو مەبەستە بوودجەیەکی تایبەت دابینکرا، بەڵام تائێستا وەک ھاووڵاتیان ئاماژەی پێدەکەن خزمەتگوزارییەکان دابین نەکراون و کێشەی گەورەن بۆ ئەو گەشتیارانەی روو لەناوچەکە دەکەن، لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە گوتی: "راستە ئەو خزمەتگوزارییانە دابیننەکراون، بەڵام بوودجەی پێویست دابین کراوە، کێشەی سەرەکی لەجێبەجێ نەکردنی پرۆژەکانی دانانی سێتی تەوالێتی سەفەری و نەبوونی زەوی تایبەت بەگەشتوگوزار دەگەڕێتەوە لەو ھاوینە ھەوارەدا، خاوەن باخەکان رێگە نادەن لەباخەکانیاندا توالێتی گشتی دابندرێت و ناشکرێت ئێمە بۆ ھەموو باخێک تەوالێت دابنێین، بۆیە لەچاوەڕوانی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەداین تا بتوانین خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەین".

موسلیم خالید کە گەنجێکی خەڵکی گوندی زەڵمە و لەبەردەم تاڤگەی ئاوەکەدا دوکانی فرۆشتنی پێداویستییەکانی گەشتیارانی ھەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روو لەسەرچاوەی زەڵم دەکەن، عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن و بەدوای ئەوانیش کوردی شارەکانی ھەرێمی کوردستان و ئینجا ھاووڵاتیانی ئێرانی و وڵاتانی دیکە، لێرە ئێمە خۆمان سەرقاڵ کردوە".

ئەو گوتی: "ئێرە لەپاڵ ئەوەی قەرەباڵغی و فشارێکی لەسەر خەڵکی گوندەکەمان دروستکردووە، بەڵام بووەتە سەرچاوەی داھات و بژێوی زۆرینەی خەڵک چ بەبوونی فرۆشگا و کرێی ھاتوچۆ، چ بەبەکرێدانی باخەکان بەگەشتیاران، بۆیە ئێمە خۆشحاڵین بەو گەشتیارانە و لەماوەی سێ مانگی ھاویندا کاسبی دەکەین و نۆ مانگەکەی تر لەچاوەڕوانی ھاتنەوەی ھاویندا داھات و پاشەکەوتەکەمان دەخۆین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın