مزگه‌وتی نوری، سه‌ره‌تا و كۆتایی داعش
داعش دواى بەرگرى و رووبەڕووبوونەوەیەکى سەخت لە مزگەوتى نوورى و دەوروبەرى دوێنی بەرامبەر بە هەوڵ و هێرشەکانى سوپاى عێراق بۆ رزگار کردنى مووسڵ بێ ئومێد بوون و هەریەکە لە مزگەوتى نورى و منارەى حەدبایان تەقاندەوە.
Arbil
هه‌ولێر-AA
- مزگه‌وتێك له مووسڵ له‌شوێنی خواپه‌رستییه‌وه ده‌بێته یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی چه‌كدارانی داعش به‌خه‌لیفه‌كه‌یانه‌وه ئه‌بو به‌كر به‌غدادی وه‌كو مۆڵگه‌یه‌كی خۆیانی ده‌بینن، مزگه‌وتی نوری 900 ساڵ ته‌مه‌نی هه‌یه و دووه‌م كۆنترین مزگه‌وتی شاره‌كه‌یه، به‌غدادی له ته‌مووزی 2014 بۆ یه‌كه‌م جار تێیدا ده‌ركه‌وت و خه‌لافه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند، ئێستاش جگه له‌مزگه‌وته‌كه مووسڵ ته‌نها دوو گه‌ڕه‌كی ماوه به‌ته‌واوه‌تی رزگار ببێت.
مامۆستایه‌كی زانكۆی پسپۆڕی شوێنه‌وار ده‌ڵێت مزگه‌وته‌كه هه‌ندێك زیانی به‌ركه‌وتووه به‌هۆی كرده سه‌ربازییه‌كانه‌وه و یه‌كێكه له دیارترین شوێنه‌واره‌كانی مووسڵ.
مزگه‌وتی نوری، له مزگه‌وته‌وه بۆ مۆڵگه‌یه‌كی سه‌ربازیی
پتر له مانگێك ده‌بێت شه‌ڕێكی قورسی ده‌سته‌ویه‌خه له‌ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی نوریی پایته‌خه‌تی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق ناسراو به "داعش" گڕی كردووه‌ته‌وه و دانامركێته‌وه، چه‌ندین جار هێزه‌كانی عێراق رایانگه‌یاند چه‌ند سه‌د و دواتر چه‌ند ده مه‌ترێك له مزگه‌وته‌كه‌وه دوورن، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌و مزگه‌وته‌یان ده‌ست نه‌خستووه، وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی خه‌لیفه‌ی داعش ئه‌بو به‌كر به‌غدادی بیانه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نن كه له‌ده‌ستدانی ئه‌و مزگه‌وته واته زه‌نگی كه‌وتنی خه‌لافه‌ته‌كه‌یان، ئه‌م مزگه‌وته كه ته‌مه‌نی 900 ساڵ ده‌بێت هه‌م بۆ داعش و هه‌روه‌ها بۆ هێزه‌كانی عێراقیش خاڵی وه‌رچه‌رخان و گرنگن، بۆ داعش كه‌وتنی مزگه‌وته‌كه واته كه‌وتنی به‌غدادی كه یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی له‌م مزگه‌وته‌وه بووه و هه‌ر لێره‌شه‌وه و له 4ی ته‌مووزی ساڵی 2014 دوای كه‌متر له‌مانگێك له كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ یه‌كه‌م وتاری هه‌ینی بۆ نوێژخوێنان له‌نێو رێوشوێنێكی ئاسایی توندوتۆڵدا خوێنده‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به دوایین چوونه سه‌ر ئه‌و مینبه‌ره.
مزگه‌وتی نوری یان مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نوری یان مزگه‌وتی گه‌وره دووه‌م كۆنترین مزگه‌وتی شاری مووسڵ، پێش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه له 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 ئه‌م مزگه‌وته به‌قه‌د ئێستا ئه‌و ناوبانگه گه‌وره‌یه‌ی نه‌بوو، چوون پێشتر وه‌كو شوێنه‌وارێك كه ته‌مه‌نی 9 سه‌ده ده‌بێت ده‌ناسرایه‌وه، به‌ڵام ئێستا وه‌كو پێگه‌یه‌كی ستراتیژیی سه‌ربازیش چاوی لێ ده‌كرێت، زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی عێراق باس له‌وه ده‌كه‌ن چه‌كدارانی داعش زۆرترین سوودی سه‌ربازییان له بوونی مزگه‌وته‌كه وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ده‌وروبه‌ره زۆرترین ئۆتۆمبیل بۆمبڕێژبكه‌ن و زۆرترین كات ئه‌و مزگه‌وته وه‌كو بنكه‌ی سه‌ربازی به‌كاربهێنن.
بۆ هێزه‌كانی عێراق كه له 17ی تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 2016 ده‌ستیان به ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی شاری مووسڵ كرد و دواتر له 19ی شوباتی ئه‌مساڵدا به‌ره‌و به‌شی رۆژئاوای شاره‌كه كشان و ئێستا كه‌متر له هه‌شت له‌سه‌دی شاره‌كه ماوه له چنگی داعشی ده‌ربهێنن ئه‌م مزگه‌وته واته قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی داعش، به‌گرتنه‌وه‌ی وره‌ی داعش به‌ته‌واوه‌تی داده‌كشێت، چوون له‌رووی سیمبولییه‌وه ئه‌م مزگه‌وته زۆر ده‌گه‌یه‌نێت.
شرۆڤه‌كاری ئاسایشی و سه‌ربازی هیشام ئه‌لهاشمی كه نووسینی زۆری له‌سه‌ر شه‌ڕی مووسڵ و ته‌كتیك و ستراتیژییه‌ته‌كانی هه‌یه له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت "مزگه‌وتی نوری له شه‌ڕی دژی داعش له شاری مووسڵ گرنگی و بایه‌خێكی زۆری هه‌یه، ئێستا ئه‌و مزگه‌وته بۆ هێزه‌كانی عێراق ته‌واو بووه‌ته هۆكارێك بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه، راسته به‌كه‌وتنی مزگه‌وته‌كه شه‌ڕه‌كه كۆتایی پێنایه‌ت، ته‌نانه‌ت به‌گرتنه‌وه‌ی مووسڵیش داعش كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵام گرتنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه و مووسڵیش واته پشت شكاندنی داعش، كه ئه‌مه‌ش به‌ره‌و كۆتایی چوونی داعش ده‌گه‌یه‌نێت، ئیدی داعش ته‌واو لاواز ده‌بێت و توانای شه‌ڕی له‌ده‌ستده‌دات".
هیشام له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت "مزگه‌وتی نوری داعش سه‌ره‌تا وه‌كو شوێنێكی ره‌مزیی خۆی سه‌یری ده‌كرد به‌تایبه‌ت له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی وتاری تێدا خوێند، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا ویستییان مناره‌كه‌ی بڕوخێنن، به‌ڵام دواتر مزگه‌وته‌كه له‌شه‌ڕه‌كانی ئه‌مدواییه بوو به شوێنێك كه داعش خۆی له‌په‌ناییدا شاردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی بكه‌ن، چونكه هێزه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش خۆیان له بۆردومانی شوێنه پیرۆزه‌كان ده‌پارێزن و داعش ئه‌مه‌ی قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكی مزگه‌وته‌كه‌وه هێرشی زۆر بهێنێت و له‌و ناوچه‌یه‌وه چه‌ندین كارگه‌ی بۆمبڕێژكردنی هه‌یه كه ئۆتۆمبیله بۆمبڕێژكراوه‌كانی لێوه‌ی ده‌رده‌په‌ڕێنن".
مزگه‌وتێكی پیر، 900 ساڵ ته‌مه‌ن
مزگه‌وتی نوری یه‌كێكه له دێرینترین مزگه‌وته‌كانی عێراق، ده‌كه‌وێته به‌ری راستى شاری مووسڵ له لای رۆژئاوای شاره‌كه، له‌گه‌ڕه‌كێك هه‌ڵكه‌وتووه به‌گه‌ڕه‌كی مزگه‌وتی گه‌وره ده‌ناسرێت، مزگه‌وته‌كه له‌سه‌ر رووبه‌ری پێنج هه‌زار و 850 مه‌تر چوارگۆشه و له‌سه‌ده‌ی شه‌شه‌می كۆچی و به‌دیاریكراوی ساڵی 568ی كۆچی به‌رامبه‌ر به 1172ی زاینی له‌لایه‌ن نوره‌دین زه‌نكییه‌وه دروستكراوه، درێژیی مناره‌كه‌ی ده‌گاته 55 مه‌تر و یه‌ك گۆمه‌زیشی هه‌یه. نوره‌دین زه‌نكی له‌ساڵی 1180 له‌دایكبووه و كوڕی عیماده‌دین زه‌نكییه كه ئه‌میری دیمه‌شق و پاشای ده‌وڵه‌تی زه‌نكییه.
مزگه‌وتی نوری كه ئێستا شه‌ڕ له‌ده‌وروبه‌ریدا له‌مووسڵ گه‌رمه، خاوه‌نی نۆ سه‌ده ته‌مه‌نه، له‌دوای مزگه‌وتی ئومه‌ویی شاره‌كه گه‌وره‌ترین مزگه‌وتی مووسڵه، سه‌رباری به‌كارهێنانی شێوازی ئه‌ندازه‌یی ناوازه و چه‌ندین نیگار و نه‌خشی دانسقه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌یدا، به مناره خواره‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه كه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات چه‌ماوه‌ته‌وه وایكردووه دواتریش یه‌كێك بێت له‌و نازناوانه‌ی كه مووسڵی پێ بناسرێته‌وه، واته"موسڵ ئه‌لحه‌دبا".
له‌باره‌ی دروستكردنی مزگه‌وتی نوری له مووسڵ زانیارییه مێژووییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن نوره‌دین زه‌نكی له ساڵی 566ی كۆچی شاری مووسڵی خسته ژێر ركێفی خۆیه‌وه 24 رۆژ له موسڵ ماوه‌ته‌وه، له‌و ماوه‌یه چاكسازیی ئه‌نجامداوه له‌وانه كه‌مكردنه‌وه‌ی باج، هه‌ر له‌و كاته‌دا بینیویه‌تی كه شاره‌كه پێویستی به مزگه‌وتێكی دیكه هه‌یه كه به‌ته‌نها مزگه‌وتی ئومه‌وی لێ بووه، بۆیه بڕیار ده‌دات مزگه‌وتێكی دیكه بۆ مووسڵ دروستبكرێت و بۆ ئه‌وه‌ش كه‌سێكی نزیكی به‌ناوی شێخ عومه‌ری كوڕی موحه‌مه‌دی مه‌لاْ راده‌سپێرێت، مزگه‌وته‌كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا، واته له 566 بۆ 568 كۆچی ته‌واوكراوه و ئیبراهیم مووسڵیش دروستی كردووه.
ده‌گوترێت له‌ساڵی 568ی كۆچی كاتێك نوره‌دین گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ مووسڵ و له مزگه‌وته‌كه‌ی نوێژی كردووه و پێویستییه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی بۆ دابینكردووه، دواتر كه چووه‌ته سه‌ر ئاوی دیجله شێخ عومه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌فته‌ری پێداوه و پێیگوتووه ئه‌وه سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی مزگه‌وته‌كه‌ی تێدایه، به‌ڵام نوره‌دینی زه‌نگی پێیگوتووه"شێخ ئه‌و كاره‌مان بۆ خوایه و حساب بۆ رۆژی حساب به‌جێ بهێڵه"، دواتر ده‌فته‌ره‌كانی فڕێ داوه‌ته ئاوی دیجله‌وه.
پسپۆڕی شوێنه‌وارناسی و مامۆستا له به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كازم محه‌مه‌د گاتع كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی مووسڵه و وه‌كو خۆی ده‌ڵێت چه‌ندین جار سه‌ردانی مزگه‌وته‌كه‌ی كردووه و له‌نزیكه‌وه بینیوییه‌تی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له‌و مزگه‌وته ده‌كات و ده‌ڵێت "مزگه‌وتی نوری یان مزگه‌وتی گه‌وره یه‌كێكه له دیارترین شوێنه شارستانییه‌كانی شاری مووسڵ، ئه‌م مزگه‌وته سوڵتان نوره‌دین زه‌نكی دروستی كردووه، ئه‌م مزگه‌وته رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌یه، له‌مزگه‌وته گه‌وره‌كانی مووسڵه، مزگه‌وته‌كه به مناره جوان و خواره‌كه‌ی ناسراوه، گرنگیی ئه‌م مزگه‌وته له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه بیناسازییه‌كی زۆر جوانی تێدابه‌كارهێنراوه، دوو شوێنی نوێژی هه‌یه یه‌كێكیان زستانه و ئه‌وی دیكه هاوینه‌یه و پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه له‌مباره‌یه‌وه، هه‌روه‌ها مناره‌كه‌ی نزیكه‌ی 55 مه‌تر ده‌بێت و به‌رزترین مناره‌یه له عێراق".
ئه‌و پسپۆڕه‌ی شوێنه‌وار له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیشی ده‌كاته‌وه "هه‌ندێك زیان به‌ر مزگه‌وته‌كه كه‌وتووه به‌هۆی كرده سه‌ربازییه‌كانه‌وه، به‌تایبه‌ت له مناره‌ی مزگه‌وته‌كه، به‌ڵام ئومێد ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی داهاتوودا و له‌سه‌روبه‌ندی به‌ڕێوه‌چوونی كرده سه‌ربازییه‌كان زیاتر زیانی به‌رنه‌كه‌وێت، چونكه ئه‌و مزگه‌وته به‌شێكی سه‌ره‌كییه له شوێنه‌واری مووسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی".
مامۆستا كازم محه‌مه‌د گاتع گوتیشی "به‌داخه‌وه له‌شه‌ڕی مووسڵدا و پێشتر زۆر شوێنه‌واری عێراق تووشی وێرانكاریی بوونه‌ته‌وه و پارێزگای مووسڵیش زۆرێك له شوێنه‌واره‌كانی یان ته‌قێندرانه‌وه یان دزران یان له‌ناوچوون و له ئه‌نجامی كرده سه‌ربازییه‌كان تیا چوون كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی عێراق هه‌یه له شوێنه‌واردا".
سه‌باره‌ت به چه‌مانه‌وه‌ی مناره‌ی مزگه‌وتی نوری بۆچوونی جیاواز هه‌یه، هۆكاره‌كه‌ی بۆ كاریگه‌ربوونی به‌و بایه توند و زۆرانه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له رۆژئاوای شاره‌كه‌وه دێت و ئه‌وه‌ش وایكردووه مناره‌كه به‌ره‌و لای رۆژهه‌ڵات خوارببێته‌وه، پله‌ی گه‌رما و شتی تریش به‌هۆكار ده‌زانرێت، به‌ڵام قسه‌ش هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بونیادی ناوه ئیبراهیم موسڵی به ئه‌نقه‌ست ئه‌م مناره‌یه‌ی وا دروستكردووه بۆ ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی كه‌م بكاته‌وه له‌كاتی رووخانی، چونكه ئه‌گه‌ر بكه‌وێت ده‌كه‌وێته لای رۆژهه‌ڵات كه ئه‌و كات رۆژئاوا ماڵی لێ بووه لای مزگه‌وته‌كه، به‌ڵام كه بكه‌وێته لای رۆژئاوا ئه‌وا ماڵ و شتی لێیه.
مزگه‌وتی نوری چه‌ند جارێكیش نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه كه دوایین جاریان له‌ساڵی 1944 بوو، سندوقی جیهانی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووریش له لیستی ئه‌و 100 شوێنه‌واره دایناوه كه مه‌ترسی رووخانییان هه‌یه له جیهاندا، مناره‌كه له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ند جارێك نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه، له‌ساڵی 1981 كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی هه‌ستا به جێگیركردنی مناره‌كه، هه‌رچه‌نده له شه‌ڕی ئێران و عێراقدا هه‌ندێك بۆریی ئاو له‌ژێر زه‌ویی شكان وبووه هۆی ئاو لێ رۆیشتنی زۆر، ئه‌وه‌ش بووه هۆی لاوازكردنی بونیادی مناره‌كه، له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی 40 سانتیمه‌تر خواربوویه‌وه.
سه‌باره‌ت به چه‌مانه‌وه‌ی مناره‌ی مزگه‌وتی نوری چه‌ند چیرۆك و گێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌یر هه‌یه كه هیچیان جێی باوه‌ڕنیین، هه‌ندێك باوه‌ڕیان پێیه خزری پیاو چاك به‌لای مناره‌كه‌دا رۆیشتووه و مناره‌كه له‌شه‌رما لاربووه‌ته‌وه، ده‌شگوترێت ئیمامی عه‌لی هاتووه بۆ سه‌ردانی وه‌چه‌كه‌ی عه‌لیی بچووك چووه و ئه‌و مناره‌یه وه‌كو رێزێك بۆی داچه‌میوه، به‌ڵگه‌ش به‌وه ده‌هێننه‌وه ناوچه‌ی دۆسه عه‌لی له‌وێوه نزیكه، هه‌روه‌ها ده‌گوترێت كاتێك پێغه‌مبه‌ری ئیسلام كاتێك چووه بۆ ئاسمانی سه‌ره‌وه به مووسڵدا تێپه‌ڕیوه و ئه‌مه‌ش راست نییه، چونكه مناره‌كه دوای چوار سه‌ده له مردنی په‌یامبه‌ر موحه‌مه‌د دروستكراوه، مه‌سیحییه‌كانیش ده‌ڵێن مناره‌كه بۆ مه‌ریه‌م چه‌میوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێن له نزیكی هه‌ولێر نێژراوه، بۆیه مناره‌كه رووه‌وه و گۆڕه‌كه‌ی چه‌میوه‌ته‌وه.
هه‌رچۆنێك بێت له ئێستادا ئه‌و مزگه‌وته‌ی نوره‌دین زه‌نكی دروستی كرد نه‌ك به‌ته‌نها شوێنێك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ خواپه‌رستن، به‌ڵكو شوێنێكی ستراتیژیی سه‌ربازییه و چه‌كدارانی داعش پیرۆزییه‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه بۆ درێژه‌پێدانی شه‌ڕه‌كه‌یان له‌وێوه وه‌كو ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپای عێراق باسی لێوه ده‌كه‌ن.