جيهان

پنتاگۆن: ئەمریکا دەستی بەلێدانی داعش لە ئەلباب کردووە

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش: "هاوپەیمانێتی نيَودةولَةتى دذى داعش لەنزیک ئەلباب دەستی بە هێرشی ئاسمانیی بۆسەر داعش کردووە".

Kasım İleri, Muhammet Ali Kemal  | 18.01.2017 - نوێکردنەوە : 18.01.2017
پنتاگۆن: ئەمریکا دەستی بەلێدانی داعش لە ئەلباب کردووە

Washington DC

واشنتۆن- AA

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، نەقیب جۆن دۆریان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەماهەنگیی رۆژانەی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەردەوامە، ئاشکراشی کرد هاوپەیمانێتیەکە لەنزیک ئەلباب دەستی بەئەنجامدانی فڕینی چاودێریی و هێرشی ئاسمانیی بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کردووە.

جۆن دۆریان کە لە رێگەی تەلەکۆنفەرانسەوە پەیوەندیی بەوەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)ەوە کردبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریا و عێراق، دایەوە.

دۆریان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەماهەنگیی رۆژانەی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەردەوامە، گوتیشی: ''لەماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر فڕینی چاودێریی و هەواڵگرییان بەئامانجی پشتیوانی لە هێزەکانی تورکیا و ئەو هێزانەی کە سوپای ئەو وڵاتە هاوکارییان دەکەن، لەنزیکی ئەلباب ئەنجامداوە. دەستمان بەئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی بۆسەر پێگەکانی داعش لەنزیک شارۆچکەکە کردووە. ئەو هێرشانەش بوونەتە مایەی لەناوبردنی چەکدارانی رێکخراوەکە لەنزیک هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لە ئەلباب''.

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش جەختی لەوەکردەوە هاوپەیمانێتیەکەیان ئەوەندەی بکرێت هەوڵی کارکردن لەگەڵ تورکیادا لە زۆرترین بەرەی شەڕدا دەدات و بەرپرسانی سەربازیی سوپای ئەمریکا و تورکیا بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیی لە ناوەندە هاوبەشەکانەوە.

- ''چاوەڕوانی ئەوەین کە هێرشەکان و هەماهەنگییەکان لەگەڵ تورکیادا درێژەیان هەبێت''

جۆن دۆریان تیشکی خستەسەر ئەوەی ٤هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچەی ئەلباب ئەنجامداوە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن ئەو هێرشانە و هەماهەنگییەکان لەگەڵ تورکیادا درێژەیان هەبێت.

دۆریان ئاشکرای کرد لە هێرشەکاندا کە لەئەنجامی کۆکردنەوە و دیارییکردنی پێگەکانی داعش لە رێگەی فڕینی چاودێریی و هەواڵگریی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەنجامیانداوە، یەکەیەکی تاکتیکی داعش، شۆفڵێک و ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگریان کردووەتە ئامانج.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی پێکدادانی قورس لەئەلباب روودەدات، جۆن دۆریان باسی لەوەکرد تورکیا لەبەرامبەر رێکخراوێکی تیرۆریستییدا لە ئەلباب دەجەنگێت کە ئەو رێکخراوە سڵ لەبەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی ناکاتەوە و ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی چوونە ناو شارۆچکەکەوە کاتی پێویست بێت.

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش باوەڕی خۆی بەتوانای هێزەکانی سوپای تورکیا دووپاتکردەوە و گوتی: ''بەدڵنیاییەوە باوەڕمان وایە کە توانای هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان لەهی داعش باشترە و دەتوانن شکستیان پێبهێنن، بەڵام ئەوەی کە شکست پێهێنانی داعش کارێکی قورسە، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. کاتی زۆریان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی کە بەرگرییەکی بەهێز لەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندا بوو، بنیات بنێن و داماڵینی ئەو شوێنانە لە رێکخراوەکە کارێکی ئاسان نابێت''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن