جيهان

ئاسنی پاشماوه‌ی جه‌نگ له‌ مووسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر

پاشماوه‌یه‌كی زۆری ئه‌و ئاسنانه‌ی به‌ هۆی شه‌ڕی مووسڵه‌وه‌ له‌و شاره‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ئێستا بۆ دووباره‌ تواندنه‌وه‌ و به‌كارهێنانه‌وه‌یان ده‌هێنرێته‌ هه‌ولێر، شۆفێرێكی بارهه‌ڵگر ده‌ڵێت رۆژانه‌ نزیك به‌ 100 بارهه‌ڵگر ئاسنه‌كان بۆ هه‌ولێر ده‌به‌ن.

Hemn Baban  | 16.01.2018 - نوێکردنەوە : 17.01.2018
ئاسنی پاشماوه‌ی جه‌نگ له‌ مووسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر

Arbil

ھەولێر - AA

مووسڵ شارێکە پڕ لە پاشماوەکانی جەنگ، جەنگێک نزیک بە نۆ مانگی خایاند بۆ دەرپەڕاندنی چەکدارانی داعش کە نزیک بە سێ ساڵ تیایدا مانەوە.

ساڵح عەبدوڵڵا لە پاڵ ئۆتۆمبیلە بارھەڵگرەکەیدا لەگەڵ سێ لە ھاوڕێیەکانی سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردنی نیوەڕۆ بوون لە ناوچەی خازر سەر بە پارێزگای نەینەوا کە دەکەوێتە نێوانی شاری ھەولێر و مووسڵ و نزیک بە ٥٥ کیلۆمەتر لە شاری ھەولێرەوە دوورە، ساڵح پیاوێکی رەش تاڵەی باڵا مام ناوەندی ھێشتا شەکەتی شەڕ و پەڕاگەندەیی بە رووخسارییەوە تەواو روونە، ساڵح چەند کاتژمێرێکی دەوێت تا لە مووسڵەوە بە بارەکەیەوە دەگاتە ناو ھەولێر و ئەو رێگە یەک کاتژمێرییە بە چەند ھێندەی خۆی پێویستە بۆ دانانی بارەکەی لە ھەولێر.

لە بازگەی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە خاڵی پشکنینی خازر کە نزیکە لە رووباری خازرەوە بەسەدان شۆفێری ھاوشێوەی ساڵح و سەدان بارھەڵگری تەنراو لە ئاسن ھەن چاوەڕوانی کاتی چوونە ناو بازگەکەوەن.

لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ و لێسەندنەوەی لە چەکدارانی داعش و گەڕانەوەی بەشی ھەرە زۆری فەرمانگەکانی حکوومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە بۆ ناو شارەکە بازرگانیی لە نێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێرو ھەرێمی کوردستان بەگشتی لەگەڵ پارێزگای نەینەوا دروست بووەتەوە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵی راگەیاند، پاش نۆ مانگ و بەدیاریکراوی لە تەمووزی ٢٠١٧ لەو شارەوە پاککردنەوەی شارەکەی لە چەکدارانی داعش راگەیاند کە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەو شارەیان گرت و کردیان بە پایتەختی بە ناو خەلافەتەکەیان، بەرگریی زۆری داعش و شەڕی کۆڵان بەکۆڵان و بەکارھێنانی دوایین کارتەکانی شەڕەکەی سەخت و قورس و درێژترکردەوە، ھەر بۆیە ئەو شارە ئێستا لە ستالینگرادەکەی رووسیا دەچێت کە شەش مانگ شەڕ قەرەبرووت ئاسا تێکیشکاند و دایڕووخاند، بوونی پاشماوەیەکی زۆر لە باڵەخانە و خانووی رووخاو لە پاڵ ئاسنێکی بێ شوومار وایکردووە ئەو شارە لە زبڵخانەیەک بچێت بەتایبەت بەری راستی شارەکە.

ساڵح عەبدوڵڵا دشداشەیەکی قاوەیی پۆشیووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت بە ھۆی ئەو ئاسنانەوە ئێستا دەتوانن پارووی نان بۆ خانەوادەکانییان پەیدا بکەن، ئەو کە بە قسەی خۆی ھەفتانە یەک بار ئاسن لە مووسڵەوە بۆ ھەولێر دەبات دەیگوت "سەرچاوەی رزق و رۆزییمان لەسەر بارکردنی ئەم پاشماوانەیە کە لە ھەولێر دایاندەنێین".

ئەو دەشیگوت "شەڕ زۆر شتی لە مووسڵ سەندەوە، بە ھۆی شەڕ و وێرانەییەوە ئێستا پاشماوەیەکی زۆر لە ئاسنەکان لە ھەموو شوێن ھەن، بازرگانەکانیش ئەو ئاسنانە بە ئێمە دەگوزێنەوە بۆ هەولێر لەبەرامبەر بڕە پارەیەک کە خراپ نییە".

ئەو دەشیگوت "ئێستا لە مووسڵ ئەو ئاسنانە ھیچ سوودیان لێ وەرناگیرێت، بۆیە دەیانھێنین بۆ ھەولێر لەوێ کارگەی تواندنەوەی ئاسن ھەیە و دووبارە بەکارییان دەھێننەوە و جارێکی دیکە دەکرێتە کەرەستەی بیناسازی و بۆ مووسڵ دەچێتەوە".

لەسەر رێگەی ھەولێر - مووسڵ، بەدیاریکراوی لە بازگەی پشکنینی ھێزەکانی پێشمەرگە کە لە پردی خازرەوە لە نزیک شارۆچکەی خەبات (٤٥ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە)، بەدەیان بارھەڵگری پڕ لەو ئاسنانەی پاشماوەی جەنگن و بە ھۆی جەنگەوە بوون بە کەرەستەیەک مەگەر دووبارە بەکاربھێنرێتەوە کە بکرێتەوە بە کەرەستەی دیکە لەو بازگەیە سەرەیان بەستووە تا بێنە ناو ھەولێرەوە و لێرە لە کارگەی تواندنەوەی ئاسن و دروستکردنی شیش کەڵکییان لێ وەربگیرێت.

ئەو بارھەڵگرانە کە زۆرینەیان بارھەڵگری گەورەن پڕاوپڕ ھەرچەندییان گرتبێت ئاسنییان تیادایە و ئاسنەکانیش لە پاشماوەکانی خانووە رووخاوەکان، ئۆتۆمبیلەکان، تەنانەت شتی تریش لەو ئاسن و پارچە ئاسنانەی کە ئێستا لە مووسڵدا کەڵکی لێ وەرناگیرێت ھەن، ھەروەھا بە ھۆی نەبوونی کارگەیەک بۆ تواندنەوەی ئاسن لە شارەکە بۆ ھەولێر دەھێنرێن.

لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ماوەیەک رێگەی مووسڵ- ھەولێر داخرا، بەڵام دواتر کرایەوە، ئێستا ھاتوچۆی خەڵک و ئۆتۆمبیلەکان ئاساییە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لە نێوان ئەو دوو پارێزگایەی عێراق بەردەوامە.

شۆفێری بارھەڵگرەکە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەی ئێستا دەکرێت بۆ شاری مووسڵیش باشە سەرباری ئەوەی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەردوو پارێزگای نەینەوا و هەولێر باش دەکات، ئەویش ئەوەیە ئەو ئاسنانە کە لە شارەکە دەردەھێنین شارەکە لە خاشاکی شەڕ پاکدەبێتەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın