سياسەت, شیکردنەوە

پارتی و گۆڕان گەشبینن بە ئەنجامی گفتوگۆکان

Hemin Hüseyin  | 27.12.2016 - نوێکردنەوە : 29.12.2016
پارتی و گۆڕان گەشبینن بە ئەنجامی گفتوگۆکان

Arbil

هەولێر-AA

پەرلەمانتار مەحمود حاجی عومەر: "ئێمە گەشبینین ئەگەر شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی کردارەکی پەیامەکەی بارزانی جێبەجێ بکەن ئەوا بە دڵنیاییەوە کارێکی باشە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە". 

پەرلەمانتار شوان شێخ ئەحمەد: "جێگای خۆشحاڵییە کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی زۆر بە ئیجابییەوە پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو بەستەڵەکانە توانەوە کە پێشتر لە نێوانییاندا هەبوون". 

پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی و لەسەر راسپاردەی مەکتەبی سیاسی، گەڕێکی نوێی دانوستانی لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان تەواوکرد بە مەبەستی دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی کە ھەرێمی کوردستان تێیکەوتووە و لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە فازڵ میرانی، سەردانی بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانییان لە شاری ھەولێر کردووە و بۆ هەمان مەبەستیش لە شاری سلێمانیش لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوە.

پێچەوانەی هاتنی وەرزی سەرما، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان گەرم و گوڕتر بوون و وەک خۆیان دەڵێن ئێستا بەستەڵەکی نێوانییان تواوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو ئومێدێک بدات بە هاووڵاتییان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت ئەگەر ناوەرۆکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت ئەوا مایەی دڵخۆشییە بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەش بەوە دەکات کە هیچ شتێک لەلای بزووتنەوەی گۆڕان هێڵی سوور نییە و هەموو بابەتێک شایانی گفتوگۆیە.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، مەحمود حاجی عومەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای پەیامەکەی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕێکی دانوستانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان تەواوکرد، ئێستا قۆناغی دووەمی کۆبوونەوەکان دەست پێدەکاتەوە، ئێمە گەشبینین ئەگەر شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی کردارەکی پەیامەکەی بارزانی جێبەجێ بکەن ئەوا بە دڵنیاییەوە کارێکی باشە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بۆیە ئێمە ئاواتەخوازین لە گەڕی دووەمی سەردانەکەیاندا قسە لەسەر پراکتیزەکردنی کێشە و گرفتەکان بکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە هۆکاری سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکانی پێشووتر دەگەڕێتەوە بۆ لاساری لایەنە سیاسییەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "کۆبوونەوەکانی پێشووتر بۆیە سەرکەوتوو نەبووە چونکە هەر لایەنێک لای خۆیەوە عینادی کردووە و پێداگری لەسەر بۆچوونێکی خۆی کردووە بەڵام ئێستا پەیامەکە جۆرێک لە نەرم و نیانی تێدایە بۆ ئەوەی دەستکاری لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بکرێت، لەم حاڵەتەشدا پەرلەمانی کوردستان تاکە سەرچاوەیە بۆ بڕیاردان و دەبێت لە پەرلەمانەوە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و دواتریش سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە".

مەحمود حاجی عومەر گوتیشی: "هەرچەندە لە دەرەوەی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنی سیاسیی دەکەن بەڵام دواجار پێویستە لەناو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بە رێگای یاسایی دەنگ لەسەر پڕۆژەکان بدرێت و ببێت بە بڕیار".

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شوان شێخ ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی زۆر بە ئیجابییەوە پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لەسەر ئەو بنەمایەش لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان ئەو بەستەڵەکانە توانەوە کە پێشتر لە نێوانییاندا هەبوون".

شوان شێخ ئەحمەد گوتیشی: "پێویستمان بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی هەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو کێشە و گرفتانە ببینەوە کە رووبەڕوومان دەبنەوە و ئەو عینادییە سیاسییەی کە هەیە پشتگوێی بخەین و پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە نابێت ھەموو کێشەکان لە گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا ببیننەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەندینجار داوای کردووە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کاندید بکرێت، بۆیە نابێت ھەموو کێشەکان لەوە ببینەوە لە ھەمانکاتدا پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی ئەوەیان ھەبێت کە رێککەوتنی سیاسیی بکەن و ھەر رێککەوتنێکیش بکرێت ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان پابەند دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان ناوەرۆکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و پێویستیشە لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم رێککەوتنی سیاسیی ئەنجامبدەن و لەوبارەیەوە گوتی: "پێمان وایە گەڕی دووەمی دانیشتنەکان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە لەناو پەیامەکەدا هاتووە و هەموو لایەک لەسەر خاڵێکی هاوبەش رێکبکەون و بڕیارە لە ماوەی داهاتووشدا گەڕی دووەمی دانیشتنەکان دەست پێبکات بۆ ئەوەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەبێت".

بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٦ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای کرد ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەونە گفتوگۆ و رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی لە ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و

لە رۆژی ٢٨/١١/٢٠١٦ یەکەم کۆبوونەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی دەستپێکرد، دوا کۆبوونەوەکانیشی لە سلێمانی لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın