جيهان

تیلەرسن بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەققە و پەیەدە و فەتۆ دێتە تورکیا

- لە سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسندا بۆ تورکیا، بابەتەکانی ئۆپەراسیۆنی رەققە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پەیەدە و رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی.

Muhammed Bilal Kenasari, Hakan Çopur, Muhammet Ali Kemal  | 29.03.2017 - نوێکردنەوە : 30.03.2017
تیلەرسن بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەققە و پەیەدە و فەتۆ دێتە تورکیا

Washington DC

واشنتۆن - AA

چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسندا بۆ تورکیا، بابەتەکانی ئۆپەراسیۆنی رەققە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پەیەدە و رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن واشنتۆنەوە بەئەنقەرە، بەوردیی تاوتوێ بکرێن.

رێکس تیلەرسن لەدوای گرتنە دەستی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی هەریەک لە مەکسیک، ئەڵمانیا، چین، کۆریای باشوور و ژاپۆنی کردووە و ئەمە یەکەم سەردانی ناوبراوە بۆ تورکیا.

سەردانەکەی تیلەرسن باڵاترین سەردانی کەسایەتییەکی دیپلۆماسیی ئەمریکییە دوای ئەوەی کە سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی لە سەرۆکی پێش خۆی، باراک ئۆباما وەرگرت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکە، لە رێگەی تەلەکۆنفرانسەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا زانیاریی سەبارەت بەئامانجی سەردانەکە بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە گرنگیی خۆی هەیە لە رووی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکاوە.

- بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئۆپەراسیۆنی رەققە

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکرد چاوەڕوان دەکرێت بابەتی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی رەققە لەسەر سەرەوەی ئەجێندای سەردانەکەدا بن و رایانگەیاند ''لەگەڵ تورکیادا تەنها باسی پرۆسەی گەمارۆدانی رەققە ناکەین. بەڵکو هاوکات تاوتوێی ئەوە دەکەین کە رەققەی دوای ئۆپەراسیۆن کە داعش لە رێگەی پێکهاتەیەکی سەربە کۆمەڵگەوە کۆنترۆڵی کردووە لە دۆخێکی چۆندا دەبێت''.

لەو روونکردنەوەیەدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەیامی ئەوەیان دا کە تەنها هەنگاوەکانی پەیوەست بەئۆپەراسیۆنەکە نا، بەڵکو باسی قۆناغی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە، لەگەڵ ئەنقەرەدا دەکەن.

هاوکات رایانگەیاند ''درێژە دەدەین بەکۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد کە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامیداوە. تا ئەمڕۆ هەر کارێکمان لە تورکیا ئەنجامدابێت، لە نزیکەوە دانوستانمان لەبارەیەوە لەگەڵ تورکیادا کردووە و ئەمەش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت''.

ئاماژە بەوە دەکرێت ئەم سەردانە دیپلۆماسییە لە باڵاترین ئاستدا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە 20ی کانوونی دووەمدا، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە رووی هاریکاریی نێوانیان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا.

- مشتومڕی پەکەکە/پەیەدە لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا

تورکیا نایەوێت گرژیی ''هاوکارییکردنی پەیەدە'' کە لە سەردەمی باراک ئۆبامای دیموکراتەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە-واشنتۆندا هاتە ئاراوە، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپی کۆماریخوازیشدا درێژەی هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش گرنگییەکی زۆر بەسەردانەکەی تیلەرسن دەدات.

هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پەیەدە و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە، یەکێک بێت لە بابەتە سەرەکییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیا.

لە کاتێدا ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەیەدە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ پەکەکەدا نییە، تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە پەیەدە ''درێژکراوەی پەکەکەیە لە سووریا کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا وەک رێکخراوی تیرۆریستیی ناساندوویانە''.

لەوبارەیەشەوە ئەنقەرە جەختی لەوەکردووەتەوە کە ''بەکارهێنانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە لە دژی داعش کە رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیکەیە، زیانی گەورەی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا داوە'' بەڵام تا ئێستاش ئەو فەرماندانەی کە بەناوی پێنتاگۆنەوە قسە دەکەن پەکەکە/پەیەدە بە ''هێزێکی کاریگەر لەدژی داعش'' ناودەبەن و جەخت لەوەدەکەنەوە کە دەکرێت بۆ لەمەودواش لەگەڵیاندا کاربکرێت.

- پرسی رادەستکردنەوەی سەردەستەی فەتۆ

پرسی رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن ئەمریکاوە بەتورکیا کە مایەی گرژیی نێوانیانە، بەتایبەت دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووز، بووەتە گرنگترین کاری لەپێشینەی ئەنقەرە. بابەتەکە کە لەسەر سەرەوەی ئەجێندای ئەو بەرپرسانەی حکوومەتی تورکیادایە کە سەردانی واشنتۆن دەکەن لە سەردانەکەی تیلەرسنیشدا بۆ ئەنقەرە، یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە تاوتوێ دەکرێت.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایانگەیاند ''ئەوەی کە تورکەکان باسی ئەو بابەتە بکەن، رێگەی تێدەچێت و هەرکاتێکیش باسکرا، وەزیری دەرەوەی ئامادەیە وەڵام بداتەوە''.

ئەم روونکردنەوەش بەو شێوەیە لێکدرایەوە کە ئەمریکا سەبارەت بەڕادەستکردنەوەی گولەن، لە هەستیارییەکانی تورکیا و لەوەی کە دۆسیەکەی بەتاڵ نییە، تێدەگات.

- سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ تورکیا و پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەردۆغان- ترەمپ

لە سەردانەکەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، مایک پۆمپیۆدا بۆ ئەنقەرە کە یەکەم سەردانی بوو بۆ دەرەوەی وڵات لەدوای دەستبەکاربوونی لە 9ی شوباتدا، هەریەک لە بابەتەکانی فەتۆ، پەیەدە/پەکەکە و بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگدا باسکرابوون.

ئەوە ببووە جێگەی سەرنج کە سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ بۆ ئەنقەرە، رۆژێک دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هات و ئاماژە بەوەدەکرا کە ترەمپ بەتایبەتی و بەمەبەستتی تاوتوێکردنی بەرەنگاربوونەوەی داعش، پۆمپیۆی رەوانەی تورکیا کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە سەردانەکەی هەفتەی رابردوویدا بۆ واشنتۆن، ''دۆسیەیەکی تایبەت بەبەڵگە نوێیەکانی پەیوەندیی سەردەستەی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن، بە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا" رادەستی وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز کرد و جەختی لەوەکردەوە تورکیا خوازیارە کە ئیدارەی نوێ لەوبارەیەوە بەشێوەیەکی هەستیارانەتر مامەڵە بکات.

ئەمە جگە لەوەی مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، هێربەرت رایمۆند ماکماستەردا کۆببوویەوە و جارێکی دیکە هەڵوێستی تورکیای سەبارەت بەپەیەدە پێ راگەیاندبوو.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın