سياسەت, تەندروستی

"داوا لە سەندیکای پزیشکان دەکەین خەمخۆربن بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی"

بارزانی: "ئەو سیستەمەی ئێستای تەندروستی دەمێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت بۆیە داوا لە سەندیکای پزیشکان دەکەین کە خەمخۆربن بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی و پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو سیستەمەدا بکرێت لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە".

Hemin Hüseyin  | 22.12.2016 - نوێکردنەوە : 23.12.2016
"داوا لە سەندیکای پزیشکان دەکەین خەمخۆربن بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی"

Arbil

هەولێر- AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "ئەو سیستەمەی ئێستای تەندروستی دەمێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت بۆیە کای پزیشکان دەکەین کە خەمخۆربن بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندرداوا لە سەندیوستی و پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو سیستەمەدا بکرێت لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە". 

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکەوت حەمەڕەشید و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەندروستی و نوێنەری وڵاتان و رێکخراوەکانی تەندروستی، کۆنفڕانسی نەخۆشییەکانی دڵ و گرنگی چارەسەرییەکانی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی لە کۆنفڕانسەکەدا رایگەیاند کە بەھۆی شەڕی مووسڵ لە ماوەی ٦٥ رۆژی رابردوودا حەوت ھەزار ٥٩٥ کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەولێر کراون.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بە رێژەی ئاوارە نیشتەجێبووەکانی پارێزگای هەولێر کرد و گوتی: "ئێستا لە پارێزگای ھەولێر بەپێی دوایین ئاماری ساڵی ٢٠٠٦، ژمارەی دانیشتووان یەک ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر و کرێکاری بیانی و گەشتیار، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی روو لە نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر دەکەن".

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "تەنیا لە ماوەی ٦٥ رۆژی رابردوودا حەوت ھەزار ٥٩٥ ھاووڵاتی رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کراون و، سەرجەم نەخۆشخانەکان بەشێوەیەکی بەردەوام لە خزمەتی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدان".

دکتۆر سامان بەرزنجی ئاشکراشی کرد کە لە دوو مانگی رابردوودا بۆ دوو نەخۆشخانەی شاری ھەولێر کە پێشوازی لە بریندارانی شەڕی مووسڵ دەکەن، تەنیا بڕی ٧٤٦ ملیۆن و ٨٤٠ ھەزار دینار خەرجکراوە.

ناوبراو نیگەرانی خۆی نیشان دا لەبارەی هاوکارینەکردنی حکوومەتی عێراق و نەبوونی پلانێکی تەندروستی و گوتی: "خەرجی ئەو ھاوکارییانە ھەمووی لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکوومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ ھیچ پلانێکی تەندروستی داڕێژراو نەبووە و تاوەکو ئێستاش ئەرکەکانییان بەپێی پێویست نەبووە لە هاوکاری و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی و ئامێر و ھاندانی فەرمانبەران".

دواتر وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید تیشکی خستە سەر هۆکار و چارەسەرەی نەخۆشییەکانی دڵ و گوتی: "نۆرەی دڵ یان نەخۆشی دڵ بە کوشندەترین نەخۆشی دادەنرێت کە ساڵانە بە شێوەیەکی فراوان رووبەڕووی هاووڵاتییانی جیهان دەبێتەوە و ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە لە رووی تەندروستییەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە سەنتەری دڵ توانیوومانە بە شێوەیەکی بەردەوام چارەسەری ئەو نەخۆشانە بکەین کە روو لە سەنتەری دڵ دەکەن و زۆری چارەسەرەکانیش سەرکەوتووبوون".

لە کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشكەش کرد و تێیدا داوای گۆڕینی سیستەمی تەندروستی لە عێراق کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: "ئەو سیستەمەی ئێستای تەندروستی دەمێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت بۆیە داوا لە سەندیکای پزیشکان دەکەین کە خەمخۆربن بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی و پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو سیستەمەدا بکرێت لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "حکوومەتی هەرێم خۆی کردووەتە بەرپرسیاری ھەموو پێداویستییەکی تەندروستی، بەڵام ناشتوانێت جێبەجێ بکات، سیستەمێکی کۆنی سۆسیالیستی سەردەمی سەدامە و لە ھەموو عێراق ئەم کێشە گەورەیە ھەیە و پێویستە ئەم ھزرە بگۆڕدرێت و پێویستە پشتگیری لە کەرتی تایبەت بکرێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ، سوپاسی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێری کرد لە هەوڵ و ماندووبوونییان بە تایبەت لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و گوتی: "زۆر سوپاسی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر دەکەم کە بە ھەوڵ و تێکۆشانی کارمەندانی کەرتی تەندروستی کە سەرباری رەوشی سەختی دارایی نەیانھێشتووە ئەم کەرتە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی پەکی بکەوێت و بە رۆژ و بە شەو لە ئامادەباشیدان و ئەمەش جێگای دەستخۆشییە".

لە کۆتایی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وڵاتانی کوێتت و ئوردن و ئیماراتی کرد سەبارەت بەو هاوکارییانەی لە ماوەی رابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستانییان کردووە و گوتی: "پێویستە سوپاسی ئەو وڵاتانە بکەم کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی باشیان هەبووە لە هاوکاری و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لەوانەش ئوردن و کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و نموونەیان هەر زۆر بێت".

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکانیش، نەخۆشییەکانی دڵ بە یەکێک لە هۆکارەکانی مردن دادەنرێت لە سەرانسەری جیهان کەوا ساڵانە نزیکەی 17 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ گیان لەدەست دەدەن و زۆربەی نەخۆشی بۆڕییەکانی دڵ بەهۆی رێگە نەگرتن لە هۆکارەکانی تووشبوون روودەدەن وەکو خواردن و پڕۆگرامی ناتەندروستی خۆراک و قەڵەوی و بێهێزی لەش و خواردنەوەی ماددەی کهولییەکان.

پسپۆڕانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن لە پشکنینی پێشوەختە بۆ نەخۆشی فشاری خوێن و شەکرە و چەوری خوێن و هاوکات رێنمایی دەکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە خۆراکی قوتوبەند و ئەو خۆراکانەی کە رێژەی خوێ و شەکرە و چەورییان زۆرە، هەروەها جگەرەکێشانیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە دادەنرێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın