شیکردنەوە

کۆڕى مەلا بەختیار لە دهۆک

ئەمڕۆ لە هۆلى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک بە ئامادەبوونى پارێزگارى دهۆک و بەشێکى زۆر لە پیاو ماقولانى سنوورەکە، کۆرێک بۆ بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، مەلا بەختیار رێکخرا.

Azat Muhammet  | 14.05.2017 - نوێکردنەوە : 15.05.2017
کۆڕى مەلا بەختیار لە دهۆک

Dahuk

دهۆک - AA

لەسەرەتاى بەڕێوەچوونى کۆڕەکە بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، مەلا بەختیار خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى لە شارى دهۆک کۆڕێکیان بۆ رێکخستووە تاوەکو لەسەر گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە بە گشتى روونکردنەوە بدات.

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، مەلا بەختیار لە کۆڕەکەدا ئاماژەى بەوەدا "داگیرکار لە هەرێم کوردستان نەماوە داگیرکار بەو مانایەى کولتوورى داگیرکەر، هەواڵگرى داگیرکەر بێت لە کوردستان حوکممان لەسەر بکات یاسا و بڕیارەکانى خۆى بەسەرماندا بسەپێنێت، ئەمە نەماوە لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمە نەماوە لە کوردستان چى جێگەى ناکۆکى سەرەکى گرتووەتەوە، کە جاران ناکۆکى بوو لە نێوان گەلێکى ژێر دەستەى کورد و حکومەتێکى داگیرکارى فاشیست، شۆڕەشمان بۆ کرد بۆ ئەوەى خاک رزگار بکەین و خەڵک رزگار بکەین".

مەلا بەختیار گوتیشى: "گەلى کورد لە شۆڕەشەکەى دژ بە حکوومەتە داگیرکارەکە خاکى خۆى رزگار کرد بە فیدڕالى خەڵکیشى رزگار کرد، بەڵام هەرێمى کوردستان تا ئێستا گەرەنتى هەرێمى، سیاسى، یاسایی لەسەر ئاستى جیهان نییە، کەواتە حکوومەتەکانى ناوچەکە سەرەڕاى ئەوەى لە هەرێمى کوردستان فیدڕالیشمان بەدیهێناوە، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەى ئەو بەرژەوەندییە سیاسیانەى کە هەیانە، هەر حکومەتێک بەپێى هەڵکەوتەى جوگرافى، بەپێى بەرژەوەندى و هەڵکەوتەى ئەمنى خۆى هەوڵدەدات، وادەکەن کورد لەو روانگەیەدا نەتوانێت ئامانجە ستراتیژییە دوورەکانى خۆى بەدیبهێنێت، کە ئەویش ریفراندۆم و دواى ریفراندۆمیش بابەتى سەربەخۆییە، بەبێ ناوى هیچ دەوڵەتێک بێنین، بەڵـام ئەمە ناکۆکى نێوان وڵـاتانە لەگەڵ هەرێمى کوردستان".

مەلا بەختیار باس لە وڵاتە زلهێزەکان دەکات و دەڵێت "ئەمریکا و بەریتانیا وەک کورد بیرناکەنەوە، وڵاتانى هەرێمیى ناوچەکە بە دەوڵەتى عێراقیشەوە کە فیدرالیزم دیموکراسى لە دەستوورى عێراقەوە چەسپێندراوە، لە کاتێکدا دەستوور دیموکراسى فیدرالى تێدایە مافى چارەنووسى تێدایە هەموو ئەمانەى تێدایە، دەکەوێتە سەر ئەوەى چەند بە دەستوور پابەند دەبن".

- "دەستوورى عێراق ناتوانێت بەرگەى ناکۆکییەکانى عێراق بگرێت"

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان هەندێک بۆ مێژووى عێراق و پێکهاتەکانى گەڕایەوە پێکهاتەى کورد، شیعە و سوننەى لە عێراق بە سێکوچکەى سیاسى ناوبرد و گوتى: "لە ساڵى ٢٠٠٥ بۆ ساڵى ٢٠٠٦ دەستوورى عێراقمان داڕشت، هەر لایەکمان بەشەکەى خۆمان خستووەتە دەستوورەوە، کورد بەو هێزە فیدرالەى کە هەیبوو بەشەکەى خۆمان خستە دەستوورەوە، شیعەیش هێزى هەبوو زۆرینەى دانیشتووانى عێراق بوون و جەماوەرێکى بەربڵاو لە دەوریان کۆبوونەوە، ئەوانیش بەشەکەی خۆیان خستە دەستوورەوە، بە هەمان شێوە سوننەیش کە هێز و پاڵپشتى هەبوو بەشەکەى خۆى خستە دەستوورەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو دەستوورە تاسەر ناتوانێت بەرگەى ئەو هەموو ناکۆکیانەى عێراق بگرێت".

گوتیشى: "ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزینەوە، سەرئەنجام ناکۆکى هێزە سیاسییەکان و هێزە نەتەوەییەکانى عێراق دوور نییە جارێکى دیکە بتەقێتەوە، جا چ لە نێوان شیعە و سوننە یان لە نێوان شیعە و شیعە چ لە نێوان شیعە و کورد یان سوننە و کورد، چونکە هەر یەکێک لەم هێزانە خواستى تایبەتى خۆى هەیە، کورد ریفراندۆم و دەوڵەتى سەربەخۆى دەوێت، سوننە دەیەوێت جارێکى دیکە دەسەڵـات بگرێتە دەست، شیعەیش دەیەویت تا هەتایە دەسەڵـاتى بەدەستەوەبێت و ئەوەتە هێزى حەشدى شەعبیشى بۆ دروست دەکات".

مەلا بەختیار گوتیشی: "لە دووربینێکەوە ئایندەى ئەو هەموو ناکۆکیانە بهێنە پێش چاو، بێگومان ناکۆکییەکان قوڵتر دەبنەوە، ئەگەر چارەسەرى یاساییان بۆ نەدۆزرێتەوە، دەتەقێتەوە، کە تەقییەوە کێشەى سەربازیى و شەڕى ناوخۆ و ناکۆکى گەورەترى لێ چاوەڕوان دەکرێت، شەڕ درێژەپێدانى سیاسەتە بە توندوتیژى، کێشمە کێشمە سیاسییەکان، کێشەى سەربازى بەرهەم دەهێنێت".

- "سەربەخۆیی مافى خۆمانە"

لە بەشێکى دیکەى کۆڕەکە بەرپرىسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، مەلا بەختیار گوتی "ئێمە نامانەوێت بەسرە داگیر بکەین، بەڵکو ئێمە داواى مافى خۆمان دەکەین، سوپامان ناردووە بۆ بەغدا؟ سوپامان ناردووە بۆ بەسرە؟ لە مێژووى کوردستاندا دوو سەرکۆمارى عێراقمان هەبوو ئەوانیش مام جەلال و جەنابى سەرۆکۆمارى ئێستا، ئێستا ئەوان ناتوانن بیانپارێزن، بەڵکو هێزەکانى پێشمەرگە لە بەغدا دەیپارێزن، هەر جارێک وەزیرێکى کورد رەوانەى بەغدا بکەین دەبێت پاسەوانى کوردى لەگەڵدا بنێرین".

دەشڵێت "ئەوەندەى لێکدانەوەى بۆ دەکەین دەبێت کار لەسەر سەربەخۆیی بکەین و مافى خۆمانە، نابێت وەک رێککەوتنى جەزائیر، چاوەڕێى رێککەوتنێکى دیکە بکەین و بڵێین خۆزگە وامان کردبایە، سیاسەت بە خۆزگە نییە، بە خۆزگە مافى گەل دابین نابێت، بەڵکو بە عەقڵ و ستراتیج مافى گەل دابین دەبێت، ئێمە نامانەوێت ئەزموونە تاڵەکانى رابردوو دووبارە بکەینەوە، نامانەوێت ئەوان قاڵب دروست بکەن و کورد بخەنە نێو قاڵبەکەوە، بەڵکو دەبێت بەشدارى هەر بڕیارێک بین کە لە ناوچەکە دەدرێت".

مەلا بەختیار جەخت دەکاتەوە ئەگەر کورد ئەمجارە رۆڵمان نەبێت لە دروستکردنى رووداو و گۆڕانکارى لە ناوچەکە، رووداو و گۆڕانکارى بەسەرماندا دەسەپێندرێت، ئەمەش واتە سەد ساڵ گەڕاینەوە دواوە، بۆیە رووداو دروست دەکەین و لە نێو رووداوەکان دەبین و کارەکتەرى نێو رووداوەکان دەبین بە قەدەر توانا و پێگەى خۆمان لە هاوسەنگە سیاسییەکان لە پێناو بەژەوەندى نەتەوەیی خۆمان کاریگەرییمان دەبێت بۆ گۆڕانکارییەکانى".

- "چەکى دەستى کورد یاسا و دیالۆگە"

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان یاسا و دیالۆگ بە چەکى دەستى کورد دەزانێت بۆ وەدیهێنانى مافەکانى و دەڵێت "چەکى دەستى کورد لە ئێستادا دیالۆگ و یاسایە، دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتى ناوەندى و یاساش لە دەستوورى عێراق، لە ماڵى خۆمان دانیشتووین، هەر پلانێک بکەوێتە سەر کوردستان دەستمان لە گیرفانمان نییە و، چەکەکانیشمان لە کۆگا نییە، چەک لە سنگەرە و دەستیشمان لەسەر چەکەکانمانە، بەڵـام بۆ بەرگریکردن، نەک بۆ هێرش بردن".

مەلا بەختیار ئاماژەی بە رێکخستنى نێو ماڵى کوردى کرد و گوتی: "سەرکەوتنى کورد بەسەر کۆى ئەوانەى باسم کرد دەگەڕێتەوە بۆ رێکخستنى نێو ماڵى کورد، هیچ رێگایەکى دیکە لە بەردەممان نییە چونکە رێکخستن و یەکگرتن مەرجى یەکەمى گۆڕێنى هاوسەنگەکانى ناوچەیەکە".

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، مەلا بەختیار نیازپاکى حزبەکەی بۆ لایەنە سیاسییەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد و گوتى: "بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان پێش هەموویان پارتى دیموکراتى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان و لایەنەکانى ئیسلامییەکان بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان پشت بە یەکێتى نیشتمانى کوردستان ببەستن، هەر رێگەچارەیەکى گونجاو یەکێتى بەشیک دەبێت لە رێککەوتنى نیشتمانى و نەتەوەیی هەبێت، ئێمە بەشێک دەبین لە رێککەوتنەکە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın