شیکردنەوە

پاشەكشەی داعش لە مووسڵ.. جووڵەیەكی ناچارییە یان تاكتیكێكی جەنگیی؟

لە ١٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، كاتێك سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵی رایگەیاند و دوای زیاتر لە چوار مانگ، داعش لە بەردەم پێشڕەوی ھێزەكانی عێراق خۆیان رانەگرت و تێکشکان.

Zana Natık Kerem  | 21.02.2017 - نوێکردنەوە : 22.02.2017
پاشەكشەی داعش لە مووسڵ.. جووڵەیەكی ناچارییە یان تاكتیكێكی جەنگیی؟ MUSUL

Ninawa

نەینەوا ــ AA

لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا، رێكخراوی داعش هێرشێكی بەفراوانی كردە سەر ژمارەیەكی زۆری ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق كە بەهۆیەوە رێكخراوەكە دەستی بەسەر ژمارەیەكی زۆری چەكی جۆارجۆری سوپای عێراقدا گرت و رووبەرێكی بەفراوانی لەو ناوچانە كۆنتڕۆڵكرد.

لە ١٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، كاتێك سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵی رایگەیاند و دوای زیاتر لە چوار مانگ، چەكدارانی داعش لە بەردەم هێرش و پێشڕەویی ھێزەكانی عێراق خۆیان رانەگرت و تێکشکان.

ئەو پاشەكشەیەی داعش لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ وەك شارەزایانی عێراق باسی لێوە دەكەن بۆ چەند هۆكارێك دەیگەرێننەوە و ژمارەیەكیان پێشبینی دەكەن كە ئەو پاشەكشەیە جووڵەیەكی ناچاری بێت بەهۆی ئەو زیانە زۆرە كە داعش بەری كەوتەوە و ژمارەیەكیان ھۆكارەكە بۆ ئەوە دەیگەڕێننەوە كە داعش دواكەوتنی یەكلایی كردنەوەی شەڕەكانی دیاری كردووە و پەنای بردووەتە بەر تاكتێكی دیكەی جەنگی لەوەی دەوێت لە رۆژئاوای مووسڵ شەڕەكانی یەكلایی بكاتەوە.

ــ گورزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی

سەبارەت بەتواناکانی ئێستای داعش، شارەزا لە بواری سەربازی و سیاسی عێراق، عاید حوسێن ساعاتی رایگەیاند كە داعشی ئێستا لە رووی هێزی چەكداری و شەڕەوە داعشی ساڵی ٢٠١٤ نییە و رێكخراوەكە بەرلە دوو ساڵ بەهۆی پارە و تواناكەی خاوەنی هێزێكی گەورە بوو كاتێك بەشێكی بەرفراوانی لە لە ناوچەكانی عێراق و ناوچەكە كۆنتڕۆڵ كرد.

عاید حوسێن ساعاتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا داعش بەشێوەیەكی هەڕەمەكی شەڕ دەكات و چونكە پلانەكانی مەیدانی وەك پێشوو نییە و ئێستا هەموو چەكدارەكانی تەنها لەپێناو خۆیان شەڕ دەكەن یان ئەوەتا دەكوژرێن یان دەستگیر دەكرێن و یانیش هەڵدێن".

شارەزاكە گوتیشی: "لاوازبوونی توانا و هێزی داعش لە شەو و رۆژێكدا نەهاتووەنە دی بەڵكو بەهۆی هێرشی ئاسمانی و بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هاتووەتە دی كەبەشێوەیەكی بەرچاو ژێرخانی داعش وێران بووە و سەرجەم هێڵەكانی گەیاندنی پشتیوانی داعشیش بچڕاوە".

عاید حوسێن ساعاتی ئاماژەی بەوەشدا كە نەبوونی رێككەوتن و تەوافی سیاسی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی لەبارەی قۆناغی دوای داعش لە عێراق، دەبێتە هۆی دواكەوتنی یەكلایی كردنەوەی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ".

ــ چەكدارەكان ژمارەیان كەمە

دانیشتوی گەڕەكی قودسی بەشی چەپی مووسڵ، ئەبو هبە رووداوی شەڕ و پێكدادانەكانی هێزەكانی عێراق دژبە چەکدارانی داعشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گێرایەوە و گوتی: "ژمارەی چەكدارەكانی داعش كە لە گەڕەكەی ئێمەدا بوون لە ١٧ چەكداری تێنەدەپەڕین و كە هەموویان هەرزەكاریش بوون و زۆر ترسابوون و نەیاندەزانی چی بكەن".

ئەبو هبە گوتیشی: "هەر لە دوو كاتژمێر جارێك، چەكدارەكانی داعش خۆیان دەگۆڕی و بەجل و بەرگی دیكەوە خۆیان دەردەخست بۆ ئەوەی بە دانیشتوانی گەڕەكی قودس نیشانی بدەن كە ژمارەیان زۆرە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی بترسێنن و نەتوانن راپەڕین دژیان بەرپا بکەن".

ئەبو هبە ئەوەشی گوتی: "بەدوو كاتژمێر هێزەكانی عێراق گەڕەكی قودسییان بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای عێراقییان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی بەرزكردەوە و چەكدارەكانی داعشیش هەڵاتن".

ناوبراو جەختیكردەوە كە سەرجەم ئەو چەكدارانەی داعش كە سوورن لەسەر شەڕكردن تەمەنیان بچووكە و هەرزەكارن و نازانن چارەنووسیان تەنها مردنە و هیچ رێگەكی دیكەیان لە بەردەمدا نییە چونكە ئەوان كەتوونەتە داوی داعشەوە.

ــ ئامادەكاریی بۆ شەڕەكانی داهاتوو

چالاكوانی مەدەنی ئیبراهیم هاشمی وای بۆ دەچێت كە سوپرایزی شەڕەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ، ئەوە بوو داعش لە میانی رووبەڕووبوونەوەكانی بەرامبەر بەهێزەكانی عێراقی پشتی بەستبوو بە چەكدارى ناوخۆیی و هەرچی چەكدارە بیانییەكانیش بوو كە خاوەنی شارەزایی و لێهاتووی شەڕەكانن بۆ شەڕەكانی رۆژئاوای شارەكە ئامادەی کردوون.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئیبراهیم هاشمی گوتی: "داعش هەوڵدەدات یەكلایی كردنەوەی شەڕەكانی بۆ كاتێكی نادیار دوابخات بۆیە چەكدارە دیارەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەكانی داهاتوو داناوە بەتایبەتیش لە شەڕەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ و قەزای تەلەعفەر".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، داعش پلانی هێرشی دیكەی دادەنا و بۆ ئەوەی ئەوە دەربخات كە خاوەنی هێزە".

چالاكوانەكە گوتیشی: "سەرجەم ئەو چەكدارانەی داعش كە لە گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ بوون، تەنها توانای پەكخستنی پێشڕەویی و هێرشی هێزەكانی عێراقییان هەبوو، نەك هێرشكردن".

سەبارەت بەوادەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ بەتەواوی ئیبراهیم هاشمی گوتی: "شەڕی مووسڵ زۆر ئاڵۆزە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی وادەی یەكلایی كردنەوەی شەڕەكە بكرێت".

لە ١٩ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ٦٠ هەزار کەس لە هێزەكانی عێراق بەشدارن و پشتیوانی ئاسمانیش لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دابین كراوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın