جيهان

"گۆڕان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی"

- بەرپرسی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت حزبەكەیان دەستی بە ئامادەكارییەكان​ی هەڵبژاردن كردووە، دەشڵێت، كۆمەڵێك گفتوگۆ هەیە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتی، ئەوانیش سەرقاڵی ئەو گفتوگۆیەن.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 09.01.2018 - نوێکردنەوە : 10.01.2018
"گۆڕان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، زمناكۆ جەلال لە بارەی ئامادەكارییەكانی حزبەكەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئێمە لەسەر ئاستی ناوخۆ حزبێكین بنەمای كاركردنمان هەڵبژاردنە و ئەمساڵیش ساڵی هەڵبژاردنە كە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەو مەبەستە زۆر بەچڕی دەستمان بە ئامادەكاری و كاركردن كردووە و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنمان پێكهێناوە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردنەكان".

لە ئێستادا سێ‌ لایەنی سیاسی (بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە لە لایەن بەرهەم ساڵح-ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت) لە یەكترەوە نزیكترن و پێشتر پێكەوە بەیاننامەی هاوبەشیان هەبووە و هەفتەی رابردووش بە شاندێكی هاوبەش سەردانی بەغدایان كرد.

سەبارەت بە پڕۆژە و دەنگۆی دروستكردنی هاوپەیمانیەتی لە نێوان هەرسێ‌ لایەن و پێكەوە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەك دوا وادە بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە، بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی گۆڕان لەو بارەیەوە گوتی: "لەسەر ئاستی سیاسی و خواستی لایەنەكانی تریش ئێستا جموجوڵێك هەیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەتایبەت ئەم هەفتەیە كە هەفتەی یەكلایكردنەوەی هاوپەیمانیەتییەكانە، كۆمەڵێك گفتوگۆ هەیە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا بۆ دروستكردنی كۆمەڵێك هاوپەیمانیەتی، ئێمەش وەك بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئەو گفتوگۆیەین لەگەڵ لایەنەكانی تردا".

ئەو هەروەها گوتی: "بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی و بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكان هەموو ئەگەرەكان كراوەن لە بەردەمماندا، بەوەی ئایا بە شێوەی تاك لایەنە بەشداری بكەین یان هاوپەیمانی دروست بكەین، لەم هەفتەیەدا سەرقاڵی گفتوگۆ و لێكدانەوەی لایەنەكانین و هەر شتێك لە بەرژەوەندی دۆزی كوردی و خۆماندا بێت، ئەوا دواجار بڕیاری لە بارەوە دەدەین".

سەبارەت بە سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی هاوبەشی هەرسێ‌ لایەن بۆ بەغدا و گفتوگۆكردنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، زمناكۆ جەلال لە وەڵامدا گوتی: "دوو هاوپەیمانی هەیە كە یەكەم لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانە و ئەوەی دووەم دوای هەڵبژاردنەكان دەكرێت، زۆر گفتوگۆ كراوە، بەڵام بە قووڵی نەچوونەتە نێو ئەو بابەتانەی كە باس لە هاوپەیمانیەتی بكات، لەبەر ئەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بینراوە و ئەوانەش هەموو دابەشبوون بەسەر هاوپەیمانیەتی و بەرەی جیاوازدا، ئەوەش كاتی زیاتری دەوێت و بەو زوویە ئەنجامی نابێت، بە دووری دەزانم لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانیەتی لە نێوان لایەنە كوردی و عێراقییەكان ببەسترێت، ئەگەر هەر هاوپەیمانیەتییەك هەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت رەنگە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانەوە".

رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كرد، پێشتر تێبینی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان خستووەتە روو، ئەوان چەند داواكارییەكیان هەیە پێش هەڵبژاردنەكانی هەرێم، دیارترینیان پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەران كە بە گوتەی ئەو نزیكەی 500 هەزار ناوی دووبارە و مردوو و ئاوارە لەو تۆمارەدا هەیە.

بەرپرسەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دووری دەزانێت دروستبوونی چەند قەوارەیەكی نوێ‌ بۆ بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ كاریگەری لەسەر دەنگەكانی ئەوان بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بكات، بە پێچەوانەوە پێشبینی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر دەكات بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو.

بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی هەشت كورسی پەرلەمانی عێراق و 24 كورسی پەرلەمانی كوردستانە.

حكوومەتی عێراق مانگی ئایاری داهاتووی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری كردووە، هەرچی هەرێمی كوردستانیشە لە زاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كە پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەسەر گفتوگۆكردن و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆدەبنەوە.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın