توركيا

ئەردۆغان: "پەرلەمانی تورکیا شوێنی گەڕان بەدوای دادپەروەرییە"

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێپێوانی سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەماڵ کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئەگەر بە دوای دادپەروەری دەگەڕێیت، ئەوە شوێن و مەقامی دادپەروەری پەرلەمانی تورکیایە".

Abdullah Shukur  | 17.06.2017 - نوێکردنەوە : 18.06.2017
ئەردۆغان: "پەرلەمانی تورکیا شوێنی گەڕان بەدوای دادپەروەرییە"

İSTANBUL

ئیستانبوڵ - AA

 سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێپێوانی سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەماڵ کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئەگەر بە دوای دادپەروەری دەگەڕێیت، ئەوه شوێن و مەقامی دادپەروەری پەرلەمانی تورکیایە". 

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێک لە ئەنجوومەنی گشتی ھەناردەکارانی تورکیا دەکات. 

 ئەردۆغان لەبارەی ھەڵوێستی چەند دامەزراوەیەک بەرامبەرە داھاتووی ئابووری تورکیا گوتی: "سەرباری ھەڵوێستی نەرێنیی دامەزراوەکان لەبارەی پێشبینیکردنی ئایندەی ئابووریمان، ئێوە توانیتان بە متمانەتان بە وڵاتەکەتان، ئەو جووڵەیە پێچەوانە بکەنەوە. لەبەرئەوە سوپاستان دەکەم. ئێمە و ئێوە لە ھەمووان باشتر ئاشنای توانای تورکیاین. کاتێک بەراوردی توانای ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەکەین، بەڕاستی لەو شوێنەدا نین کە شایانی ئێمەیە. ئەمڕۆ تورکیا لە ئابووریدا ١٧یەمی جیھانە و لە ھێزی کڕین و فرۆشتندا ١٣یەمە".

 ئەردۆغان لەبارەی گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکەی گوتی: "ھەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئابوورییەکەمان بە خێرایی دێتەوە سەرخۆی. لە ھەموویشی گرنگتر ئەمە لە دۆخێکدا دێتە دی کە تەواوی پێشھاتەکان لە ناوەوە و دەرەوە بە پێداگیری کەشێک دروست دەکرێت بۆ دژایەتی وڵاتەکەمان. لەسەروویانەوە دامەزراوەکانی پلەبەندی قەرز –کە کەمێک پێشتر لەسەر شاشە بینیمان- سەیربکەن ئەوان چییان دەگوت بەڵام تورکیا چۆن گەشەی کرد. روون و ئاشکرایە کە ئەوان چەند ئایدۆلۆژیانە بۆ تورکیایان دەڕوانی و بەردەوامبوون لە ھوڵی بۆسەنانەوە بۆ سەر تورکیا". 

 ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەوان ھەڵوێستیان روون و ئاشکرایە لەبارەی قەیرانی قەتەر.  گوتیشی: "ئێمە وەک تورکیا لەبارەی قەتەرەوە ھەر لە سەرەتاوە ھەڵوێستێکی رەوامان نیشاندا. بەڕوونی دەرمانبڕی کە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ قەتەر بە دروست نازانین و گەمارۆکانی سەری بە رەوا نابینین. بەتایبەتیش باسمان لەوە کرد کە پێویستە براکانمان لە کەنداو لەنێو خۆیاندا لە ھەماھەنگیی بەھێزدابن. لەلایەک خۆم، لەلایەک بەڕێز سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەمان لەوبارەوە بەردەوامبووین لە ھەوڵەکانمان. لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا چاوپێکەوتنمان ئەنجامداوە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە چارەسەری کێشەکەوە ھەبێت. ئومێدەوارین ئەم بابەتە تا جەژن چارەسەربکرێت".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بارگرژی بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی قەتەر گوتی: "بەدڵنیاییەوە داکۆکیکردنمان لەو ناھەقییەی بەرامبەر دۆستە قەتەرییەکانمان دەکرێت شتێکە و پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ دۆستەکانی دیکەمان لە ناوچەکە شتێکی ترە. ئەمانە ھەرگیز جێگرەوە یان دژی یەکتر نین. پەیوەندی فرەلایەن و زۆر بەھێزمان لەگەڵ ھەموو وڵاتانی کەنداو ھەیە لەسەروویانەوە سعوودیە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە وەک لەسەری رێککەوتووین پێداگیرین لەسەر بەرەوپێشبردن و پتەوکردنیان لە ھەموو بوارێکدا. با وەبەرھێنەرانی سعوودی و وڵاتانی دیکەی کەنداو لە وڵاتەکەمان دڵنیابن لەوە".

 ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتی سعوودیە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە و دەتوانن پێش ھاتنی جەژن کێشەکان چارەسەر بکات. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "سعوودیە بەتایبەت شای وڵات لەپێگەی کلیلی چارەسەریی قەیرانی کەنداو دایە .وەک گەورەی کەنداو رۆژی رابردوو وەزیری دەرەوەشمان لەوێ بوو،لەگەڵ ئەواندا چاویان بەیەک کەتووە، سڵاومان نارد. لەو بڕوایەدام و ھیوام وایە کە خادیم حەرەمەین شەریفەین(شای سعوودیە) ئەو دەتوانێت بە خێرایی تا جەژن کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە لەناو جیھانی ئیسلامیدا ئەم جۆرە گرژیانە لە ئێمە نایەت، ئێمە لەتواناماندایە بە دیالۆگ بەسەر ئەم کێشانەدا سەربکەوین". 

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: "ئێرە وڵاتێکە بەبێ دەرچوون لە یاسا تەنانەت لەبەرامبەر ئەوانەشی ھەوڵی کودەتایان داوە،مامەڵە دەکات. ھەر بۆیە دەنگۆی ھەواڵدانی مامەڵەی جیاواز لەگەڵ میوانەکان و وەبەرھێنەرانی وڵات، جگە لە درۆ و پروپاگەندەیەکی رەش ھیچی تر نییە. دەزانن لەو ھەڵمەتانەیاندا دژی تورکیا چەندە نارەوان، ئەم برایانەم لە زۆر نموەنەی پێشووترەوە دەزانن. ھەموو ئەو دەنگۆیانەی لەم بارەیەوە بڵاو دەکرێتەوە بەھەمان شێوە بێ واتایە. تورکیا ماڵی دووەمی ھەموو برایانمانە لە کەنداو". 

 ئەردۆغان گوتیشی: "پێشێلکردنی بنەماکانی دەستوور و ھێنانی خەڵک بۆ سەر شەقام و بانگھێشتکردنیان بۆ سەر ‌شەقام، ھیچ کاتێک لە بەرژەوەندی ئەوان و وڵاتیشدا نییە". 

 ئەردۆغان لەبارەی ھەڵوێستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گوتیشی: "ئەگەر ئێمە رێز لە جیاوازی دەسەڵاتەکان نەگرین و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رێزی نەگرن، ئەو کات ئێمە بەھیچ کوێ ناگەین. ئەگەر شتێک ھەبێت بگوترێت لەم بارەیەوە، ئەمە دەڵێن بەڵام ئەگەر ھەوڵی فشار بدەن، ئەوا بیرتان نەچێت مادەی ١٣٨ تەنیا سیاسییەکان ناگرێتەوە، لە ئەلفەوە تا یای بۆ ھەمووی بەرکارە و ئەگەر سبەینێ ئێوەش بانگھێشتی دادگا کران، سەرتان نەسوڕمێ". 

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێپێوانی سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەماڵ کڵچدارئۆغڵو دەڵێ: "ئەگەر دادگا بکەوێتـە ژێر ئەو جۆرە فشارانە، ئێمە چۆن چاوەڕوانی دادپەروەری بین لە دادگا؟ ببوورن بەڵام فشارکردن لە دادگا و راپەڕینی لەم جۆرە دادپەروەری دەستەبەرناکات. سووڕانەوە بە پانکارتێکەوە کە دادپەروەریی لێ نووسراوە، دادپەروەری ناھێنێت. ئەگەر دادپەروەریت دەوێت، لە تورکیا شوێن و پێگەی دادپەروەری پەرلەمانە و لەپەرلەمانەوە چیت دەوێت دەتوانی بیڵێیت لەپێناو دادپەروەریدا. لەوێ ئەمە دەرببڕە، بەڵام ھێندەی ئەو دادپەروەرییەی دەتەوێت دادپەروەرانە ھەڵسوکەوت بکە. دەبێت لەو دامەزراوەی تۆ سەرۆکایەتیی دەکەیت، تا چەند دادپەروەری ھەبێت؟ سەرەتا تەماشای ئەوە بکە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەبارەی ھەڵوێستی کڵچدارئۆغڵو لە شەوی ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز گوتی: "ئەو کەسەی شەوی ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز ھاتە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لەوێشەوە یەکسەر بە ئۆتۆمبێلێک پەنای بردە بەر ماڵی سەرۆکی شارەوانی باکرکۆی و ئەوشەوە لەو ماڵە میوان بوو ئەمجارە بە گوتنی "من دەچمە سەر تانکەکان و لەبەردەم تانکەکان دەوەستم" دەرکەوت ئەو شەوە چووەتە سەر چی و لە کوێ خۆی پەنادا". 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın