شیکردنەوە

ئایندەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا

- راوێژکارى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب: "لەمەودوا دانوستانەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لە رووی یاسایی و دەستووریى و هونەرى دەبێت، دانیشتنى سیاسى کەمتر بوونى دەبێت لە نێوانمان".

Azad Mohammed Abdullah  | 11.11.2017 - نوێکردنەوە : 12.11.2017
ئایندەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا

Arbil

هەولێر - AA

راوێژکارى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب رایگەیاند: "دروستترین رێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کۆتایی، کۆبوونەوەى شاندى هەرێمى کوردستان و شاندى عێراقە لەسەر مێزى گفتوگۆ. هەرێمى کوردستان لە چاوەڕوانى وەڵامى بەغدایە بۆ دەستنیشانکردنى کاتى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان".

راوێژکارى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لەسەر دەستپێکردنى گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە و دیالۆگ بە باشترین رێگەچارە بۆ چارەسەر کردنى هەموو کێشەکان دەزانێت، ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ عێراق دووپات کردووەتەوە و ئەوانیش رەتی دیالۆگیان نەکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامى ئێمەیان نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنى کۆبوونەوەکان، ئێمە چاوەڕوانى وەڵامى بەغدا دەبین. هەرچەند تا ئێستا کات دیار نییە بۆ دەستپێکردنى دانوستان و کۆبوونەوە لەسەر مێزى گفتوگۆ، بەڵام بەو هیوایەین لە ئایندەیەکى نزیکدا بگەینە رێککەوتن".

گوتیشى: "لە چوارچێوەى پەیڕەوکردنى سیستەمى دەوڵەت کە فیدراڵییە لەمەودوا دانوستانەکانى نێوان هەولێر و بەغدا یاسایی و دەستوورى و هونەرى دەبێت، دانیشتنى سیاسى کەمتربوونى دەبێت لە نێوانمان".

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان هۆکارى دەستپێنەکردنى گفتوگۆ و دانوستانەکانى نێوان هەولێر و بەغداى گەڕاندەوە بۆ دەستى دەرەکى و گوتى: "گرێ کوێرەى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ و دانوستانەکان ئەوەیە کە حکوومەتى عێراق دەستى لەگەڵ دەستى چەند وڵاتێک و لایەنێک تێکەڵ کردووە، هەڕەشە و هەنگاوی زۆریان بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان گرتەبەر، کە بەراستى لە قەبارەى پەرچەکردارى گشتپرسى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی گەورەتر بوون، وایان بە خەڵک و وڵاتان نیشاندا کە مەبەستییان سڕینەوەى هەرێمى کوردستان بێت، گەلى کوردستان خۆڕاگرە لەبەردەم ئەم هەڕەشەیە و هەروەها دەستوورى عێراقیش ئەمە رەتدەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا وڵاتانى دونیا هەنگاوى لەم جۆرە دژ بە هەرێمى کوردستان قبووڵ ناکەن، تەنانەت وڵاتانى دراوسێ کە لە هەندێک بابەت پشتگیرى حکوومەتى عێراقییان کردووە، دژى سڕینەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانن".

دڵشاد شەهاب هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بە بەربەستێکى دیکە لەبەردەم دەستپێکردنى گفتوگۆى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق دەزانێت و لەوبارەیەوە گوتی "عێراق لە قۆناغى شەڕی هەڵبژاردندایە و جیاوازیی و رکابەرییەکى بەهێز لە نێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراق هەیە، جیاوازى نێوان پێکهاتەى شیعە و سوننە، شیعە و شیعە و لایەنەکان خۆیان بەوە بەستووەتەوە کە چۆن دژایەتى گەلى کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا ئەم بابەتە ئەگەر رێچکەى خۆى وەربگرێتەوە کۆمەڵێک کێشەى تر سەرهەڵدەدەنەوە، کە ئیمە تەمەنناى سەرهەڵدانەوەى کێشەکان ناکەین".

لەبارەى هەموارکردنەوەى دەستوورى عێراق، راوێژکارى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتى: "هەرچەند لە دەستوورى عێراقدا مافەکانى هەرێمى کوردستان بەجۆرێک جێگیر کراون ئەگەر دەستووری عێراقیش هەموار بکرێتەوە، دەبێت مافەکانى هەرێمى کوردستان کەم نەکرێتەوە و وەک خۆیان دابین بکرێت، بەڵام بەداخەوە دۆخێکى ترە، پێموایە لایەنە سیاسییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەیانەوێت ئەم بابەتە بگۆڕن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە کاتە".

راوێژکارى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب باس لە رۆڵى تورکیا دەکات لە پێشهاتەکانی ئەم دوایەی عێراق دەکات و لەوبارەیەوە گوتی: "تورکیا لە زۆر قۆناغى گرنگ و هەستیاردا هاوکارى هەرێمى کوردستان بووە، رۆڵى باشى گێڕاوە لە هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان. ئێستاش نەک تەنها هیوادارین گفتوگۆ و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێم ئاسایی بێتەوە، بەڵکو دەمانەوێت لە هەموو قۆناغەکانى رابردوو باشتر بێت و پێشکەوتنى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، تورکیا دراوسێىەکى گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان. جیاواز لە دۆستایەتى سەرکردەکان، لە ئێستادا گەلى تورکیا و گەلى کوردستان دۆستایەتى قوڵ و پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى پتەوییان لە نێوان دروست بووە".

- پرسى رادەستکردنى داهاتەکانى هەرێم بە بەغدا

دڵشاد شەهاب لەبارەى رادەستکردنى داهاتەکانى هەرێمى کوردستان بە عێراق ئاشکراى دەکات کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق سەرجەم داهاتەکانى هەرێمى کوردستان رادەست بکات، کە ئەمەش جگە لە داهاتى نەوت، داهاتى دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانیش دەگرێتەوە، جارانیش داهاتەکانى دەروازە سنوورییەکان لە لایەن حکوومەتى عێراق چاودێرى دەکران، داهاتەکان بۆ عێراق دەگەڕایەوە، بەڵام بە کردەیی نەبوو گوژمەى پارە بۆ بەغدا بنێرینەوە، بەڵکو بەغدا لە بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان داهاتى ساڵانەى دەروازەکانیان دەگێڕایەوە، ئێستاش حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەیی تەواوى تێدایە لە چوارچێوەى دەستوور سەرجەم داهاتەکانى نەوت، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان رادەستى بەغدا بکات و بەغداش مافى هاووڵاتییان و بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان دابین بکات".

سەبارەت بە کەمبوونەوەى هەناردەى نەوت و چۆنیەتى دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب ئاماژەى بەوەدا کە هەرێمى کوردستان لە قۆناغى جێبەجێکردنى دەستوورى عێراقە، مافەکانى هەرێمى کوردستان بەستراو نین بەوەى چەند نەوتى هەیە، لە خوارووى عێراق ناوچە هەیە هیچ نەوتى نییە، لەسەر حکوومەتى عێراقە بوودجە و هەموو مافەکانیان بۆ دابین بکات، بەغدا کە داواى یەکپارچەیی خاکى عێراق دەکات، دەبێت مافەکانى گەلى کوردستان بدات، ناکرێت هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا برسى بکرێت".

- دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم

ئەو راوێژکارە تایبەتەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دەڵێت "بۆ تاوتوێکردنی بابەتی بوودجە، حکوومەت لەبەرنامەیدایە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق کۆببێتەوە، ناحەزانی هەرێمى کوردستان گرەوى لەسەر ئەوەبوو لەگەڵ ئەو رووداوانە لێکترازانێک لەنێو هەرێمی کوردستاندا دروستبێت، بەڵام خەریکە ئەو خەونە بە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هەنگاوەکانی سەرکردایەتیی هەموو حیزبەکان لەنێودەچێت".

دەشڵێت "ئێستا حکوومەتى هەرێمى کوردستان راسپێردراوە بۆ ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان لەم دۆخەدا، لەم چوارچێوەیە سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کردووە و بڕیاریشە سەردانی حزبەکانی دیکەش بکات، یەکێک لەو لایەنانەی بڕیارە حکوومەت سەردانی بکات، بزووتنەوەی گۆڕانە، ئومێد دەکەین لە کۆبوونەوەکانى داهاتوو بڕیار لەسەر گەڕانەوەیان بۆ نێو کایەکانى دەسەڵات بدەن".

دڵشاد شەهاب دووپاتى دەکاتەوە کە هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازى هاوڕان لەسەر یەک دەنگى و یەکڕێزى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو قۆناغەى ئێستا کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت.

ئاماژەى بەوەشدا کە خەڵکێک لە هەوڵى ئەوەدا بوو کە بەغدا مامەڵەی راستەخۆ لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکات، دواجار لێکتێگەیشتنى حکوومەت و دامودەزگاکان و کاریگەرى چەند لایەنێک بە ئەرێنى وایکرد سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى خۆى رەتى راستەخۆ مامەڵەکردنى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان بکات.






بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın