جيهان

رۆڵی تورکیا لە کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان

مەعروف: "ئەو فشارە سیاسیی و دیپلۆماسییەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوا هەڵگیرا، ئەویش تورکیا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە رێگاپێدان بە سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا".

Hemin Hüseyin  | 20.12.2017 - نوێکردنەوە : 21.12.2017
رۆڵی تورکیا لە کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف راگەیاند "گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان کاریگەری خراپی دروست کرد لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتان، لەو چوارچێوەیەشدا تورکیا کە دەوڵەتێکی گرنگە لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە و هەمووکاتێک پشتگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، چاکترین هەڵوێستی ئەوەبوو کە هیچ ئابلۆقەیەکی نەخستە سەر هەرێمی کوردستان لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکە و ئێستاش خەڵکی هەرێمی کوردستان رێز لەو هەڵوێستە دەگرن".

ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە بوومەلەرزەکەی مانگی رابردووشدا ئەوا وڵاتی تورکیا لە رێگای رێکخراوی ئافاد دەستبەجێ هاوکارییەکانی گەیاندە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان دەتوانین رۆڵمان هەبێت لە چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییانە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی بەرزدا بێت".

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی بەغدا فشاری خستە سەر هەرێمی کوردستان و گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی راگرت و گوتی: "ئەو فشارە سیاسیی و دیپلۆماسییەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوا هەڵگیرا، ئەویش تورکیا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە رێگەپێدان بە گەشتکردنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ئەو هەڵوێستە ئەوە دەسەلمێنێت کە تورکیا گرنگی بە پەیوەندییەکانی دەدات و لە هەمانکاتدا تورکیا لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بەرگری لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات".

دوورۆژ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و تیایدا داوای کرد رێکاری یاسایی پێویست بگیرتەبەر بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان کە لەماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەکات، تاوەکو بتوانن لەو ماوەیەدا رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکەن. هاوکات داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی کرد کە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنانە بە پێی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بگرنەبەر و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی نیشانداوە بۆ دەستەبەرکردنی ھەموو پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە.

سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: "نامەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە بوو کە پێشتر کراوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت ئەو پێنج لایەنەی کە پێگەی سیاسییان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن گرفتەکە چارەسەر بکەن، هەر ئەوەش بووە کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دوو رۆژ لەمەوبەر نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و داوا دەکات لەماوەی سێ مانگدا ئامادەکارییەکان تەواو بکەن".

گوتیشی: "ئیستا ئەو نامەیە لە پەرلەمانی کوردستانە و دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت کە ئایا دەتوانرێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بکرێت یان نا. بێگومان ئێمەیش وایدەبینین کە چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە تەنها هەڵبژاردنە و ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئایا کۆمسیۆنی باڵا دەتوانێت لەو سێ مانگەدا بە شێوەیەکی راست و دروست پڕۆسەکە بەڕێوەببات یان نا".

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە ئێستادا رەوشی سیاسیی هەرێم تەقەبوولی هەڵبژاردنەکان ناکات و ئەو بارودۆخە و شەپۆلە ناڕەزایەتییەی بەشێک لە خەڵکی سلێمانی کاریگەری خراپی لەسەر بارودۆخەکە هەیە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە هەموو پەرلەمانتارەکان لەسەر ئەوە رازی دەبن کە لەماوەیەکی نزیکدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın