جيهان

سلێمانی.. نوێژی جەژنی رەمەزان

مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەکان لە گوتاری نوێژی جەژندا زیاتر باسیان لە ماناکانی جەژن و گەورەیی ئەم رۆژە و برایەتی و ولاوەنانی رق و کینە و دوبەرەکی لەنێوان تاکەکان و حزب و لایەنەکان و کۆمەڵگادا کرد.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 25.06.2017 - نوێکردنەوە : 27.06.2017
سلێمانی.. نوێژی جەژنی رەمەزان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA


لە شاری سلێمانی ھاوشێوەی شاروشارۆچکەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھانی ئیسلامی، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ موسڵمانانی شارەکە بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن رویان لە مزگەوتەکان کرد و نوێژی جەژنیان ئەنجامدا، مامۆستایانی ئاینیش داوایان لە سەرکردە و حزب و لایەنە سیاسییەکان کرد جەژن بکەنە دەرفەتی ئاشتبونەوەو ئاشتەوایی لە نێوان خۆیاندا و بەرژەوەندی میلەت بخەنە پێش ھەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە.

لەگەڵ دەرکەوتنی روناکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، دەنگی ( اللە اکبر) ی مزگەوتەکان و سەدای جەژن لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بە گوێی موسڵمانانی شاری سلێمانی درا و ھاووڵاتیان پۆل پۆل رویان لە مزگەوتەکان کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژنی رەمەزان بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکان و پیرۆزبایی کردنی جەژن لە دۆست و ناسراوو موسڵمانان.

مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەکان لە گوتاری نوێژی جەژندا زیاتر باسیان لە ماناکانی جەژن و گەورەیی ئەم رۆژە و برایەتی و ولاوەنانی رق و کینە و دوبەرەکی لەنێوان تاکەکان و حزب و لایەنەکان و کۆمەڵگادا کرد.

پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە شاری سلێمانی حەسەن ساڵح دوای پیرۆزبایی لە موسڵمانانی شاری سلێمانی و ھەرێم و ناوچەکە و جیھان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جەژنی رەمەزان ئەو بۆنە پیرۆزەیە کە خودای گەورە سەرەڕای ئەوەی کە بۆنەیەکی ئاینییە بەڵام زیاتر بۆ ئەوە دانراوە کە ھەرکەس لە پێش رەمەزان ھەر کێشە و گرفتێکی ھەبووە ئێستا ئەو گرفت و کێشەیە بخاتە لاوە و برایەتی و کەسایەتی خۆیان بۆ یەکتر نیشان بدەن و زیاتر لێبوردەبن، چونکە ئەمڕۆ خودای گەورە لەم رۆژەدا پاداشتێکی گەورەی بۆ موسڵمانان داناوە کە ئەو پاداشتە ئەو کەسانە ناگرێتە کە ساردییەک لە نێوان خۆی براکەیدا ھەبووە".

ئەو مامۆستا ئاینییە داوای لە حزب و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد رۆژی جەژن بکەنە رۆژی ئاشتەوایی و وەلاوەنانی کێشە و گرفتەکانیان و گوتی: "لەم رۆژەدا داوا لە سەرکردەکان و حزب و گەورەکانمان دەکەن ئەم رۆژە بکەنە رۆژی ئاشتبونەوە و برایەتی و وەلاوەنانی کێشە و گرفتەکانیان لەبەر خەڵک و گەل و وڵاتەکە و بیکەنە رۆژی ھەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە نێوان خۆیاندا".

دوای تەواوبونی گوتاری نوێژی جەژن ، موسڵمانانی ئامادەبووی نێو مزگەوتەکان بە دەم پیرۆزبایی و داوای گەردن ئازادی لە یەکتر بەرەو ماڵەکانیان گەڕانەوە بۆ پیرۆزبایی جەژن لە خێزانەکانیان و خواردنی یەکەم نانی جەژن لە دوای مانگی رەمەزان.

لە شاری سلێمانی ھاووڵاتیان دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن و خواردنی نانی جەژن ، روو لە ماڵە دراوسێ و خزم و کەسوکارەکانیان دەکەن بۆ جەژنە پیرۆزە و بەسەرکردنەوەیان لەم رۆژەدا، جەژنی رەمەزان سێ رۆژە و لەم رۆژانەدا ھاوڵاتیان سەردانی یەکتر دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın