سياسەت, جيهان

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان: "ھەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و ھەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە".

Hemin Hüseyin  | 22.08.2017 - نوێکردنەوە : 22.08.2017
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێم

Arbil

ھەولێر-AA

لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد

لە گوتارەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و ھۆکارەکانی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان کە ئاماژەی بە قۆناغە جیایاکانی رابردووی گەلی کورد دا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، هاوکات هەموو پێكهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین پێکەوەژیان لە کوردستان چۆن بووە بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، پێکھاتەکان ھەمیشە لە عێراق دووچاری کارەسات دەبنەوە، بەڵام لە کوردستان مافی پێکهاتەکان دەستەبەرکراوە، پێویستیشە دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە کە مافی ھەموو پێکھاتەکان دەستەبەر بکات و دڵنیاییش بە پێکھاتەکان دەدەم کە نوێنەریان بەشدار دەبێت لە نووسینەوەی ئەو دەستوورە، دەوڵەتی کوردستان بۆ ھەموو پێکھاتەکانە، ئەو دەرفەتەش کە ئێستا ھاتووەتە پێش ھیچ کات نەھاتووەتە پێش، ھیچ دەوڵەتێکیش دژایەتی سەربەخۆیی نەکردووە، بۆیە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، پێویستیمان بە سروودێکی نوێی نیشتمانییە، ھەروەھا ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەک لە ئاڵای کوردستان بۆ ئەوەی ھێمای نەتەوەکانی ھەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت".

گوتیشی: "بڕیاری گشتپرسی بڕیارێکی بوێرانەبوو، زۆر مەترسیدارە ئەگەر چاوەڕوانی بەغدا بکەین و گشتپرسی نەکەین، بۆیە دەبێت کورد خۆی لەو دڵەڕاوکێیە رزگار بکات، چونکە کورد بڕیاری ھاوبەشیدا لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبداتەوە، بەڵام بەداخەوە ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر عەقڵیەتی حوکمڕانیدا نەھاتووە، باوەڕیشم وایە لە ئایندەدا پێمان دەڵێن بگەڕێنەوە بۆ سنووری ھێڵی سەوزی سەردەمی حوکمڕانی سەدام حوسێن کە ئەو هێڵەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حکوومەتی سەدام دروستکرابوو، بەڵام سنووری هەرێمی کوردستان نیە و هیچ کاتێک ئەو هێڵە بە سنوور نازانیت، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەڕەشەی هیچ کەسێک نامانترسێنێت".

لە ئەگەری هەر چەشنە مەترسییەکی ئابووری بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هۆی بەڕێوەچوونی گشتپرسی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "زۆر کەس باسی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و داخستنی سنوورەکان دەکات، بە بڕوای من سنوورەکان داناخرێن چونکە بەرژەوەندی هیچ لایەک لەوەدا نیە سنوورەکان دابخرێت، ئەگەریش دابخرێت ئەوا چەند رۆژێکە و باوەڕم وایە هیچ قەیرانێک روونادات".

قۆناغەکانی دوای گشتپرسی یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی باسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان و لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە حەز دەکەین بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا پرسەکان یەکلابکەینەوە، بۆ ئەوەی ھەردوولامان ئیسراحەت بکەین، دەستووری عێراقیش رێگەمان پێ دەدات بڕیاری جیابوونەوە بدەین و ئایندەی خۆمان بە میزاجی کەس نابەستینەوە، داوای دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکان دەکەین لە کوردستان. ئێمە کە دەڵێین دەوڵەتی کوردستان، مەبەستمان لەوەیە دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە، واتا ھەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و ھەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە. ئەگەریش باسی ئەوە دەکرێت کە بارودۆخی ناوچەکە تێک دەچێت، بە پێچەوانەوە کورد هەمیشە فاکتەری ئاشتیییە لەناوچەکە و دەبێت ئەو خوێنەی رژاوە بەرھەمی ھەبێت، چونکە کاتێک گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش پەلاماری مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراقیان دا، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە و تیرۆریستان خۆیان بگەیاندبوایە چیاکان، ئەوا چ هێزێک دەیتوانی دەریانبکات و ئەو ناوچانەیان پێ چۆڵ بکات. بەڵام لە بری شەراکەت و هاوبەشی لە عێراق، بەغدا ھەرچی پارەی ھەبوو بە ئاگر و ئاسنی دا و لە دژی کورد بەکاریھێنا، ئێمە رێککەوتنمان ھەبوو چەک و پارە بۆ پێشمەرگە دابینبکەن، بەڵام یەک فیشەکیان بە پێشمەرگە نەدا، بۆیە سەیری دەکەین ھیچ ئەزموونێک لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو نەبووە و جیابوونەوەمان باشترین بژاردەیە".

بارزانی دواخستنی ریفراندۆمی جارێکی دیکە رەتکردەوە و گوتی: "هەندێک کەس باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکات و گوایا سازش لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەکەین، دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم کە بەهیچ شێوەیەک ئەم پڕۆسەیە دواناخرێت، مەگەر شتێک هەبێت کە لە ریفراندۆم باشتر بێت، ئەگەرنا بۆ ئەم پڕۆسەیە هەنگاو دەنێین و دەبێت دەوڵەتی داهاتوو دەوڵەتێک بێت بۆ هەمووان و لەسەر بنەمای دیموکراسی پێک بێت و هەموو پێکهاتەکانی ئایینی یەکسان بێت و هەموو مافەکان دەستەبەر بکرێت، دەبێت زۆر کراوەبین بەرامبەر بە یەکتر و نابێت رێگە بدرێت رەگەزپەرستی و جیاوازی هەبێت، دەبێت دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت و پاشان بۆخۆتان دەتوانن هەرچۆنێک بتانەوێت دایبڕێژنەوە، ئەگەر ئەو سەرکەوتنە هات ئەوا بۆ هەموومانە، ئەگەر شکستیش بوو ئەوا من ئامادەم باجەکە بدەم".

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "زۆر جار باسی گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم کە هەڵەیەک لە ژیانمدا کردوومە و لێی پەشیمانم ئەوەیە کە پۆستی سەرۆکی هەرێمم وەرگرت چونکە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و وەزیر و ئەو پۆستانە، فەرمانبەری حکوومەتن و من نامەوێت وەک فەرمانبەرێکی حکوومەت بم چونکە من پێشمەرگەم و نامەوێت بە دەنگدان ئەو ئەرکە بەڕێوەببەم بەڵکو دەمەوێت وەکو پێشمەرگەیەک خزمەت بکەم و ئەمجارەش بە هیچ شێوەیەک خۆم بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکەمەوە چونکە دەمەوێت پشت بە کەسایەتی نەبەستن، دەمەوێت سیستەمێک هەبێت کە پشت بە پۆست ببەسترێت".

دوای گوتارەکەی بارزانی، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و نوێنەری هەریەک لە پێکهاتە جیاوازەکانیش را و بۆچوونی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی سیستەمی دەوڵەتی داهاتوو، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەی پێدان کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın