جيهان

هەولێر.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی

بارزانی: "بە لای ئێمەوە گرنگە بەغدا پابەندی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بێت بە تەواوی و ئەگەر حکوومەتی عێراق سەدا ١٧ی بوودجە و مووچەی کوردستان دابین بکات، ئامادەین دۆسیەی نەوتیشیان رادەست بکەین".

Hemin Hüseyin  | 06.11.2017 - نوێکردنەوە : 07.11.2017
هەولێر.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی دەستووردا ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجێک کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکەمەوە کە دوای ٢٥ی ئەیلوول کۆمەڵێک شتی ناخۆش روویاندا بۆیە ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێم پێشتر و ئێستاش جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەرقەرارکردنی سەقامگیری، تاوەکو بگەین بە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلی عێراق و کوردستان بێت، هەروەها پێمانوایە کێشەکان بە ھێنانی سوپا یان ھێزە سەربازییەکان چارەسەر نابن، چارەسەری کێشەکان پێویستی بە گفتوگۆیەکی جددی سیاسی هەیە لەگەڵ بەغدا، دەبێت ئەوەش بزانین کە چواردە ساڵی رابردوو وانەیەک بوو بۆ هەردوولامان، کێشەکان بەوە چارەسەر نابێت کە من گەورەترم و دەبێت زیاتر خۆم بسەپێنم. لە دوای رووخانی رژێمەوە بۆمان سەلماوە کە دەبێت بە رێگایەکی ئاشتییانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە و گوتی: "بەداخەوە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ کردووە و پڕۆژەکەیان پەسەندکردووە و زۆرتریان بۆ سەرۆکوەزیران جێھێشتووە، ئێمە تێبینیی جددیمان لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی عێراق ھەیە، یەکێک لە تێبینییەکانمان ئەوەیە کە بە روون و ئاشکرا باسی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ناکات و باسی پارێزگاکان دەکات، ئەمەش پێشێلی ئاشکرای دەستوورە و بە پێی دەستوور ئەو کیانەی ھەیە ناوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و دەبێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکرێت، هەروەها بە پێی یاسا دەبێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئەو پڕۆژە یاسایە ئامادەبکرێت، بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ نەکراوە و تەنها وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی ئامادەکردنی ئەو رەشنووسەی کردووە".

لەبارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "زۆرجار قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە بەغدا ئامادەیە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بدات، لێرەوە رایدەگەیەنین کە لیستەکانی ئێمە لەسەر بنەمای ئەو بایۆمەترییەی کردوومانە ئامادەیە و ھەر کاتێک بەغدا بیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی بدات، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بوونی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە نزیک سنوورەکان بە پێویست نەزانی و رایگەیاند کە پێویستە لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیەک بکرێت بۆ ئەوەی ئاگربەستیکی بەردەوام لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت.

لەبارەی داهاتی هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت لەدوای رووداوەکانی ١٦ی مانگی رابردووەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "داھاتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو دۆخەی لە کەرکووک روویداوە، زۆر کەمی کردووە و ھەناردەکردنی نەوت زیاتر لە نیوە کەمی کردووە، ئێمە ھیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن، بەلای ئێمەوە گرنگە بەغدا پابەندی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بێت بە تەواوی و ئەگەر حکوومەتی عێراق سەدا ١٧ی بوودجە و مووچەی کوردستان دابین بکات، ئامادەین دۆسیەی نەوتیشیان رادەست بکەین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە تا ئێستا بەغدا ئامادە نییە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات، ئەگینا ئەوان وەکو حكوومەتی هەریمی کوردستان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھەوڵی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق نەبووە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ناو کابینەی حکوومەت هەرێم، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا، ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک کورسین لە پەرلەمانی کوردستان، بەداخەوە بۆ ئەو کێشانەی پێشتر روویانداوە، پێم خۆشە وەزیرەکانیان بە زووترین کات بۆ کابینەی حکوومەت بگەڕێنەوە و دەست بە کاری خۆیان بکەن".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆلو سەبارەت بە چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئەجێندای سەردانەکەیان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە خواستمان ھەیە سەردانی تورکیا بکەین، بەڵام ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، هەروەها خواستمانە لەگەڵ سەرجەم دراوسێیەکانمان دانوستاندن بکەین و کێشەکان چارەسەر بکەین، خواستی خۆمان بۆ ئاشتی و لێکتێگەیشتن نیشان بدەین، تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێمە و دراوسێی ئێمەیە. تورکیا لە ساڵانی ناخۆشی و لەو کاتەی کیمیایی لەو سنوورەدا بەکارھات، دەرگای بۆمان کردەوە و ئەوەمان لەبەرچاوە، هەروەها یارمەتی و ھاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لەبەرچاوە. بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ دراوسێیەکانی بە ئاشتی بژی و ھۆکاری سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا خواستمان ھەیە سەردانی تورکیا بکەین و جارێکی دیکە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ تورکیا و ئێران بکەین، ھەوڵ بدەین ئەوانیش یارمەتیدەر بن لەگەڵماندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، نەک ئەوەی بەغدا پێی وابێت کە ئەمڕۆ ھەلێک ھاتووەتە پێش و بیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بەدەستیان ھێناوە، بیانەوێت وەری بگرنەوە، جگە لەوەش من لەگەڵ ھەردوولا لەسەر ھێڵم و لە ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبین و ئەگەر خواستیان ھەبێت، ئامادەین شاند بنێرین و سەردانیشیان بکەین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "لەبارەی مووچەخۆرانەوە لەناو خەڵکی خۆمان یارییەک دەکرێت لە لایەک دەیانەوێت واخەڵک تێبگەیەنن کە ئەو رێوشوێنانەی دەگیرێتە بەر بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان نییە لە لایەکی دیکەشەوە ئامادە نین مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئێستا لە بەغداوە دەیبینین بۆ ئەوەیە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی ھەڵبوەشێتەوە. ئەمە مەترسییەکی یەکجار گەورەیە لەسەر ھەموو ھەرێمی کوردستان، ئەی مەگەر ئێمە بەشێک نین لە عێراق بە پێی دەستوور؟ ئەو سەرۆکوەزیرانی عێراق نییە؟ دەبێت ئەو خەمی ئەوەی بێت کە مووچەی ھەرێمی کوردستان و مووسڵ و بەسرەش دابین بکات. لە کاتێکدا ئێمە ئامادەین ئەو گفتوگۆیە بکەین".

لەبارەی کێشەی دەروازە سنوورییەکانیش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە ئەوان ئامادەی چارەسەری کێشەکانن بەڵام بەغدا شەلاقەکەی بەدەست گرتووە و دەڵێت هێزی سەربازیم هەیە و دێم، بەڵام ئەوە بە چارەسەر نازانین.

لە درێژەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بۆ کێشەی دەروازە سنوورییەکان بدۆزینەوە، بەڵام نەک لە رێگەی ئەو زمانە سەربازییە توندەی ئێستا ھەیە، ئێستا بەغدا شەلاقەکەی بەدەست گرتووە و دەڵێ ھێزی سەربازیم ھەیە و دێم، بەڵام ئەوە چارەسەر نییە. فەرموو وەرن گفتوگۆ دەکەین و کێشەکان چارەسەر دەکەین. تێڕوانینی ئێستای ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ ئێستا و نەوەکانی داھاتووش چارەسەر بکەین".

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی ئەوان ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان بەڵام شاندی بەغدا ئامادە نییە و راشیگەیاند کە ھیچ رێککەوتنێکی سەربازی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق نەبووە، بەڵکو گفتوگۆیەک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و لایەنی سەربازیی عێراق ھەبووە و گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە چارەسەری ئەم کێشانە سەربازی نییە و دەبێت بە سیاسی ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن".

لە کۆتایی قسەکانیدا،سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھیوادارم پێداچوونەوە بە رەشنووسی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو بکرێت و سەرۆکوەزیران ئەوە نەکات کە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەو بکات، چونکە ئەو سیاسەتە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و عێراقیش نییە".







بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن