جيهان

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دەستپێشخەری وڵاتان دەکەن

پیرە: "پشتیوانی لە دەستپێشخەریییەکانی وڵاتان دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکانمان، لەوانە هەوڵوێستی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم کە گوتی پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت".

Hemin Hüseyin  | 15.12.2017 - نوێکردنەوە : 16.12.2017
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دەستپێشخەری وڵاتان دەکەن

Arbil

هەولێر - AA

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی باڵای حزبەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەش دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بووە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی کەوتووەتە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و ئاشکرایشی دەکات کە زۆرینەی بۆچوونەکان پشتیوانییان لە دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی وەکو ئەمریکا و ئەورووپا و تورکیا و ئێران کردووە و هەڵویستی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەکە باسکراوە.

ئینیستیتیوتی مێری، ژمارەیەکی لە بەرپرسانی باڵای ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر مێزێک کۆکردەوە بۆ ئەوەی تەنگژە و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا تاوتوێ بکەن و بگەن بە رێگا چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەشداربووی کۆبوونەوەکەی مێری، سەعدی ئەحمەد پیرە لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: "یەکێک لەو پڕۆژانەی کە بووەتە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا، بابەتی گشتپرسیی بوو، دیارە بۆ ئینیستیتیوتی مێری گرنگە کە توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکات، قۆناغی یەکەم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبە سیاسییەکان بوو ئەوانەی کاری رۆژانە ئەنجام دەدەن".

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "لەم کۆبوونەوەیە زۆرئاشکرا و روون باسی هۆکارەکانی ئەنجامدان و ئەنجامەکانی ریفراندۆم کرا و باسی قۆناغەکانی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نیودەوڵەتی کرا، بە دڵنیاییەوە باسی ئەوەشکرا کە وڵاتانی دەوروبەر کە کاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکاری زۆر پتەو هەبوو لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا لەگەڵ عێراق سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی پڕۆسەکە. دروستبوونی ئەو بەربەستانە و داخستنی فڕۆکەخانەکان و تەنگژە دروستکردن بۆ خاڵە سنوورییەکان و بارودۆخی دیکەی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیایەوە لەو گفتوگۆیانە بابەتەکانمان لەسەر ئەنجامە ئەرێنییەکانی ئەو بابەتە نەبوو، بەڵکو لەسەر ئیمکانیاتی چارەسەری کێشەکان بوو، بە دڵنیاییەوە بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووان گەیشتینە ئەو باوەڕە کە بەبێ گفوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەولەتی و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ ئەوا ئەستەمە چونکە ئەوان رۆڵیان هەبووە لە مەسەلەکەدا".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوانەی بەشداری کۆبوونەکەیان کردووە پشتیوانییان لە دەستپێشخەرییەکانی وڵاتان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا و لەمبارەیەوە گوتی: "کاری ئەو کۆبوونەوەیە نییە لەسەر هەنگاونان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵکو تەنیا پشتیوانی دەکات لەو دەستپێشخەریانە و هەڵوێستی وڵاتان وەکو پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خەڵکی کوردستان و پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی دووەم هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی و بە تایبەتی دوای داوەتکردنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک ماکڕۆن و داوەتکردنی حکوومەتی هەرێم لەلایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دواتریش داوەتکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن راوێژکاری ئەڵمانیا، مێرکڵ و بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ درێژکردنەوەی راهێنان بە هێزی پێشمەرگە لەلایەن سەربازانی ئەڵمانیا، هەروەها هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم کە گوتی دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، هەروەها هاتنی شاندێکی ئەمنیی و سەربازی ئێرانی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان و نووسینی راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی و وەرگرتنی هەڵوێستێکی ئەمنیی و ئیمکانی هاتنەوەی ئەو شاندە جاریکی دیکە، هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی کە دەستپێشخەری هەیە بۆ چارەسەرکردن و سەرکۆماری عێراقیش بە هەمان شێوە، رەنگە لەوەوە دەست پێبکات کە فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە".

سەعدی پیرە رەخنەی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرت وهەڵوێستیەکانییانی بە مەترسی وەسفکرد و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هەڵچوونانەی کە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت پاڵەوانەکانی بەردەم کامێرا، لەبابەتی حەنان فەتلاوی و عالییە نسەییف و عیتاب دووری، کە بەبێ لێکدانەوەیەکی سیاسیی دوور و درێژ، هێرش دەکەنە سەر کوردستان، لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان حزبی سیاسیی هەیە، کەسایەتی هەیە، ئەوان دەتوانن رەخنەیان هەبیت لە کەسایەتییەکی سیاسیی بەڵام ناکریت میللەتێک ئازار بدەیت چونکە رەخنەی هەیە لە لایەنێکی سیاسیی، هەر بۆیەش هەوڵ دەدەن لە رێگای ئەو غەوغایە، شەقامی شیعی، شەقامی سوننی، شەقامی عەرەبی وا بارگاوی بکەن کە فەتوای حەڵاڵکردنی خوێنی کورد بدەن، لەرابردووشدا لە قۆناغی جیا جیا روویداوە و ئەوانەی ئەو هەوڵەیان داوە هەموویان لەناوچوون".

پیرە گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتاری کۆتاییهاتنی داعش، ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە نەکرد، بەڵام زۆری پێنەچوو لە فەڕەنسا پەشیمان بووەوە. بۆیە پێویستە ئێمە بەرزەفڕ و بە شێوەیەکی نەگونجاو باسی کێشەکان نەکەین".

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی کە داخستنی فڕۆکەخانەکان و ئەو ئابلۆقە دیپلۆماسییەی کە بەغدا خستوویەتییە سەر هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "مەسەلەی کورد ئەمڕۆ لە عێراق بووەتە بابەتێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن و هەر لایەنێک بە دەنگی گەورە هێرش بکاتە سەر کورد، رەنگە ئەمە واقعیەتی هەبێت، بەڵام رەنگە ئەو بەردەوامییە بەرگە نەگرێت".

رۆژی چوارشەممە ئینیستیتیوتی مێری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حزبە کوردستانییەکانی بانگهێشتکردبوو کە کۆبوونەوەیەک لەنێوانییان بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی رێگا چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیران و کێشە و گرفتانە بدۆزنەوە کە لە هەرێمی کوردستان دروست بوونە، بەشداربووانی دانیشتنەکە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی، بەرەی تورکمانیی، بزووتنەوەی ئاشووری، حزبی شوعی کوردستان، هاوکات سیاسەتمەداری سەربەخۆ مەحموود عوسمان ئامادەی گفتوگۆیەکە بوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın