جيهان

عێراق ... هێرشێكی خۆكوژیی لە کەربەلا 31 قوربانیی لێکەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشێكی خۆكوژییدا كە لە خۆرئاوای پارێزگای كەربەلای باشووری عێراق روویدا، 15 كەس كوژران.

Zana Natık Kerem  | 29.08.2016 - نوێکردنەوە : 30.08.2016
عێراق ... هێرشێكی خۆكوژیی لە کەربەلا 31 قوربانیی لێکەوتەوە

كەربەلا

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی فوراتی ناوەڕاست ئاشکرایکرد درەنگانێکی شەوی رابردوو، هێرشێکی خۆكوژیی کراوەتە سەر قەزای عەین تەمر لە خۆرئاوای پارێزگای كەربەلا كە بووەتە هۆی کوژرانی 15 كەس و برینداربوونی 16 کەسی دیكە.

لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن فەرماندەییەكەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە درەنگانێکی شەوی رابردوو، پێنج خۆكوژ کە پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لەخۆیان بەستبوو، دزەیان كردووەتە ناو قەزای عەین تەمر كە 120 كیلۆمەتر لە کەربەلاوە دوورە و دەكەوێتە خۆرئاوای پارێزگاکە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، یەكێك لە خۆكوژەكان بە بۆمبی دەستیی و دەسترێژی گوللـە هێرشیكردووەتە سەر ئاهەنگێکی بووك گواستنەوە، دواتر لەرێگەی پشتێنێکی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی لە ناو ئاهەنگەكەدا تەقاندووەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە لەو هێرشەدا 15 كەس كوژراون و 16 کەسی دیكەش برینداربوون.

باس لەوەشکراوە دوای گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنیی توند، چوار خۆكوژەكەی دیكە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە كوژراون.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.

هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەسكەندەر وەتووت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرجەم قوربانییانی هێرشە خۆكوژییەكە هاووڵاتی سڤیلن".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın