جيهان, ئابووری

دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان

قایمقامی ناوەندی قەزای پارێزگای هەولێر،عەبدولحەمید: "حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٣٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە، ئێستاش ماوەی سێ رۆژە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی پێکردووە".

Hemin Hüseyin  | 22.11.2017 - نوێکردنەوە : 23.11.2017
دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان

Arbil

هەولێر-AA

قایمقامییەتی ناوەندی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت کە چەند رۆژێکە دەستیان کردووە بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و ئاماژەش بەوە دەکات کە بڕی ١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە لایەن حکوومەتی عێراق بۆ پارێزگای هەولێر دابینکراوە لە کاتێکدا پارێزگای هەولێر پێویستی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن لتر نەوتی سپی هەیە.

قایمەقامی ناوەندی قەزای پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە ناردنی بەشە نەوتی سپی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە کرد و رایگەیاند کە ئەگەر بۆ هەر ماڵێک بڕی یەک بەرمیل نەوتی سپی دابین بکرێت ئەوا پێویستمان بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوت هەیە.

قایمقامی ناوەندی قەزای پارێزگای هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دووساڵە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین ناکات، ئەرکەکەی خستووەتە سەر شانی پارێزگاکان، پارێزگای هەولێریش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بەڵام شاری هەولێر ئەگەر بێت و هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی سپی وەرگرێت کە بڕەکەی ٢١٦ لیتربێت، ئەوا پێویستی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن لیتر هەیە، هەر بۆیەش نەتوانراوە نەوتی سپی بۆ سەنتەری شار دابین بکرێت، بەڵام بەشە نەوتی سپی لە سنووری قەزاکانی چۆمان، سۆران و مێرگەسور ئەوانە دابەشکرا، دواتر پڕۆسەکە وەستا".

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٣٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات و بینێرێت، لەو بڕەش ١٠ ملیۆن لیتری بەر شاری ھەولێر کەوتووە کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە، ئێستاش ماوەی سێ رۆژە پڕۆسەی دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی پێکردووە. لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، چونکە ئەو ناوچانە ساردترە و هەر خێزانێک بڕی ٢١٦ لیتر نەوت وەردەگریت بە ٥١ هەزار دینار بە پێی کۆبۆنی بەشە خۆراک".

قایمقامی ناوەندی قەزای پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا نرخی نەوتی سپی دابەزیووە بە هۆی ئەوەی رێگا بە بازرگانان دەدرێت کە نەوتی سپی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بهێنن بۆ هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: "نرخی نەوتی سپی دابەزیووە لەبەر ئەوەی مۆڵەت بە بازرگانان دراوە کە لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق نەوت بهێنن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە نیشتەجێی هەرێمن ئەوا بەشە نەوتی خۆیان وەردەگرن و ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە نرخی نەوتی سپی دابەزێت".

گۆڕەپانی نەوتفرۆشان کە بە بازاڕی رەش ناودەبرێت بە دەیان شوێنی فرۆشتنی نەوتی سپی لێیە و لەوێیەوە نەوتی سپی بۆ تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر دەگوازرێتەوە لە رێگای بەرمیل، لەو گۆڕەپانەش نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی بە ١٤٥ هەزار دینارە.

یەکێک لە کاسبکارەکان کە نەوتی سپی لە گۆڕەپانی نەوتفرۆشان بۆ ماڵان دەگوازێتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ بە هۆی بارینی باران و هاتنی وەرزی سەرما، ئەوا خواستێکی زۆر لەسەر نەوت هەیە و ئەو دەڵێت کە لەبەرامبەر گواستنەوە و بەتاڵکردنی هەر بەرمیلێک نەوت بڕی ١٠ هەزار دینار وەردەگرێت.

ئەکرەم ساڵح کە کاری گواستنەوەی نەوتی سپی دەکات بۆ ماڵان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ هەشت بەرمیل نەوتم لەو گۆڕەپانە گواستووەیەوە بۆ ماڵان، لەبەرامبەر گواستنەوەی هەر بەرمیلێک و بەتاڵکردنییان لە ماڵەکان، بڕی ١٠ دە هەزار دینار وەردەگرم و ئەمەش کارێکی رۆژانەمانە و لەم وەرزەدا بە هۆی هاتنی سەرما و سۆڵەوە زیاتر سەرقاڵی کارەکەمان دەبین".

بەر لە دروستبوونی قەیرانی دارایی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ساڵانە بڕی سێ بەرمیل نەوتی سپی بە نرخی ٤٠ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەدا بە هاووڵاتییان.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن