شیکردنەوە

سلێمانی.. داھاتی کتێبێک بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە

لە شاری سلێمانی رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبێکی نوێی نوسەرێکی دیاری شارەکە بەڕێوەچوو، داھاتی کتێبەش تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 17.02.2018 - نوێکردنەوە : 18.02.2018
سلێمانی.. داھاتی کتێبێک بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە گەلەری مۆزەخانەی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی و بە بەشداری ژمارەیەک لە نوسەران، چین و توێژە جیاجیاکان، رێورەسمی تایبەت بڵاوکردنەوەی کتێبێکی نوێی نوسەر ، کامەران سوبحان بەناوی ( لەخەیاڵەوە .. بۆ خۆڵ ) بەڕێوەچوو، داھاتی ئەم کتێبەش تەرخان دەکرێت بۆ نەخۆشخانەی ھیوا بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە.

کامەران سوبحان لە بارەی کتێبە نوێیەکەی و پڕۆژەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی:" لە فەرامۆشییەوە بۆ نووسین.! لەخەیاڵەوە .. بۆ خۆڵ ، چرکەیەکی سەیرە...ئەو ساتەی دەتەوێ بنووسیت، کۆمەڵێ کارەکتەر و تارمایی جیاواز ھەریەکەیان بە تۆن و ڕەنگێکی جیاوازەوە دەدوێن. ئەوان ھەریەکەیان لەساڵ و شوێن و جێگەیەکی جیاوازدا ژیاون. ھەریەکەیان خەونێک، ھەریەکەیان بە خەیاڵ و یادەوەرییەکەوە نووسیویانە. ئەوەی لەدوای ئەو خەون خەیاڵە جێماوە، جگە لە کەمێ خۆڵ و خۆڵەمێش ھیچی تر نییە. نووسین بۆ من، تێڕامانە لەو خۆڵ و خۆڵەمێشەی پاش نووسین.!".

سوبحان ھەروەھا گوتی:" ڕێکەوت نەبوو، پلانیش نەبوو. ئازایەتی و بوێریی خۆیان بوون، ھەریەکە لە سەردەمێک و ھەریەکە لە شوێن و ھەریەکەیان خەریکی سوچێکی ژیان و ووشە بوون، بەڵام ھەموویان لەیەک خەیاڵدا کۆبوونەوە، خەیاڵدانێک ساڵانێکی زۆر پاش ئەوان ژیاو لە نووسینی کتێبێکدا کۆبوونەوەو ناوێکیان بۆ خۆیان ھەڵبژارد (لەخەیاڵەوە ... بۆ خۆڵ)".

ئەم نوسەرە زیاتر ئەدەبیانە دواو بەھەمان شێوازیش وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە کە ئاماژەیەکن بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکەی،" ئەوەی لەم کتێبەدا بۆی بگەڕێیت وون بوونێکی سەیرو خەیاڵ ئامێزە، کە ئایا ئەمە ڕاستییە نووسراوەتەوە، یان خەیاڵی سەری نووسەرێکە و ھیچی تر. ئەوەی پرسیاری زۆرێک لەو خوێنەرانە بوو کە کتێبێکەیان خوێندوەتەوە، چ پەیوەندییەک ھەیە لە نێوان ناونیشان و بەشەکانی کتێبەکە و نووسەرە گێڕەرەوەکان و ناسنامەی کتێبەکە؟ د.ئەحمەدی مەلا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوەو دەڵێت" ئەم بابەتانە، ھیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە، تەنھا چێژ و سەلیقەی نووسین نەبێ.".

کامەران سوبحان ئەوەشی گوت:" جیاواز لە بینینی ئەحمەدی مەلا، سێ کوچکەی (نووسین و چێژو خەیاڵ) ئەو سێ رەگەزەن لەم کتێبەدا کارم لەسەر کردوون. ئەو سێ ڕەگەزەن (خەیاڵ و خۆڵ)یان پێکەوە بەستووەتەوە، وا لە خوێنەر دەکەن، ھەندێجار لە بندێڕی ووشەکاندا ھەست بکەن چیرۆک دەخوێننەوە، ھەندێجار ھەست بکەن نووسینێکی کۆن دەخوێننەوە. ساتێکیش ھەست بکەن کتێبێ، بەبێ نووسەر، جیرۆکی دەق و بەرھەمی کەسانی تر دەگێڕێتەوە. ئەوەی بۆ من گرنگە، خوێنەران سەرپشک بکەم، کام لەو خوێنەرانە دەبن، کە لەم کتێبەدا ھەن.!".

نوسەر داھاتی کتێبەکەی دەبەخشێتە نەخۆشخانەی ھیوا کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە، بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو منداڵانەی لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێرچارەسەری پزیشکیدان.

سوبحان لەو بارەیەوە گوتی:" پێشبینی دەکەم ٤ تا ٥ ملیۆن دینار داھات لە رێگەی ئەم کتێبەوە کۆبکەمەوە، ئەوەش ڕاستە ڕەنگە کەم بێ بۆ چارەسەرکردنی توشبووان ، بەڵام بۆ ئەم کاتە و ئەم قەیرانە داراییە، رەنگە باش بێت و ھاندەربێت بۆ خەڵکی تر پڕۆژەی خێرخوازی و مرۆیی لەو شێوەیە جێبەجێ بکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın