جيهان

رووبەڕووبوونەوەی تەلەڤیزیۆنیی مێرکڵ و شۆلتز

- راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوەکرد چوار ملیۆن موسڵمان کە لە وڵاتەکەی دەژین، رۆڵیان لە سەرکەوتنەکاندا هەبووە، هەربۆیە ئیسلام بووەتە بەشێكی ئەڵمانیا.

Muhammet Ali Kemal  | 04.09.2017 - نوێکردنەوە : 05.09.2017
رووبەڕووبوونەوەی تەلەڤیزیۆنیی مێرکڵ و شۆلتز

Berlin

بەرلین - AA

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوەکرد چوار ملیۆن موسڵمان کە لە وڵاتەکەی دەژین، رۆڵیان لە سەرکەوتنەکاندا هەبووە، هەربۆیە ئیسلام بووەتە بەشێكی ئەڵمانیا.

لەمیانی رووبەڕووبوونەوەیەکی تەلەڤیزیۆنییدا کە ئێوارەی دوێنێ لە ژمارەیەک لە کەناڵەکانی ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە، ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و کاندیدی پارتەکەت بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، مارتن شۆڵتز، مشتومڕیان سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە کرد و بۆچوونی خۆیان لەبارەی مژارە جیاوازەکانەوە خستەڕوو.

لە وەڵامی پرسیارێکدا بەوەی روونکردنەوەکەی مێرکڵ کە رایگەیاندبوو ''ئیسلام بەشێکە لە ئەڵمانیا'' لەلایەن دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەڵمانیاوە بە بۆچوونێکی دروست نازانرێت، چ کارێک پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی گەلی ئەو وڵاتە بەو گوتانە قایل بکرێن، ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوەکرد لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر کردەوەی تیرۆریستیی بەناوی ''ئیسلام''ەوە ئەنجامدەدرێن، هەربۆیە ئەو لە دڵەڕاوکێی خەڵک لەوبارەیەوە تێدەگات.

مێرکڵ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لەوبارەیەوە پێویستە وتاربێژان بەشێوەیەکی چڕ و پڕتر باس لەوە بکەن کە ئەو هێرشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئایینی ئیسلامەوە نییە.

جەختی لەوەشکردەوە ئەو موسڵمانانەی لە ئەڵمانیا دەژین، سوودی زۆریان بۆ وڵاتەکە هەبووە و گوتی: ''چوار ملیۆن موسڵمان، رۆڵیان لە سەرکەوتنەکاندا هەبووە، ئەم کەسانە باوەڕیان بە ئیسلامە. هەربۆیە ئەو کەسانە کە لێرە دەژین بەشێکن لە کۆمەڵگە، لەبەر ئەوەش ئیسلام بووەتە بەشێك لە ئەڵمانیا''.

ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوەکرد ژمارەی ئەو موسڵمانانەی کە لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە، زیادیان کردووە، هەربۆیە پێویستە پەروەدەکردنی پێشنوێژ و وتاربێژان پەرەی پێبدرێت و زیادبکرێت، جەختی لەوەشکردەوە کە ئەگەر هات و پێشنوێژ و گوتاربێژێک، گوتاری نەفرەت ئامێزی دا و بووە هۆکاری بڵاوکردنەوەی رق و کینە، پێویستە مزگەوتەکەی دابخرێت.

مارتن شۆڵتز وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەوە دایەوە کە گونجانی موسڵمانان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا قورسە یان نا و ئاماژەی بەوەکرد ئەو باوەڕ بەو بانگەشانە ناکات کە باس لەوە دەکەن گونجانی موسڵمانان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا قورسە و گوتی: ''موسڵمانانیش دەکرێت وەک شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا ئاوێتە بکرێن''.

سەرۆکی گشتیی CDU و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیاش، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی دەستگیرکردنی هاووڵاتییە ئەڵمانییەکانەوە لەو وڵاتە، خوازیارن فشارە ئابوورییەکانی سەر تورکیا زیادبکرێت.

ئەنگێلا مێرکڵ گوتیشی: ''تورکیا بەخێراییەکی زۆر لە هەموو مامەڵە دیموکراتییەکان دووردەکەوێتەوە. دەتوانرێت بیر لە هۆشدارییەکی توندتری گەشتیاریی، بکرێتەوە. لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین''.

مێرکڵ لەبارەی دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، باسی لەوەکرد کۆبوونەوەکان لەوبارەیەوە دەکرێت کۆتاییان پێبهێنرێت ئەگەر هات و ئەندامانی یەکێتییەکە پەسەندی بکەن.

تیشكی خستە سەر ئەوەش کە دژی بە ئەندامبوونی تورکیایە لە یەکێتیی ئەورووپا و لە ئێستاشدا ئەوان تاوتوێی ئەوە دەکەن کە دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە کۆتایی پێبهێنرێت یان نا، هەروەها وەرگرتنی هەڵوێستێکی هاوبەش لەبەرامبەر ئەو وڵاتەدا، دەخرێتە بەرباس.

لای خۆیشییەوە، شۆڵتز دژ بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا وەستایەوە و رایگەیاند: ''ئەگەر بێتو ببمە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەوا دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە، رادەگرم''.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın