بەغدا.. بەهۆی ئاگركەوتنەوە 11 منداڵ گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستی عێراق: "لە بەشی لەدایكبوونی نەخۆشخانەی یەرمووك رۆژئاوای بەغدا ئاگرێک كەوتەوە و بەهۆیەوە 11 منداڵ گیانیان لەدەستدا".
بەغدا
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەحمەد ئەلردێنی رایگەیاند: "ئاگرێك لە بەشی لەدایكبوونی نەخۆشخانەی یەرمووك رۆژئاوای بەغدا كەوتەوە و لە ئاكامدا 11 منداڵ گیانیان لەدەستدا".
ئەلردێنی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەرەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی شۆرتی كارەبا لە بەشی لەدایكبوونی نەخۆشخانەی یەرمووك كەوتەوە كە بەهۆیەوە 11 منداڵ گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10ی دیكەش برینداربوون".
گوتەبێژەكە دەڵێت، توانراوە 28 ئافرەت و حەوت منداڵ لە مردن رزگار بکرێن.
هاوكات سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەكە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد، ئاگرەكە گەیشتووەتە بەشی لەدایكبوون كە بەهۆیەوە بۆتڵێكی ئۆكسجین تەقییەوە و هەر ئەوەیش بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو 11 منداڵە و 10 منداڵی دیكەش بریندار بوون.