جيهان

هەولێر.. وەزیری بەرگری ئەڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین: "دوێنێ لە بەغدا بووین و ئەمڕۆ لە ھەولێر ئایدیا و بۆچوون و پێشنیازەکان کۆ دەکەینەوە کە چۆن بتوانین لە قۆناغی داھاتوودا کە قۆناغی سەقامگیرییە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بڕۆین".

Hemin Hüseyin  | 11.02.2018 - نوێکردنەوە : 12.02.2018
هەولێر.. وەزیری بەرگری ئەڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە

Arbil

هەولێر-AA

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین نەخۆشخانەی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە کە ساڵێک لەمەوبەر بەردی بناغەی دانراوە و لەسەر بوودجەی وڵاتی ئەڵمانیا دروست دەکرێت.

لە باڵەخانەی نەخۆشخانەکە، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕی و ئاماژەی دا بە ئامانجی سەردانەکەی و گوتی: "خۆشحاڵم کە لە ھەولێرم بۆ سەردانی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هاوکات سەردانیکردنی سەربازانی خۆمان لێرە، ئێمە ماوەیەکی سێ ساڵ و نیوی چڕمان لێرە بەسەر برد، ئەمڕۆیش توانیم بە چاوی خۆم بیبینم کە پێشمەرگە لە بواری پێگەیاندن و راھێناندا سەرکەوتن و پێشکەوتنێکی زۆر باش و بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووە، سەربازانی پیاو و ژنی ئێمە هەمیشە باسی ئەوە دەکەن کە لە میانی راهێنان و پێگەیاندندا، ھێزەکانی پێشمەرگە حەز و ویستێکی زۆریان ھەیە و ھەم ئازایەتی و قارەمانییەتیان لێ بەرچاو دەکەوێت".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "ھێزەکانی عێراق لە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگە، سەرکەوتنێکی سەرسووڕھێنەرانەیان بە دەست ھێنا دژ بە تیرۆر و داعشدا کە توانییان زاڵ بن بەسەر ئەو گرووپە تیرۆریستییەدا، ئێمە دەزانین بە سەرکەوتنی سەربازیی بەسەر تیرۆر و داعشدا، سەقامگیری و ئارامیی تەواو بۆ ئەو وڵاتە ناگەڕێتەوە و ئەوە کۆتایی نییە، بۆیە ئێستا دەچینە قۆناغێکی نوێ، بۆیە لەم قۆناغەدا کە قۆناغی راگوزەرە و ئەو سەرکەوتنەی بەدەست ھاتووە لە شەڕی دژ بە داعش، پێکەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەم سەرکەوتنانە بۆ تەواوی عێراق بچەسپێنین. لە قۆناغی سەقامگیردا کارەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە هێزی سەربازی باش بونیادبنرێت بۆ ئەوەی کارەکان بەردەوام بن، ئەمەش پێویستی بە راوێژ و ئەنجامدانی ریفۆڕم هەیە، ھەروەھا بە ھەمان شێوەیش پێویستی بە کارکردن لەسەر بابەتە لۆجیستییە گرینگەکان ھەیە، واتا چۆن بتوانرێت ئەو کارانە ئەنجام بدرێن کە ھێزەکان پێویستیان پێیەتی، تا دەگاتە سیستمێکی تەندروستیی پزیشکی بۆ ئەم ھێزانە".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ هەولێر و بەغدا کە پێشنیازەکان کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا هەموو لایەک رۆڵ ببینن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای ئەوەی ئێمە قۆناغی سەرەتایی راهێنان و پێگەیاندنمان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا، ئەمڕۆ لە ھەولێر و دوێنێیش لە بەغدا، ئایدیا و بۆچوون و پێشنیازەکان کۆ دەکەینەوە کە چۆن بتوانین لە قۆناغی داھاتوودا کە قۆناغی سەقامگیرییە، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بڕۆین".

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرڵاین سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "ئێمە هەموومان دەزانین کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان و ئێمەیش شەڕێکی گەورەیان دژ بە داعش ئەنجامدا و سوپاسگوزارین بۆ ئەم کارە، ئێستایش دەمانەوی جۆرێک لە شەراکەتی مەودادرێژ دروست بکەین لەگەڵ تەواوی عێراقدا، چونکە بە ھاوسەنگییەک لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا، پێکەوە دەتوانین لە مەودای درێژدا کاری گەورە ئەنجام بدەین".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤان دێرڵاین چوارەم جارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و تا ئێستاش سەرەڕای پێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوا چەندین خول و راهێنانییان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە لە بوارە جیاجیاکاندا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın