شیکردنەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوا پەیامی خۆی راگەیاند

مەسعود بارزانی: "لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، بڕیارمانداوە ھەموو ناوچەکان بە یەکەوە ریفراندۆمی لێ دەکرێت و رێنماییمان داوە و ئاگاداری بە ھەموو ھێزەکان دراوە کە بەھیچ شێوەیەک وەڵامی ئیستفزاز نەدەنەوە و کەس ئیستفزاز نەکەن".

Hemin Hüseyin  | 24.09.2017 - نوێکردنەوە : 29.09.2017
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوا پەیامی خۆی راگەیاند

Arbil

هەولێر-AA

سەرۆکی ھەرێی کوردستان، مەسعود بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە قۆناغە جیاجیاکانی سیاسیی کرد لە عێراق و رایگەیاند کە بەیانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەدەچیت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە قۆناغە جیاجیاکانی عێراق کرد و گوتی: "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەتوانین پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دوو قۆناغدا دابەشبکەین، قۆناغێک لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا رووخانی رژێمی بەعس و قۆناغی دووەمیش لە دوای رووخانی رژێم تاوەکو ئێستا".

بارزانی گوتیشی: "ئێمە لە شەراکەت لەگەڵ بەغدا شکستمان هێنا و دەستوور پێشێل کرا، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا و دوای ئەوەی وادەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆتاییھات، ئەوان گوتیان ئەو ماددەیە مرد، بوودجە و مووچەی پێشمەرگەیان نەنارد کە بڕیار بوو بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراقی، لە ھەڵبژاردنەکاندا کامەیان زیاتر دژی کوردستان قسەی بکردایە دەنگی زیاتر دەھێنا، ئێمە لەگەڵ کێ بژین بەو جۆرە، ئێمە بە ئاواتی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی فیدراڵی بووین، نەک دەوڵەتێکی مەزھەبی کە ئێستا لە عێراق حاکمە، زۆر ھەوڵماندا چارەسەری کێشەکان بکرێت، بەڕاستی بەغدا ئێمەی قەبوڵ نەکرد و ناچاری کردین ئەم ھەنگاوە بنێین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەنگاوەکانی دوای ریفراندۆم کرد و گوتی: "بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو دەمەوێت بۆ ئێوە و رای گشتی روون بکەمەوە، ریفراندۆم ھەنگاوی یەکەمە کە گەلی کوردستان گوزارشت لە رای خۆی دەکات، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و دوای ئەو دەست پێدەکات، دەمانەوێت گفتوگۆیەکی کراوە دوای ئەوە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەین، ئەو وادەی پێویست بێت ئامادەین ساڵێک یان دوو ساڵ و ئەگەر گفتوگۆکە رێکوپێک بێت، بەڵام دەبێت گفتوگۆکە بۆ ئەوە بێت کە چۆن دەبینە دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەکتر".

سەبارەت بەو ئاوارانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "ئاوارەکان ماڵی خۆیانە و وەکو چاوی خۆمان دەیانپارێزین، تا ناوچەکانیان رزگار دەکرێنەوە و ئەمن و ئەمانیان بۆ دەگەڕێتەوە، کوردستان ماڵی خۆیانە، با دڵنیابن کە برای ئێمەن و خاوەن ماڵن، لەوانەیە لە نێوان ئێمە و بەغدا ناکۆکی ھەبێت، بەڵام ھەرگیز رێگا نادەین ببێتە ململانێی نێوان دوو میللەت، ئێمە و میللەتی عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن ھەر برا دەبین و ئەو فەرھەنگە دەپارێزین و ناکۆکی سیاسیی قەت نابێتە ناکۆکیی نەتەوەیی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگەدا و گوتی: "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ھاوکاریی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر، ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بوو، دەمانەوێت بیپارێزین، ئێمە ئامادەین ئەگەر ئەوان ئامادەبن، لەم چوارچێوەیەشدا سەرکەوتنی مووسڵ بەرھەمی ئەو ھەماھەنگییە بوو".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایشی لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەیانی بە هێمنی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن و دووربن لە هەموو رەفتارێکی ناشرین و گوتی: "داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە سبەی زۆر بە ئارامی و لەسەرخۆ بڕۆن بەرەو سندووقەکانی دەنگدان، خۆیان بە دوور بگرن لە ھەر رەفتارێک کە سەلامەتیی پرۆسەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە، دەبێت پرۆسەیەکی زۆر پاک بێت بە ھەموو پێوەرەکان، هەروەها سوپاسی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و سوپاس بۆ جەماوەری کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو دەزگاکانی ئەمنی کە ئەم ماوەیە زۆر ماندووبوون و بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون و ئومێدەوارم لە ئایندەش ھەر بە سەرکەوتوویی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن".

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ رۆژنامەنووسان کرایەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان ئامادەی بوون و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا دوای ریفراندۆم پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی تورکیا و پرسی نەوت چی بەسەر دێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە دڵنیاییەوە پێشبینی ئەوە دەکەین کە کاردانەوە هەبێت، بەڵام گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ھەرچەندە سەرکێشی ھەبێت و ھەرچییەکی لێ بکەوێتەوە، باشترە لەوەی چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیمان بکات، دەکرێت ھەندێک ھەڵوێستی توند یان ھەندێک گوتاری توند ببیستین، بەڵام متمانەمان بەخۆمانە و پێمانوایە بڕیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامەکان دەوەستێت".

بارزانی گوتیشی: "تورکیا کە پێیوایە ریفراندۆم هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتەکەی، ئێمە لەگەڵیاندا ھاوڕا نین و بۆ ھیچ وڵاتێک ھەڕەشە نیین و لە ٢٥ ساڵی رابردوودا سەلماندوومانە کە ھۆکاری سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەین و لەوەش بەردەوام دەبین، بابەتی بەردەوامبوونی فرۆشتنی نەوتیش با چاوەڕێ بکەین کە ئایا بەردەوام دەبێت یان نا، ئێمە حەز ناکەین تورکیا ھیچ سزایەک بەسەر ھەرێمدا بسەپێنێت، با بزانین ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا چ بڕیاری داوە، ھەر گوێمان لێ بووە، ئەگەر سزای ئابووری بسەپێت، ھەردوولا زیانمان بەر دەکەوێت، ئێمە بە تەنیا نایکەین".

لەبارەی ئەو ناوچانەی کە پڕۆسەی ریفراندۆمی لێ ئەنجام دەدرێت بەتایبەت شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ بڕیارمان دا لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، ھەموو ناوچەکان بە یەکەوە ریفراندۆمی لێ دەکرێت و داوا لە ھەموو دۆستان و ھەموو لایەک دەکەم، شەری شکاندنی ئیرادەمان لەگەڵدا نەکەن، ھەرچی دەکەن بیکەن، چونکە لەوەدا ئێمە ناشکێین، رێنماییمان داوە و ئاگاداری بە ھەموو ھێزەکان دراوە کە بەھیچ شێوەیەک وەڵامی ئیستفزاز نەدەنەوە و کەس ئیستفزاز نەکەن، ئاسایشی کەرکووک بپارێزن، ئەوەی بیەوێت دەنگ دەدا و ئەوەیشی نەیەوێت بایکۆت دەکات، وەک ھەندێک تورکمان و عەرەب، بەڵام تورکمان و عەرەبیش ھەیە دەنگ دەدات، بەڵام ئەگەر کەس و لایەنێک بیەوێ ئاژاوە دروست بکات، وەڵامی خۆی وەردەگرێت".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن