سياسەت, جيهان

گۆڕان مەرجی ھەیە بۆ ھەر پڕۆژەیەکی یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت تائێستا حزبەکەی ھیچ پڕۆژەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەدەست نەگەیشتووە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 05.05.2017 - نوێکردنەوە : 07.05.2017
گۆڕان مەرجی ھەیە بۆ ھەر پڕۆژەیەکی یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدولرەزاق شەریف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ھەوڵ و پڕۆژەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ھەڵوێستی حزبەکەی لەو بارەیەوە، ھەروەھا پرسی ریفراندۆم و ھەڵوێستی گۆڕان بەرامبەر ئەو پرسە دوا. لەبارەی ھەوڵەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەنگۆی ئاراستەکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ گۆڕان، عەبدولڕەزاق شەریف گوتی: "تائێستا ھیچ پڕۆژەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان بەدەست نەگەیشتووە، ھەرکات ئەو پڕۆژەیە بدەن بە ئێمە ئەوکات تاوتویی دەکەین و وەڵامیان دەدەینەوە، ئێمە ھەر پڕۆژەیەک لە چوارچێوەی ئەو ماددانەدا بێت کە رێککەوتنی سیاسیمان لەگەڵ یەکێتی کردووە ئەوە قبوڵمانە، بەپێچەوانەوە و بەدەر لەو رێککەوتنە سیاسییەی نێوانمان ھەر پڕۆژەیەک بێت رەتی دەکەینەوە".
عەبدولڕەزاق شەریف گوتیشی: "لە دوای پەیامەکەی بارزانییەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی کە بەرپرسانی پارتی بەڵێنیاندا پابەند بن پێوەی بە گۆڕینی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم، ئێمە پێشوازیمان لەو پێشنیارە کرد و داوای جێبەجێکردنی میکانیزمی ئەو پەیامەی بارزانیمان کردووە لێیان، لە دوای ئەوەوە ھیچ پەیوەندییەکی فەرمی روینەداوە".
ناوبراو ئەوەشی گوت: "وەک بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژە و بەرنامەی خۆمان ھەیە و بە چاوەڕوانی ئەم حزب و ئەو حزب ھەنگاو نانێین، ئەوەی ئێمە ھەمانە بە ئاشکرا گوتوومانە پابەندین بە پڕۆگرامی سیاسی بزووتنەوەکە و یاساکانی ھەرێمی کوردستانەوە، بەدەر لە چارەسەری یاسا ئێمە ھیچ پڕۆژەیەکمان نییە".
عەبدولڕەزاق شەریف کە هاوکات بەرپرسی میدیای گۆڕان-یشە، جەخت لەسەر ھەمان ھەڵوێستی بەرپرسان و میدیای حزبەکەی دەکاتەوە و ھۆکاری کێشە سیاسییەکانی ھەرێم دەبەستێتەوە بە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە.
لەبارەی داواکاری گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان و بوونی کاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە وەڵامدا گوتی: "قسە لەسەر گۆڕینی سەرۆکایەتی ھەرێمە، ئەگەر بەرامبەر گۆڕانکاری لە دوو سەرۆکایەتییەکەی تر و پۆستە سیادییەکاندا، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بگۆڕدرێت، لای ئێمە ئاساییە".
سەبارەت بە پرسی ریفرادۆم و کارکردنەوەی پەرلەمان، عەبدولڕەزاق شەریف گوتی: "ئێمە پێمان باشە ریفراندۆم بە یاسا رێکبخرێت و بە یاسا بکرێت، کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر بێت و ھەموو ناوچە دابڕاوەکانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەوەیە ریفراندۆمێکی بێ دایک و باوک و وەچاخ کوێرمان ناوێت".
عەبدولڕەزاق شەریف گوتشی: "ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەکەین بۆ سەربەخۆیی. ریفراندۆم ئامرازە بۆ بەدیھێنانی ئامانجی گەورە کە سەربەخۆییە و دەمانەوێت بۆ ئەو ئامانجە بێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەی باسم کرد بمێنێتەوە پشتیوانی ناکەین، ئەگەر بۆ کارتی فشار و بازرگانی سیاسی بەکاربێت، نەخێر پشتیوانی ناکەین".
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدولرەزاق شەریف ئاماژەی بەوەش کرد کە "پرسی سەربەخۆیی پێویستی بەوە ھەیە بە یاسا رێکبخرێت، نەوەک مەرجێکی حزبێک بێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان". بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın