جيهان

هەولێر.. سەردانی گرتووخانە لە رۆژانی جەژندا

خۆشناو: "بە پێی یاسا هەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات ئەوا سزای هەیە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا هەر بە پێی یاسا، راگیراوەکان بێبەش نین لە مافی مرۆڤ و سەرجەم پێداویستییەکانییان بۆ دەستەبەرکراوە".

Hemin Hüseyin  | 26.06.2017 - نوێکردنەوە : 27.06.2017
هەولێر.. سەردانی گرتووخانە لە رۆژانی جەژندا

Arbil

هەولێر-AA

بەڕێوەبەری بەشی راگیراوان لە گرتووخانەی ناوەندی هەولێر، موقەدەم خەسرۆ خۆشناو: "بە پێی یاسا هەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات ئەوا سزای هەیە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا هەر بە پێی یاسا، راگیراوەکان بێبەش نین لە مافی مرۆڤ و سەرجەم پێداویستییەکانییان بۆ دەستەبەرکراوە". 

لە بەشی راگیراوانی گرتووخانەی ناوەندی هەولێر سەردانی راگیراوەکان بە بۆنەی جەژنی رەمەزان بەڕێوەچوو کە تیایدا کەسوکاری راگیراوان بە بردنی کۆمەڵێک دیاری و خواردن و خواردنەوە بۆ راگیراوەکانییان، سەردانی ئەو بەشەیان کرد و کارگێڕی بەشەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٢ی دوای نیوەڕۆ پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی راگیراوان بکەن.

بەڕێوەبەری بەشی راگیراوان لە گرتووخانەی ناوەندی هەولێر، موقەدەم خەسرۆ خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو ساڵانی پێشوو، بەرنامەیەکی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکاری راگیراوان، بێگومان هەوڵمانداوە کەشێکی ئارام بڕەخسێنین بۆ راگیراوان و کەسوکارەکانییان بە تایبەت ئەو کاتەی لەگەڵ یەکتر دادەنیشن و هیچ سانسۆرێک لەسەریان نییە".

موقەدەم خەسرۆ خۆشناو گوتیشی: "وەکو ئەرکێکی سەرشانمان بە گشت ئەفسەر و پۆلیسەکان هەڵساوین بە ئەرکەکانی خۆمان و پێشوازی لە کەسوکاری راگیراوەکان دەکەین".

سەبارەت بە شێوازی سەردانیکردنەکەش، بەڕێوەبەری بەشی راگیراوان لە گرتووخانەی ناوەندی هەولێر، موقەدەم خەسرۆ خۆشناو گوتی: "ئێمە لەم جەژنەدا دوو رۆژ سەردانیکردنمان هەیە کە ئەمڕۆ یەکەم رۆژە و تایبەتە بە سەردانیکردنی ئافرەتان و بەیانیش ئەم پڕۆسەیە تایبەت دەبێت بە پیاوان".

سەبارەت بە رەنگدانەوەی مافەکانی مرۆڤ لەناو گرتووخانەکەدا، موقەدەم خەسرۆ خۆشناو گوتی: "بە پێی یاسا هەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات ئەوا سزای هەیە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا هەر بە پێی یاسا، راگیراوەکان بێبەش نین لە مافی مرۆڤ و سەرجەم پێداویستییەکانییان بۆ دەستەبەرکراوە وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی".

لە کۆتاییدا موقەدەم خەسرۆ خۆشناو گوتی: "هیوادارم ئەو کەسەی کە لە گرتووخانە دەچێتە دەرەوە و دووبارە دەچێتەوە ناو کۆمەڵگا لە تاوانەکەی پەشیمان بێتەوە و نەگەڕێتەوە سەر تاوان و ئەو شوێنەش کە لێی راگیراوە ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی ئەو کەسە چاکسازی لە کردەوەکانیدا بکات".

ئەو بەشەی گرتووخانەی ناوەندی نزیکەی ٤٥٠ کەسی بە ماددەی جیاجیا لێ راگیراوە و هێشتا دادگا بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر دۆسیەکانیان نەداوە.

عەلی ئیبراهیم یەکێک لە راگیراوەکانە و ماوەی شەش مانگە لەو شوێنە ماوەتەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمەش پێمان خۆش بوو کە لەم رۆژەدا لەناو کەسوکاری خۆمان بووینایە، بەڵام بە هۆی هەڵەکردنمان هاتووینەتە ئێرە و لێرەشدا مامەڵەکردنی کارگێڕی ئەم گرتووخانەیە لەگەڵ راگیراوان جێگای ستایشە و دەستخۆشییان لێ دەکەین".

ئەو راگیراوە گوتیشی: "ئەم شوێنە وەکو قوتابخانەیەکە و پێویستە هەرکەس هاتە ئەو شوێنە وانەیەک وەربگرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەمان هەڵە دووبارە نەکاتەوە".

عەبدوڵڵا محەمەد یەکێکی دیکەیە لەو راگیراوانەی کە ماوەی نۆ مانگە لەو شوێنە ماوەتەوە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی خۆشە کە لەم رۆژەدا کەسوکارەکانمان سەردانمان دەکەن و یەکتر دەبینین و دەستخۆشی لە کارگێڕی گرتووخانەکە دەکەین کە زۆر شتیان بۆ ئێمە دەستەبەرکردووە و گوێ لە گلەیی و گازاندەکانمان رادەگرن".

عەبدوڵلا محەمەد گوتیشی: "هیوادارم ئەو کەسەی بە هۆی تاوانێک دێتە ئەم شوێنە و دواتر کە چووە دەرەوە تەواو لە کردەوەکەی پەشیمان بێتەوە چونکە ئەو شوێنە وەکو قوتابخانەیەک وایە و دەبێت مرۆڤ بە خۆیدا بچێتەوە وهەڵەکان دووبارە نەکاتەوە".

بەشی راگیراوان لە بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەی ناوەندی ھەولێر تایبەتە بەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی کاتی لەم شوێنە دەمێننەوە تاوەکو دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکەیان دەدات و ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێکهاتووە لە ٢٢ هۆڵ کە لە ئێستادا نزیکەی ٤٥٠ راگیراوی تێدایە و ئەو ژمارەیەش رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن