شیکردنەوە

سلێمانی.. تەرمی جەلال تاڵەبانی بەخاك سپێردرا

تەرمی سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ، جەلال تاڵەبانی لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی لە رێوڕەسمێكی جەماوەریدا بەخاك سپێردرا.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 06.10.2017 - نوێکردنەوە : 07.10.2017
سلێمانی.. تەرمی جەلال تاڵەبانی بەخاك سپێردرا

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA
دوای ئەوەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی جەلال تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە راستەوخۆ گەڕێندرایەوە فرۆكەخانەی سلێمانی ، لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی نوێژی مردووی لەسەر كرا و پێش كەمێكیش لە گردی دەباشان كە دەكەوێتە بەرزاییەكی سەرووی شاری سلێمانی و نزیكە لە ماڵەكەی خۆیەوە، بەخاك سپێردرا.

لە رێوڕەسمی پێشوازی كردن و بەخاكسپاردنی تەرمی جەلال تاڵەبانی، دەیان هەزار كەس ئامادەبون، بەجۆرێك كۆسپ و ئاستەنگیان لەبەردەم ئەو ئۆتۆمۆبێلە دروست كردبوو كە تەرمەكەی تاڵەبانی هەڵگرتبوو، ئەوەش وای كرد گەیشتنی تەرمەكەی بۆ گردی دەباشان دوابكەوێت.

بە درێژایی ئەو شەقامانەی لە فرۆكەخانەی سلێمانییەوە دەگەنە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی ( دەكەوێتە ناوەندی شارەكە) ، لەوێشەوە بۆ گردی دەباشان، دەیان هەزار كەس لە ژن و پیاو، گەورە و بچووك، وەستابون و دواین ماڵئاواییان لە سەركردەكەیان كرد.


لە رێوڕەسمی پرۆتۆكۆلی نێو فرۆكەخانەی سلێمانی ، ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی باڵای حكومی و حزبی عێراقی و هەرێمی كوردستان و جیهانی لەوانەش سەركۆماری عێراق، فواد مەعسوم و سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، مەسعود بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوری و وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف و نوێنەری وڵاتان و كۆنسولەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئامادە بون و تاجەگوڵێنەی رێزلێنانیان لەسەر تەرمی جەلال تاڵەبانی دانا.

بەشێكی زۆری میدیای ناوخۆیی هەرێم و عێراق و عەرەبی و جیهانی رووماڵی ریوڕەسمی هاتنەوە و بەخاكسپاردنی تەرمی جەلال تاڵەبانیان كرد ، بەشێك لە میدیا عێراقییەكانیش نیگەرانیان نیشاندا لەوەی لە بری ئاڵای عێراق لەسەر تەرمی جەلال تالەبانی كە ئەوان دەڵێن تائێستاش لە پۆستی سەركۆماری عێراق بووە و دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش نەكردوە ، ئاڵای هەرێمی كوردستانیان لەسەر داناوە.

سبەی شەممە ، یەكەم رۆژی پرسەی جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی و بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی تۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور. هاوینی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی (كەلكان)ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەرێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندنی تەواو كردووە .

* لە ساڵی ١٩٤٦ دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكاران.

* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی (رزگاری) كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەنهێنی دەریدەكرد، كورتە گوتاری لەژێر نازناوی (ئاگر)دا بۆ بڵاو دەكردەوە.


* ساڵی ١٩٤٨ خوێندنی سەرەتایی تەواو كردو لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكاری ناوەندی.


* لە شوباتی ١٩٥١ دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا.


* ساڵی ١٩٥٢ چووەتە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغدا .

* لە كانوونی دووەمی ١٩٥٣ دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد ، لەو كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا، لەهەمان ساڵدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان).

* ساڵی ١٩٥٤ بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا.

* دوای جیابونەوەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان ، لە ١-٦-١٩٧٥ لە شاری دیمەشق لەگەڵ دەستەیەك لە هاوڕێكانی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراند و بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.

* دوای ئازادكردنی عێراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٣ دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد.

* لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥ جەلال تاڵەبانی ٢٢٧ دەنگی لە كۆی ٢٤٨ دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عێراقی بەدەستهێناو بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ وەك یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا.

*لەساڵی ٢٠٠٥ تا ساڵی ٢٠١٤ بۆ دوو خول وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردراوە.

*لە ١٧ی١٢ی٢٠١٢ لە بەغدا توشی جەڵدەی مێشك بوو، پاشان بۆ چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش نزیكەی ١٩ مانگ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە و وەرگرتنی چارەسەر، گەڕایەوە شاری سلێمانی.

*لەو كاتەشەوە تا كۆچی دوایی كرد، چەند جارێك بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كردو لە رۆژی رۆژی سێشەممە سێی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın