دۆخی کۆچبه‌ره نایاساییه‌کان له ئیسرائیل
- نزیکه‌ی 40 هه‌زار کۆچبه‌ری نایاسایی ئه‌فریقی که چیتر له لایه‌ن حکوومه‌تی ئیسرائیله‌وه داڵدە نادرێن، ناچار ده‌کرێن له‌نێوان چوونه زیندان یان گه‌شتێکی ئاینده نادیاردا بژارده‌یه‌کیان هه‌ڵبژێرن.
Israel
ته‌لئه‌بیب - AA
نزیکه‌ی 40 هه‌زار کۆچبه‌ری نایاسایی ئه‌فریقی که چیتر له لایه‌ن حکوومه‌تی ئیسرائیله‌وه داڵدە نادرێن، ناچار ده‌کرێن له‌نێوان چوونه زیندان یان گه‌شتێکی ئاینده نادیاردا بژارده‌یه‌کیان هه‌ڵبژێرن.
یه‌کێک له‌و کۆچبه‌ره نایاسایییانه‌ش، هالۆفۆم سوڵتانی ئه‌ریترییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هه‌بووه، حەوت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ره‌که‌ی و دوو منداڵێ جێهێشتووه و ناچاربووه وڵاته‌که‌ی جێبهێڵێت.
سوڵتان به 3 هه‌زار و 500 دۆلار له‌لایه‌ن قاچاخچییەکانەوە سه‌ره‌تا هێنراوه‌ته ئه‌سیۆپیا که ئه‌و سه‌رده‌مه له شه‌ڕدا بووه و دواتر هێنراوه‌ته سوودان که شه‌ڕی نێوخۆیی تێدابووه.
له‌دوای سوودان دوو بژارده له‌به‌رده‌م کۆچبه‌ره نایاساییه‌کاندا ده‌بێت، یان دەبێت له‌رێگه‌ی بیابانه‌وه و به لیبیادا بچێته ئه‌ورووپا یانیش به میسردا بۆ ئیسرائیل بپه‌ڕێته‌وه.
به‌ڵام قاچاخچییه‌کان رێگه‌ی دووه‌میان بۆ سوڵتان هه‌ڵبژاردووه و ئه‌و له‌باره‌ی ناچارکردنی بۆ چوون بۆ ئیسرائیل ده‌ڵێت: ''ئه‌وه‌ی من هه‌ڵبژاردن نه‌بوو له‌نێوان ئیسرائیل و ئه‌ورووپادا، تاکه بژارده‌ی من ئه‌وه بوو که ناچاربووم له سوودان نەمێنمەوە. به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان گه‌یشتمه ئیسرائیل''.
ئه‌و هاوشێوه‌ی زۆر هاووڵاتی ئه‌فریقی دیکه‌ی هه‌لاتوو بۆ ئیسرائیل، چه‌ندین جار ده‌ستگیرکراوه و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێکراوه له‌کاتێکدا که خوێندکاری زانکۆ بووه.
سوڵتان گوتی: ''زۆرینه‌ی ئیسرائیلییه‌کان دژی په‌نابه‌ران نیین. من رق و کینه له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا نابینم. به‌ڵام رق له لایه‌ن حکوومه‌ت و پۆلیسه‌وه ده‌بینم''.
په‌رله‌مانی ئیسرائیل له کانوونی یه‌که‌می 2017دا یاسایه‌کی په‌سه‌ندکردبوو که رێگه به دەرکردنی زۆره‌ملێی کۆچبه‌رانی نایاسایی له ئیسرائیل ده‌دات.
سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته، بێنیامین ناتانیاهو له میانی گوتارێکدا که مانگی رابردوو پێشکه‌شیکرد ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد گرتنه به‌ری ئه‌و رێکاره بۆ ئاسایشی سنووره‌کان پێویسته و ئه‌وان ناتوانن رێگه به کۆچی نایاسایی بده‌ن و ئه‌وانه‌شی که دزه‌یان کردووه‌ته نێو ئیسرائیله‌وه دیپۆرت ده‌کرێنه‌وه.
ئیسرائیل بڕی 3 هه‌زار و 500 دۆلار بۆ ئه‌و کۆچبه‌رانه و بلیتی فڕۆکه‌یان بۆ دابینده‌کات به مه‌رجی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌کانیان یان بچنه وڵاتی سێیه‌م، ئه‌گه‌ر نا رووبه‌ڕووی زیندانییکردن بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریینه‌کراو ده‌بنه‌وه.
هاوکات ئه‌وانه‌ی تاوه‌کو رۆژی 31ی ئازار قبووڵی ناکه‌ن ئیسرائیل جێبهێڵن، له‌و به‌رواره به‌دواوه ده‌خرێنه زیندانه‌وه.
ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی په‌نابه‌ره ئه‌فریقییه‌کان له ئیسرائیل، ئاشکرایکردووه زۆرینه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که دیپۆرت ده‌کرێنه‌وه له‌نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2012دا له ئه‌ریتریا و سوودانه‌وه روویان له ئیسرائیل کردووه و بەهۆی شه‌ڕ و کۆمه‌ڵکوژییه‌کان وڵاتەکانیان جێهێشتووە.
زۆرینه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره نایاساییانه له‌وه ده‌سڵه‌منه‌وه که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بچنه وڵاتی سێیه‌میش، ره‌وانه‌ی وڵاته‌کانیان ده‌کرێنه‌وه و له‌وێ ده‌کوژرێن. به‌ر له ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ی دوایی، نزیکه‌ی 20 هه‌زار که‌س له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی ''ده‌رچوونی ئاره‌زوومه‌ندانه'' که له لایه‌ن حکوومه‌تی ئیسرائیله‌وه ئاماده‌کرابوو، له ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشتووه.