تەندروستی

سلێمانی.. 700 كەس چاوەڕوانی چارەسەركردنی شێرپەنجە بە تیشك دەكەن

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بە تیشك لە شاری سلێمانی دەڵێت بەهۆی گرفت و نەبوونی ئامێری پێویستەوە ژمارەیەكی زۆری نەخۆش لە چاوەڕوانی چارەسەركردندان كە ژمارەیان دەگاتە 700 كەس، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراقیش بەڵێنی بەدواداچونی كێشەكانی سەنتەرەكە دەدەن.

Dilşad Seyfeddin Ahmet  | 11.04.2016 - نوێکردنەوە : 12.04.2016
سلێمانی.. 700 كەس چاوەڕوانی چارەسەركردنی شێرپەنجە بە تیشك دەكەن

سلێمانی

ئەندامانی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانی سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بە تیشك لە شاری سلێمانی سەردانی ئەو سەنتەرەیان كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و پزیشك و كارمەندانی سەنتەرەكە كۆبوونەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە، كارزان مارف لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی سەنتەرەكەیان كرد بە ئامانجی هەوڵدان بۆ دروستكردنی رێگایەك بۆ سەنتەرەكەمان لە رێگەی حكوومەتی فیدراڵەوە، گرفتی گەورەی ئەم سەنتەرە لەكاتی ئێستادا بوونی سەرەیەكی چاوەڕوانی دوورو درێژە بۆ چارەسەركردن و نزیكەی 700 نەخۆش چاوەڕوانی چارەسەركردنن كە ژمارەیەكی زۆریان لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوەیە".

كارزان گوتی: "داواكاریمان لەم پەرلەمانتارانە ئەوەیە هەوڵ بدەن بۆ هاوكاری كردنی سەنتەرەكە لە كڕینی ئامێر یان دابینكردنی هەندێك پێداویستی بۆ سەنتەرەكە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە تا بتوانین لەو رێگەیەوە سەرەی چاوەڕوانی نەخۆش كەم بكەینەوە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری سەنتەرەكە بۆ كەمكردنەوەی ئەو گوشار و نۆرە زۆرەی لەسەر سەنتەرەكە هەیە پێویستیان بە ئامێری تیشكی دەرەكییە كە پێویستی بە بینایەكی تایبەت هەیە و نزیكەی حەوت ملیۆن دۆلاری دەوێت.

ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی هەڵمەتی بەرفراوانی كۆمەك لە دووساڵی رابردوودا كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر سەنتەرەكە تا رادەیەك كەمتر بووە و لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 300 ملیۆن دینار هاوكاری سەنتەرەكە كراوە.

بە گوێرەی ئامارێكی سەنتەرەكە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا نزیكەی پێنج هەزار كەس لە سەنتەرەكەدا چارەسەریان پێشكەش كراوە، لە ئێستاشدا 700 كەسی تر لە نۆرەی چارەسەركردندان.

لەلای خۆیەوە ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق بەختیار شاوەیس گوتی:" ئەم سەنتەرە یەكێكە لە سەنتەرە ناوازەكانی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە رۆژانە خزمەتێكی باش لە رووی مرۆییەوە پێشكەش بە هەموو كەسێك دەكات بەبێ‌ جیاوازی، رۆژانەش ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن 20 لەسەدی لە شارەكانی تری عێراقەوە دێن".

ئەوەشی گوت:" ئەمڕۆ رێكەوتین لەسەر ئەوەی لیژنە دروست بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەنتەرەكە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوخۆدا سەردانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بۆ سەنتەرەكە كۆكراوەتەوە و بڕەكەی چوار ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە و لەبانك بۆیان خەرج ناكرێتەوە، لە بەغداش لەگەڵ لیژنەی تەندروستی پەرلەمان سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین و ئاماری سەردانی نەخۆشە عەرەبەكانیان رادەست دەكەین تا هاوكاری ئەم سەنتەرە بكەن، هەروەها هەوڵ دەدەین بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم كە لقێكیان لە بەغدایە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın