شیکردنەوە

ھەڵەبجە.. دووەمین پێشبڕکێی جوانترین باخچە سەوزەکان

لەمەراسیمێکدا بەبۆنەی رۆژی ژینگەی کوردستان، بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومیی شارەکە، ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە ئەنجامی دووەمین پێشبڕکێی ساڵانەی جوانترین باخچە سەوزەکانی ماڵانی شارەکەی ئاشکرا کرد".

1 23  | 16.04.2017 - نوێکردنەوە : 18.04.2017
ھەڵەبجە.. دووەمین پێشبڕکێی جوانترین باخچە سەوزەکان

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە – AA

پێشبڕکێی جوانترین باخچە سەوزەکانی ھەڵەبجە کە پێشبڕکێیەکی ساڵانەی ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجەیە و بەمەبەستی زیاتر ھاندانی ھاووڵاتیانی شارەکە بۆ بەشداریی کردنی لەسەوزترکردنی ژینگەی شارەکە رێک دەخرێت، بۆئەمساڵ بەسپۆنسەری کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رێکخراوە و تیایدا ٧٧ باخچەی جۆراوجۆری رووبەر جیاوازی ماڵان چوونە پێشبڕکێکەوە و فەرمانبەرێکی سەنتەری شتنەوەی گورچیلەی ھەڵەبجە بەناوی ئاسۆ محەمەد بەباخچە تەمەن یەک ساڵەیەکەی و جوانی و سەرنج راکێشی دیزاینەکەی توانی خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێکە بباتەوە.

بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە، ئەرسەلان عابید لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "لە رۆژی ژینگەی کوردستان و بەمەبەستی نرخاندن و پێزانینی ئەو خاوەن باخچەی ماڵانەی کە حەوشەی ماڵەکانیان سەوز کردووە و باخچەیان تێدا دروستکردووە و کردوویانەتە جوانی بۆخۆیان و دەوروبەر و ژینگەی شارەکەمان لەلایەک و بۆ ھاندانی سەوزترکردنی سرووشتی شارەکەمان لەلایەکی تر، ئەمڕۆ مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی پێشبڕکێکە ورێزلێنانی براوەکانمان رێکخست وخەڵاتی ١٦ ماڵی براوەی خاوەن جوانترین باخچەی سەوزی شارمان کرد".

سەبارەت بەوەش بۆچی ١٦ ماڵ ھەڵبژێردران گوتی: "وەک ئاماژەیەک بە١٦/٤ رۆژی ژینگەی کوردستان و ١٦/٣ وەک رۆژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، کە لەنێوان ئەو دوو بەروارەدا پێشبڕکێیەکەمان رێکخستووە، ١٦ کەس وەک خاوەنی جوانترین باخچە سەوزەکانی شارەکە رێزیان لێنرا".

سەبارەت بەژمارەی باخچەکان و رووبەری باخچە سەوزەکان عابید گوتی: "بەشداربوونی پێشبڕکێیەکە بە١٢مەتر دووجا رووبەری باخچە دەچێتە پێشبڕکێیەکەوە لەو رووبەرە بۆ ٤٠٠ و ٦٠٠ مەتر باخچەی جۆراوجۆر تۆمار کراون، کە بەگشتی بۆ ئەمساڵ و بەدەر لەبراوەکانی پێشبڕکێی ساڵی پار کە بەشداریان پێنەکراوە، ٧٧ باخچە چوونەتە کێبڕکێی جوانترین باخچە سەوزەکان و بەگشتی دەتوانین بڵێین نزیکەی چوار ھەزار مەتر دووجا بۆ ئەمساڵ چوونەتە پێشبڕکێکەوە، ئەوەش بەتایبەتی دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو یەکەم ساڵی پێشبڕکێیەکەمان بوو بەوەش بۆمان دەرکەوت کاریگەری ھەبووە لەسەر دروستکردنی رۆحی کێبڕکێ لەپێناو جوانترکردنی شارەکەماندا".

براوەی خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکە، ئاسۆ محەممەد میر ئەحمەد کە ھاوکات فەرمانبەری سەنتەری شتنەوەی گورچیلەی ھەڵەبجەیە لەنیو باخچەی ماڵەکەی خۆی کە رووبەرەکەی نزیکەی ٨٠ مەتر دەبێت و نزیکەی ساڵێکە دروستی کردووە، بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "لەراستیدا دروستکردنی باخچە و سەوزکردنی حەوشەکەمان و دیزاینکردنی بەم شێوەیە بیرۆکەی خۆمە و تیایدا ھیچ شتێکی ئامادەکراوم بەکارنەھێناوە، زۆرتر بەمەوادی سرووشتی، دار و بەردی شاخەکان دروستم کردووە، تا ھەوایەکی پاک و ژینگەیەکی تەندروست لەماڵەکەمدا دروست بکەم، بۆیە بیرم لەوە کردەوە باخچەکەم بەم شێوەیە دروست بکەم و جوانیەکی تر بەشارەکەم ببەخشم".

سەبارەت بەدیزاینکردنی ھەندێک گیاندار لەبەرد و رەنگکردنیشیان گوتی: "لە دروستکردنی پەیکەری ئەو جۆرە گیاندارانە بەبەرد سوودم لەو بەردانە وەرگرتووە کە لەھەموو چەم و دۆڵ و دەشتێکدا بوونیان ھەیە، ھێناومن رەنگم کردوون ھاوشێوەی خاڵخاڵۆکە و کیسەڵ و شتیتر، لەگەڵ ئەم بەردانەی کە دیزاینێکی تایبەتیان ھەیە ھەموو ئەوانەم لەناوچەی زەڵم لەھەورامان ھێناوە، لەپاڵ ئەو دیزاینەدا بەئاویش بەسوود وەرگرتن لەکارەبا تاڤگەیەکی جوانم تیدا دروستکردووە تاھەمیشە کەشێکی سرووشتی ببەخشێتە باخچەکە و دەنگی خوڕەو ھاژەی ئاو لەباخچەکە بوونی ھەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın