شیکردنەوە

ھەڵەبجە.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کار لەسەر سیتەمێکی نوێی مووچە دەکەین کە گونجاو بێت بۆئەم سەردەمەی حکوومەتەکەمان لەپێناو نەھێشتنی سیستەمی پاشەکەوتدا".

Salim Xemexan  | 02.07.2017 - نوێکردنەوە : 04.07.2017
ھەڵەبجە.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە - AA

جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دەربارەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی و حیزبیی شارەکە قسەی کرد و گوتی: "ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و دەستەیەک لەبەڕێوەبەرەکان و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان لەسەر دۆخی ئیدارەی ھەڵەبجە بەگشتی و ھەندێک لەکێشە تایبەتیەکانیش کە ھیچیان نوێ نەبوون بۆ ئێمە، چونکە خۆمان سەرۆکی لیژنەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەین و لەڕێگای خۆمان و لیژنە لاوەکییەکانەوە کە چەندین جار سەردانی ھەڵەبجەیان کردووە، ئاگادارین لە کێشە و داواکاریی و کێشە ئیدارییەکان و ئەمڕۆش بەرچاوروونییەکی زیاتریان پێداین لەسەر ئەولەویەتی ئەم دەڤەرە و خەڵکەکەی کە بریتیە لە خزمەتگوزاری و ئەدای حکوومەت و ئەوەی چۆن بتوانین ئەم پارێزگایەی لەدایک بووە لێرە، کە لەبارودۆخێکی زۆرناخۆشدا لەدایک بوو، چۆن بتوانین کاراتری بکەین چۆن بتوانین خزمەتێکی زیاتر بکەین بەخەڵکی ئەم دەڤەرە".

سەبارەت بە پرسی پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجەش کە یەکێک بوو لەبڕیارەکانی کۆبوونەوەی ١٦ی ئازاری ئەمساڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئەم بابەتە بەشێک بوو لەو تەوەرانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکانماندا باسکرا، راستە ناوی کاندیدانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە ھاتووە بەڵام کەموکورتی ھەیە، دیارە ھەڵەبجە بەپایتەختی ئاشتی ناسراوە و کار لەسەر ئەوە کراوە کە کۆدەنگیەک ھەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر چۆنیەتی پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا. خۆمان دەزانین ئەنجوومەنەکە چۆنە، ئەنجوومەنێکی دامەزرێنراوە و ھەڵبژێردراو نییە، ئەنجوومەنێک نییە بتوانین بەراوردی بکەین بە ئەنجوومەنی پارێزیەکی دیکە، لەبەر ئەوەی ئەو کاتەی یاساکە دەرچوو، ھەڵبژاردن ئەنجام درابوو، ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، ئەو کاتە ئەنجوومەنی داھاتوو ئەنجوومەنێکی ھەڵبژێردراو دەبێت ھاوتای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیکە".

لەوەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی دابینکردنی بوودجەیەکی تایبەت بۆ ھەڵەبجە، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بوودجە بۆھیچ شوێنێک دابین نەکراوە تا بوودجەیەکی تایبەت بۆ ھەڵەبجە دابین بکرێت، ئێستا چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی ھەیە لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بوودجەی وەبەرھێنان بێت یان بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان یاخود داھاتی نەوت، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژانە لەکاتێکدا رەوانەکران ھەڵەبجە سەر بەپارێزگای سلێمانی بوو، بۆیە لەکاتی تەمویل کردنی ئەو پرۆژانە بوودجەکەیان لەسەر سلێمانی بۆ دانرا، ئێمە وا دەکەین ھەڵەبجە بێ بەش نەکرێت و غەدری لێنەکرێت. ئەمڕۆ ئەو بەڵێنەمدا بە پارێزگار و ستافی پارێزگا کە ئێمە ناھێڵین ھەڵەبجە غەدری لێ بکرێت لەکاتی تەمویلکردنی پارە بۆ پرۆژەکان".

دەربارەی داواکاریی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆدەستکاریی کردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، قوباد تاڵەبانی گوتی: "کار لەسەر داڕشتنی سیستەمێکی نوێی مووچە دەکەین، زۆر جار داواکراوە کە دەستکاری سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بکرێت، ئێمە ئەمانەوێت ئیش بۆئەوە بکەین سیستەمی پاشەکەوت نەھێڵین، ھەنگاوەکان بۆخێرا نیین، لەبەر ئەوەی چەند قۆناغێکی دیکە ھەیە پێش ئەوەی کە بتوانین لەسەر بنەمایەکی زانستی سیستەمێکی نوێ دابنێین بیانگرینە بەر، ئەمەش بۆئەوەی بەمیزاجی من یان بەمیزاجی کەسێکی تر یان وەزیرێکی تر نەبێت، دەمانەوێت لەسەر بنەمایەکی زانستی سیستەمێکی مووچە دابڕێژین کە ھەم گونجاو بێت و ھەم جێبەجێ کردنی لەئاستی توانای ئێمەدا بێت و ئەوەش پەیوەستە بەتەواو بوونی پرۆسەی بایۆمەتری کە بەشێکی زۆری پرۆسەکە ئێستا تەواو بووە و لەقۆناغی وردبینیداین و ئیشائەڵڵا بتوانین لەماوەیەکی نزیکدا، لەمانگی نۆی ئەمساڵەوە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری مووچە بەسەر مووچەخۆر و فەرمانبەرانی حکوومەت بەتایبەتی ئەوانەی کەرتی مەدەنی دابەش بکەین، کە تۆ زانیت کێت ھەیە چەند وەردەگرێت و لەکوێیە، ئینجا دەتوانیت بێیت سیستەمی میلاکاتی حکوومەت بگۆڕیت و سیستەمێکی میلاکت ھەبێت کە گونجاو بێت بۆئەم سەردەمە و وا لەحکوومەتەکەمان بکات کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بێگومان پێداچوونەوە و دارشتنی سیستەمێکی نوێی مووچە بەشێکە لەو چاکسازیانەی کە دەستمان بۆی بردووە، ئێستا دیراسەی دەکەین و کاری لەسەر دەکەین، نامانەوێت شتێک بکەین ھەڵە بێت، ئێمە لەناچاریدا بڕیاری پاشەکەوتی مووچەمان دا، بڕیارێکی ناخۆش بوو، کەس پێی خۆش نەبوو بەشدار بێت لەو بڕیارەدا، بۆیە ئێمە نامانەوێت بڕیارێکی بەپەلە بدەین و ھەڵەی تێدا بکەین".

سەبارەت بەگرتنەوەی سەرچاوە ئاویەکانی ھەرێمیش لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتیابەت گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پەیوەندیمان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردووە و نیگەرانی خۆمان پێگەیاندوون و پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبێت بۆئەوەی ئەو جۆرە لێک تێنەگەیشتنە جارێکی دیکە روونەداتەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın