جيهان

پشتیوانی پنتاگۆن لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەلبەباب لە لایەن تورکیاوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جێف دەیڤیس رایگەیاند کە ئەوان پشتیوانی لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی ئەلباب لە لایەن تورکیاوە دەکەن و ئەمریکاش پاڵپشتی ئاسمانی پێشکەش بەو ھێزانە دەکات کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی لێ دەکرێن.

Abdullah Shukur  | 23.01.2017 - نوێکردنەوە : 24.01.2017
پشتیوانی پنتاگۆن لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەلبەباب لە لایەن تورکیاوە

واشنتۆن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جێف دەیڤیس رایگەیاند کە ئەوان پشتیوانی لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی ئەلباب لە لایەن تورکیاوە دەکەن و ئەمریکاش پاڵپشتی ئاسمانی پێشکەش بەو ھێزانە دەکات کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی لێ دەکرێن. 

لەبارەی ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێنج پێگەی داعش لە نزیک شارۆچکەی ئەلبابی سووریا، دەیڤیس گوتی: "لەوەتەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە دژی رێکخراوە تیرۆریستەکان لە باکووری سووریا، ئەمریکا پاڵپشتی ئاسمانی لە کۆنترۆڵکردنەوەی جەرابلوس، ئەلراعی و دابق پێشکەش کردووە".

دەیڤیس گوتیشی:"لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی دابق (لە لایەن ئەو ھێزانەی کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکات) روو لە ئەلباب کرا. ئێمە پشتیوانی لەمەش دەکەین و دەمانەوێت ئەلباب لە لایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ بکرێت. گفتوگۆیەکانمان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و ھاوتا سەربازییەکانمان بەردەوامە".

دەیڤیس ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا بەشێکە لە ھێزەکانی ھاوپەیمان و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش.

بەرپرسێکی پنتاگۆن لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەمریکا تەنھا لەرووی کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە پاڵپشتی لە تورکیا کردووە و ئەو ھێرشانەی لە ناوچەکەدا ئەنجامدراون بەتەنھا لە لایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانەوە دیارکراون".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: " تورکیا بەشێکە لە ھاوپەیمانی ئێمە. ئێمە داوای خۆمان لەبارەی پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا پێشکەش بە تورکیا کردووە. گفتوگۆکان بەردەوامن و ئێمە زانیاری ھەواڵگری و چاودێریکردن بەھۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە لە باکووری رۆژئاوای سووریا پێشکەش بە تورکیا دەکەین. ھەرچەندە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زۆر بێت ئەوەندەش زانیارییە ھەوڵگرییەکان زۆرتر دەبن و دیاریکردنی ئامانجەکان فراوانتر دەبێت. لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە لە ناوچەی ئەلباب ئامانجەکان دیار دەکرێن و لەوێشەوە بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی یەکگرتوو دەگوزارێنەوە. لەوێشەوە ھێرشی ئاسمانی گونجاو بۆ سەر ئەو ئامانجانە ئەنجام دەدرێت".

راشیگەیاند کە زانیاری لەسەر ئەم پێگانە لەسەر داوای راستەوخۆی تورکیا نادرێت، بەڵکو لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمان لە دژی داعش بە تورکیا دەدرێت نەک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەلباب.









بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın