سياسەت, جيهان

سلێمانی.. كۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی

لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەی لووتكەی هەرسێ‌ لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری و نوێنەری كەسایەتی و رێكخراوەكان بەڕێوەچوو.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 05.02.2018 - نوێکردنەوە : 10.02.2018
سلێمانی.. كۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

كۆبوونەوەی ئەو سێ‌ لایەنە لە ماڵی جەلالی سام ئاغا (سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و كەسایەتییەكی سەربەخۆیە) بەڕێوەچوو. لە بزووتنەوەی گۆڕان، رێكخەری گشتی گۆڕان، عومەری سەید عەلی و ئەندامی خانەی راپەراندن، جەلال جەوهەر. لە كۆمەڵی ئیسلامیی، ئەمیری حزبەكە، عەلی باپیر و كارگێری ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ، محەمەد حەكیم. لە هاوپەیمانی دیموكراسی‌ و دادپەروەری، سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە، بەرهەم ساڵح ‌و بەرپرسێكی تری هاوپەیمانێتییەكە، ئارام قادر بەشداربوون.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە مەسعود عەبدولخالق، سەید ئەكرەم‌، كەمال رەئوف وەك نوێنەری رێكخراوەكان و كەسایەتی و رۆشنبیران ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون كە ماوەی چەند مانگێكە هەوڵەكانیان دەستپێكردووە بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یەك بەرەدا و هەوڵدان بۆ جێگرتنەوەی ئەوان.

دوای كۆبونەوەكە، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری، بەرهەم ساڵح بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ئەم كۆبوونەوەیە بە شێوەی سەرەكی كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بوو لە نێوان هەرسێ لایەنەكە، باس لە هەلومەرجی ئێستای كوردستان و جۆری هەماهەنگی و هاوكاری بە ئاراستەی دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش بۆ دەربازبوونی ئەم نیشتمانەی ئێمە لەم قەیرانە سەختانەی كە رووبەڕووی میللەتەكەمان بوونەتەوە كرا".

یەك لە رێكخەرانی كۆبوونەوەكە، مەسعود عەبدولخالق ئامانجی كۆبوونەوەكەی بۆ رۆژنامەنووسان روونكردەوە و گوتی: "پێشتر چەند كۆبوونەوەیەك كرابوو لە نێوان لایەن و رێكخراو و كەسایەتییەكان بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بكرێت، ئێمە وای تێگەیشتوین كە ئەو دەسەڵاتەی پێشووتر بەو فۆڕمە حوكمڕانییەی هەرێمی كوردستانی گەیاندە ئاستێك كە لێرە بەو لاوە تەحەمولی مانەوەی نییە، بە پێی ئەو پەیوەندییە هەرێمی و ئەوەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات بەو دەسەڵاتەی ناپارێزرێت، تەنها دەتوانن هێڵی سووریان پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بێت نەوەك بەرژەوەندی گشتی میلـلەت، بۆیە پێشنیازمان كرد ئەهلی خێر چیتر لە دوورەوە هاوهەڵوێستییەكەی شەفەوی نەبێت، بەڵكو هاوهەڵوێستییەكی سیاسی لەسەر بنەمای میساقێك بێت، ئەوەش دژایەتی هیچ لایەك نییە".

مەسعود عەبدولخالق ئاماژەی كرد بەوەی هەوڵ و ئامانجەكانیان بە ئاراستەی دروستكردنی دوو ئاراستە و فراكسیۆنە لە هەرێمی كوردستان، فراكسیۆن كە ئاماژە بە لایەنەكانی دەسەڵات و فراكسیۆنەكەی تر بە پێچەوانەوە بێت.

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەركردەكانییەوە كەوتووەتە ژێر سزایەكی نێودەوڵەتی و گوتی: "دەمانەوێت سەركردایەتیەكی نوێ‌ و فۆرمێكی نوێ‌ لە حوكمڕانی بێتە پێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و رەحمێكیش بێت بۆ ئەو سەركردانە تا نەكەونە بەر دادگایی و سزای گرتنەوە".

ئەو سەرپەرشتیارەی كۆبوونەوەكە ئاماژەی كرد بەوەی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئیجابی بووە و گەیشتونەتە خاڵی هاوبەش، دەرگای كۆبوونەوە و هەوڵەكانیشیان بە رووی لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەڵات كراوەیە بێنە نێو بەرەكەیانەوە.

لە لای خۆیەوە، جەلالی سام ئاغا كە میوانداری كۆبوونەوەكەی كردبوو رایگەیاند، ئەو لایەنەنانە داوایان لێكردووە وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ ببێتە سەرۆكی لیستەكانیان بۆ هەڵبژاردن، بەڵام رەتی كردۆتەوە و وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ دەمێنێتەوە.

هەرسێ‌ لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری پێشتر هاوپەیمانێتییەكیان راگەیاند بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە بە ناوچەكانی ماددەی 140 ناسراوە، هەوڵ هەیە لە هەرێمی كوردستانیش هەمان هاوپەیمانی دروست بكەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın