جيهان

"تورکیا ھاوبەشی ستراتیژی یەکێتی ئەورووپایە"

نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا فێدریگا مۆگرینی: "تورکیا تەنھا وڵاتێکی پاڵێوراو نییە بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەورووپا، بەڵکو لە ھەمان کاتدا ھاوبەشێکی ستراتێژی یەکێتی ئەورووپایە".

Mazın Asad, Abdullah Shukur  | 28.04.2017 - نوێکردنەوە : 29.04.2017
"تورکیا ھاوبەشی ستراتیژی یەکێتی ئەورووپایە"

Malta

ڤالیتا - AA

نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا فێدریگا مۆگرینی ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا تەنھا وڵاتێکی پاڵێوراو نییە بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەورووپا، بەڵکو لە ھەمان کاتدا ھاوبەشێکی ستراتێژی یەکێتی ئەورووپایە و گوتیشی: "وەک یەکێتی ئەورووپا، دەتوانم بڵێم دانوستانەکانی بە ئەندامبوون درێژەی ھەیە. ھەڵنەپەسێندرا و کۆتایی پێ نەھات".

مۆگرینی لە شاری ڤالیتای پایتەختی ماڵتا، دوای کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.

مۆگرینی کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی، بەسوود و گرنگ ھەڵسەنگاند و گوتی: "بەشێوەیەکی دڵسۆز و راشکاوانە بۆچوونمان لەگەڵ تورکیا ئاڵوگۆر کرد. لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا ھەڵسەنگاندمان لەسەر ئایندەی دۆخی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا کرد".

نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوە نافەرمییەکە ھیچ بڕیارێکیان نەداوە و گوتیشی: "ئێمە مافی بڕیاری ھەر وڵاتێکی سەربەخۆ بە تورکیاشەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی ئیدارەی دەناسین و رێزی لێ دەگرین".

مۆگرینی روونیشی کردەوە سەرەڕای تانەکانی سەر گشتپرسی تورکیا، ئەوان رێز لە ئەنجامەکانی دەگرن و گوتیشی: "بۆ ھەڵسەنگاندنمان لەسەر پەیرەویی گۆڕانکاری دەستوور، سەرەتا چاوەڕێی دوا راپۆرتی چاودێرانی کۆمسیۆنی ڤەنەدیک و رێکخستنی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەورووپا دەکەین".

مۆگرینی لە درێژەدا جەختی لەوەش کردەوە کە چاوەڕێی رێزگرتن لە گشت لایەنە سیاسییەکان دەکەن لە دوای گشتپرسییەکە و گوتیشی: "یەکێتی ئەورووپا پشتگیری لە تورکیایەکی سەقامگیر، ئاسایش و ئابوورییەکی سەرکەوتوو و دیموکراتی دەکات".

نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش دا کە لە زۆرێک لە پرسەکاندا تورکیا ھاوبەش و ئاکتۆرێکی گرنگە و زیاتر گوتیشی: "نیازی ئێمە ھیچ کاتێک زیان گەیاندن نەبووە بە تورکیا و گەلی تورکیا و ناشبێت. بە پێچەوانەوە ئێمە بە ئامانجی کاری ھاوبەشی بونیاتنەرین لە زۆرێک پرسەکان بۆ گشت ھاووڵاتیانی یەکێتی ئەورووپا و تورکیا".

"تورکیا ھاوبەشی ستراتیژی یەکێتی ئەورووپایە"

مۆگرینی لەبارەی پرسیاری پەیوەندیدار بەوەی کە ئایا تورکیا لە دوای گۆڕانکاری دەستوور و جێبەجێکردنی پەیڕەونامەکانی کۆپنھاگن، دەبێتە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا یان نا؟ گوتی: "ئەمە بە تەواوی پەیوەست دەبێ بە چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەم پەیڕەونامانە. دەکرێ بەشێکی پەیڕەونامەکان ئێستا جێبەجێ بکرێن، بەڵام بەشێکیان لەوانەیە کاتی بوێت. ئەمەش دووبارە پەیوەست دەبێ بە چۆنییەتی پەیڕەوکردنی گۆڕانکارییەکانی دەستوور. واتە بە تەواوی پەیوەستە بە تورکیاوە".

مۆگرینی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا رایگەیاند کە تورکیا تەنھا کاندیدی بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا نییە بەڵکو ھاوبەشی ستراتیژی یەکێتی ئەورووپاشە. راشیگەیاند کە تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و قەیرانی سووریا بۆ یەکێتی ئەورووپا وڵاتێکی گرنگە. ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا ئەندامی جی ٢٠ و یەکێتی گومرگی ئەورووپایە.

لەمباریەوە زیاتر گوتیشی: "پەیوەندی ئێمە و تورکیا لەوبەری پرسی ئەندامێتی ئەو وڵاتەیە لە یەکێتی ئەورووپا. ئێمە وەک یەکێتی ئەورووپا دەتوانین بڵێین کە دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا بەردەوامە. ھەڵنەپەسێنراوە و کۆتایی نەھاتووە. بەڵام بۆ کردنەوەی بەشی زیاتر ئێستا ھیچ کارێک لە ئارادا نییە".

"کۆبوونەوەکان دراماتیکی نەبوون بەڵکو کۆبوونەوەی کراوە و دروست بوون"

مۆگرینی لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھەڵوێستەکان بەرامبەر تورکیا چۆن بووە؟ گوتی: "دوو دانیشتمان لە کۆبوونەوەکە ئەنجامدا. دانیشتنی یەکەم لە نێوان خۆمان بوو، تاوتوێی پەیوەندییەکانی ئێستا و داھاتوومان لەگەڵ تورکیا کرد. کۆبوونەوەکان دراماتیکی نەبوون بەڵکو کۆبوونەوەی کراوە و دروست بوون".

مۆگرینی لەبارەی سەربەستی ڤیزا لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند کە کۆبوونەوەکان لەمبارەیەوە تاکو ئێستا بەردەوامە.

مۆگرینی ئاشکراشی کرد کە ھیچ گوشارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتايی لە کۆبوونەوەکە دەربکرێ، چونکە کۆبوونەوەکە خۆی نافەرمی بووە. مۆگرینی ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەی پاش نیوەڕی ئەمڕۆش تەنھا لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا نەبووە، بەڵکو وڵاتانی دیکەی پاڵێوڕاویش لە پرسی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورووپا ئامادە بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın