شیکردنەوە

شاندێکی باڵای رەوتی سەدر سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کرد

کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەلاحەددین بابەکر: "لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی باڵای رەوتی سەدر، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد گەلی کورد مافی خۆیەتی کە ریفراندۆم ئەنجام بدات ".

Hemin Hüseyin  | 23.04.2017 - نوێکردنەوە : 24.04.2017
شاندێکی باڵای رەوتی سەدر سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کرد

Arbil

هەولێر- AA

شاندێکی باڵای رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی سەید ئەحمەد سەدر و ئەندامییەتی شێخ سەباح ساعدی و سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، سەید زیا ئەسەدی سەردانی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانییان کرد و لەلایەن ئەمنیداری گشتیی یەکگرتوو، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

شاندەکە بە نوێنەرایەتی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، بە دوو پڕۆژە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە پڕۆژەیەکییان بریتییە لە گۆڕانکاری لە دەستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردن و ئەوەی دیکەیان بریتییە لە داڕشتنەوەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مووسڵی دوای داعش.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەک لە جێگری سەرۆکی شاندەکەی رەوتی سەدر، شێخ سەباح ساعدی و کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەلاحەددین بابەکر تیشکییان خستە سەر ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەلاحەددین بابەکر گوتی: "شاندەکەی رەوتی سەدر بە دوو پڕۆژە سەردانی ئێمەیان کرد کە یەکێکییان بریتیی بوو لە مووسڵی دوای داعش و پڕۆژەکەی دیکەش بریتیی بوو لە سیستەمی چاکسازی لە هەڵبژاردندا و هەردوو پڕۆژەکەمان تاوتوێکرد و بۆچوونەکانمان لەیەکتر نزیک بوون و ئێمەش لەلای خۆمانەوە لەگەڵ سەرکردایەتی یەکگرتوو تاوتوێی پڕۆژەکە دەکەین".

سەلاحەددین بابەکر گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەکرد گەلی کورد مافی خۆیەتی کە ریفراندۆم ئەنجام بدات و گوتیشی کە بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بە دەستوور رێکخراوە و مافی خۆمانە کە گشپرسی ئەنجام بدەین".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکی شاندەکە، سەباح ساعدی گوتی: "ئێمە بە نوێنەرایەتی سەماحەتی موقتەدا سەدر سەردانی هەرێمی کوردستانمان کردووە و ئەمڕۆش سەردانی یەکگرتووی ئیسلامییمان کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتی و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو کۆبووینەوە. هەردوو پڕۆژەی رەوتەکەمان لەگەڵیان تاوتوی کرد کە بریتییە لە چاکسازی لە دەستەی هەڵبژاردن و مووسڵی دوای داعش. بۆچوونەکان زۆر لەیەکترەوە نزیک بوون و بێگومان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەمان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و بۆچوونەکان وەردەگرین".

جێی ئاماژەیە رۆژی شەممە 22ـی 4ـی 2017 شاندێکی باڵای رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی، سەید ئەحمەد سەدر گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن