جيهان

هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق زانیاریی و چاوه‌ڕوانی

عێراق له‌ 12ی ئایار هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام ئومێدی گه‌وره‌ به‌وه‌ نییه‌ هاوكێشه‌كان بگۆڕێت، ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مان، سه‌عید خۆشناو ده‌ڵێت "عێراق به‌ زۆرینه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت و هه‌ڵبژاردنه‌كانیش گۆڕانكاریی ریشه‌یی ناكه‌ن".

Hemn Baban  | 22.02.2018 - نوێکردنەوە : 23.02.2018
هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق زانیاریی و چاوه‌ڕوانی

Arbil

هەولێر-AA

بە پێی زانیارییەكان شەش هەزارو 904 كاندید لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018دا ركابەرایەتی لەسەر 328 كورسیی پەرلەمانی دەكەن كە 88 حزب و هاوپەیمانییەتین.

- "هەڵبژاردنەكەی عێراق كاتێكی هەستیار و چاوەڕوانییەكی كەم بۆ گۆڕانكاری".

وا بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو لە عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت كە دەیان لیست و سەدان كاندید ركابەرایەتی لەسەر 328 كورسی دەكەن، بۆ ئەوەی هەر فراكسیۆن یان هاوپەیمانییەتییەك كابینەی زۆرینەی سیاسی پێكبهێنێت پێویستی بە 165 كورسی دەبێت.

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەمساڵ، چوارەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەبێت كە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003 ئەنجام دەدرێت، هەروەها دووەم هەڵبژاردنە كە لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی 2011، ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵبژاردنە سەرباری ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تیادا هەڵدەبژێردرێت بەدوای خۆیشیدا سەرۆكی وەزیران و سەرۆكی كۆماریش دیاری دەكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا كە 15ی ئایار هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر بۆ 12ی ئەو مانگە پێشخرا بە هۆكاری ئەوەی رەنگە 15ی ئایار هاوكات بێت لەگەڵ یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، هەرچەندە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كێشە و مقۆمقۆ دروست بوو لەسەر ئەوەی كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بۆ كاتێكی دیكە دوابخرێت، بەتایبەت كە ئەمە خواستی بەشێكی زۆری سوننەكان بوو بە بیانووی ئەوەی زۆرینەی رۆڵەكانییان لەو پارێزگایانەنن كە پێشتر داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون و ئاوارەن و هێشتا بەشی زۆریان لە ئاوارەییدان، بەڵام ئەم داوایە لە لایەن دادگەی باڵای فیدرالییەوە رەت كرایەوە. دواتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد و بڕیاری لەسەر كاتی هەڵبژاردنەكان دا و پاشان سەركۆمار، فوئاد مەعسوم مەرسومێكی كۆماریی دەركرد و 12ی ئایاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریی كرد كە دەكاتە رۆژی شەممە.

- "سیستەمی هەڵبژاردن و دابەشبوونی كورسییەكان بە پێی پارێزگاكان"

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەند كردووە كە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و سیستەمەكە لەسەر شێوازی لیستی كراوە بۆ لیستە حزبییەكان دەبێت، هەر پارێزگایەكیش بازنەیەكی هەڵبژاردنە و سستمی سانت لیگۆی هەمواركراو بۆ هەژماركردنی دەنگەكان پەیڕەو دەكرێت بە پێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدرالی لە عێراق بە بیانووی ئەوەی سیستەمی پێشوو چەوسانەوە و ستەمكردن بوو لە حزبە بچووكەكان. لەو 328 كورسییەی پەرلەمانیش هەشت كورسی بۆ پێكهاتەكان دانراون ئەوانیش بەم شێوەیەن: پێنج كورسی بۆ كریستیانەكان، یەك كورسیش بۆ هەریەك لە مەندائی، ئێزدی و شەبەك.

كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەم شێوەیە بۆ پارێزگاكان بە پێی رێژەی دانیشتوانییان دابەش بوون:

1- ئەنبار، 15 كورسی.

2- بابل، 17 كورسی.

3- بەغدا، 69 كورسی.

4- بەسرە، 25 كورسی

5- دهۆك، 11 كورسی.

6- زیقار، 19 كورسی.

7- دیالە، 14 كورسی.

8- هەولێر، 15 كورسی.

9- كەربەلا، 11 كورسی.

10- كەركوك، 12 كورسی.

11- میسان، 10 كورسی.

12- موسەننا، 7 كورسی.

13- نەجەف، 12 كورسی.

14- نەینەوا، 31 كورسی.

15- قادسییە، 11 كورسی.

16- سەڵاحەددین، 12 كورسی.

17- سلێمانی، 18 كورسی.

18- واست، 11 كورسی.

19- كەمینەكان، 8 كورسی

ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەعید خۆشناو لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و لە عێراقدا شتێكی نوێیە لە دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە ساڵی 2003 هاتە كایەوە، بەڵام هەڵبژاردن لە عێراق گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ناهێنێتە كایەوە، ئەوەی دیارە ئەوەیە كە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ شیعەكان دەبێت، بەڵام هەڵبژاردن گۆڕانكاریی ریشەیی ناكات".

ئەگەرچی بڕیاربوو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2017 بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆی شەڕی دژ بە داعش كە لە كانونی یەكەمی ساڵی 2017 كۆتایی پێ هات دواخرا.

هەڵبژاردنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتێكدا دێت كە 93 لەسەدی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگییان بۆ جیابوونەوەی هەرێمەكەیان لە عێراق دا، بەڵام هیچ پشتگیرییەكی نێودەوڵەتی نەبوو و لە ناوخۆشدا ناكۆكیی زۆری لەسەر بوو و دواتریش هی دیكەشی دروست كرد، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی نیوە زیاتری ئەو رووبەرەی لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بوو كە بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانەش ئەوانە بوون كە پێشمەرگە لە ژێر چنگی چەكدارانی داعش دەریهێنابوون.

ریفراندۆم حكوومەتی عێراقی مكوڕ كرد كە ئەو ناوچانە بە زەبری هێز و چەك وەربگرێتەوە و ئەوەشی كرد و كەركووك و ناوچەكانی دیكەشی گەڕاندەوە ژێر قەڵەمڕەویی خۆی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەند نەگەڕاوەتەوە ئاستی پەیوەندیی ئاسایی نێوان هەرێم و دەوڵەتێك، بەتایبەت دوای ئەوەی بەغدا نەهێشتنی ریفراندۆمی كردە پاساوێك بۆ ئەو ئاساییكردنەوەی کە رووینەداوە، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سڕ كرد، وەلێ هێشتا پەیوەندییەكان ئاڵۆزن.

سەعید خۆشناو گوتیشی: "ئەو هەڵبژاردنانەی دەكرێت بۆ ئەوەیە نیشانی دنیا بدرێت كە دیموكراسییەك هەیە، ئەگەر نا شتێك ئەگەر خۆیان بیانەوێت تێیدەپەڕێنن لە پەرلەمان، ئەگەر نا لێیدەگەڕێن، بە نموونە تەماشای پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018 بكە، یان بۆ نموونە سەیری ماددەی 140 بکە كە 10 ساڵە جێبەجێ ناكرێت كە دەبوو لە 31ی مانگی كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ بكرێت، واتە دەبێت عێراق بە تەوافوق بڕوات و زۆرینە و كەمینە شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نابێت و هاوكێشەكە تێكدەدات".

- "هاوپەیمانییەتییەكان، بچووكبوونەوەیەكی گشتگیر"

جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، پەرتبوون و دابەشكاریی زیاتری كوتلەكان سیمای دیاری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو هەر پێكهاتە و ماڵێكی هەبووبێت بەتایبەت سێ سەرەكییەكە شیعە، سوننە و كورد ئێستا ئەو ماڵانە دابەش بوون، شیعەكان لەنێو خۆیاندا چەندین لیستی گەورە و بچووكیان هەیە، ئەمە بۆ سوننە و كوردیش وایە.

بە نموونە هەر لەناو حزبی دەعوە گەورەترین پارتی سیاسی لە عێراق دوو لیستی هەڵبژاردن هەیە، هەریەك لە حەیدەر عەبادی كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەتی "نصر" دەكات و سەرۆكوەزیرانی پێشوو، نوری مالیكی-یش سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەتی دەوڵەتی یاسا دەكات، سەدرییەكانیش لەگەڵ حزبی شیوعی لیستی ئەحرار-یان هەیە، هەروەها هاوپەیمانی "الفتح" كە بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت ئەوانیش لیستی خۆیان هەیە، ئەوە وێڕای هاوپەیمانی حیكمە و هی تریش.

هەرچی هێزەکانی سووننەیە ئەوانیش هاوپەیمانی "القرار العربی"یان بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی و براكەی ئەسیل نوجێفی كە پارێزگاری پێشووی نەینەوایە پێکهێناوە، هەروەها كەسایەتی خاوەنكار خەمیس خەنجەر-یش لەخۆ دەگرێت، هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوری و سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبییە، ساڵح موتڵەگ چوونە نێو هاوپەیمانی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات.

لەنێو هێزە كوردییەكانیشدا دابەشكارییەكی زیاتر هەیە، ئەگەرچی لایەنە كوردییەكانیش نەیانتوانیوە بە یەك لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا بكەن، بەڵام هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح و كۆمەڵی ئیسلامی بەیەك لیست بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن، هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوو حوكمڕانی هەرێمی كوردستانن بەجیا بەشداریی لەو هەڵبژاردنانە دەكەن.

سەعید خۆشناو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "هەڵبژاردن نابێتە هۆی گۆڕانكاریی ریشەیی لە عێراق، ئەمە بە گۆڕینی عەقڵییەتەكان دەبێت، حكوومەتی زۆرینەش بە هیچ شێوەیەك سەرناكەوێت، چونكە شیعەكان زیاتر لە سەدا پەنجا دەبن، بەڵام نابێت ئەوانی دیكە پەراوێز بخرێن، ئەمە ئەسڵەن پێشێلكردنی دەستووری عێراقیشە".

سەعید خۆشناو سەبارەت بە پەرتەوازەیی كورد و سوننەش هاوشێوەی شیعەكان و دابەش بوون و بچووكبوونەوەی فراكسیۆنە گەورەكان گوتی: "لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كورد و سوننە زەرەرمەندی یەكەم دەبن، چونكە كورد دەبوو یەك لیست بن، بەتایبەت دوای ئەو بارودۆخەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات، بەڵام ئەمە نەبوو كە شتێكی باش نەبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق هێزی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بەكارهێنا، بۆیە باشتر بوو بەلانیكەم لە ناوچە دابڕاوەكان یەك دەنگ و یەك لیست بایەن، سوننەكانیش هەڵەی زۆر گەورەیان كرد كاتێك لە پاش رووخانی رژێمی بەعس بەشداریی هەڵبژاردنییان نەكرد، بۆیە دەبوو بەشداری بكەن كە ئەمەش زیانی پێگەیاندن، ئێستاش بەشێكی زۆری رۆڵەكانی سوننە ئاوارەن، ئەمەش زیان بە ئەوان دەگەیەنێت وەكو نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی عێراق".

عێراق دابەشێكە لە سێ پێكهاتەی سەرەكی شیعە، سوننە و كورد ئەگەرچی نەتەوە و پێكهاتەی دیكەش هەن، بەڵام ناكۆكییەكانی ئەم سێ پێكهاتەیە درێژەی هەیە بۆ پێش دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لە 1921، بۆیە هەڵبژاردنەكانیش بەو عەسایەی مووسا نازانرێت كە خۆشبەختی بۆ هاووڵاتییان بهێنێت، چونكە لە 2003ەوە زۆرینەی حوكمڕانەكانی عێراق لەسەر كەمكردنەوەی گەندەڵی نەیانتوانیوە ئەنجامێكی گەورە بەدەستبهێنن و خزمەتگوزارییەكانیش بگەیەننە ئاستی پێویست.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın