جيهان

"ھەموو حزبەکان بەشێکن لە لاوازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان"

مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت بە ھەموو ئەو حزبانەی بەشدارن لە دەسەڵات و کشانەوەی خۆشیان لە کابینەی حکوومەت راگەیاندووە بەشێکن لە لاوازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات پەیوەندی حزبەکان کاریگەری خراپیان بەسەر حکوومەتەوە جێھێشتووە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 06.02.2018 - نوێکردنەوە : 07.02.2018
"ھەموو حزبەکان بەشێکن لە لاوازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی و توێژەری سیاسی، ھەردی مەھدی لە بارەی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھان رایگەیاند "بۆ ھەڵسەنگاندنی پێگەی ھەرێمی کوردستان ناتوانین تەنھا لە رووی ھێزە سیاسییەکانەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چونکە پێگەی ھەرێم بەشیکی پەیوەندی بە جیۆپۆلەتیکی ھەرێمەوە ھەیە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ھەڵکەوتەی ململانێ سیاسییەکانەوە ھەیە ئایا ھەرێم لە کوێدایە، ھەموو کات ھەرێم وەک پێگەی سیاسی رۆڵی خۆی دەبێت، مەرجیش نییە ئەو رۆڵە بە خێر بکەوێتەوە بۆ خەڵکەکەی خۆی، بەڵام ھەمیشە کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی ئیقلیمی و ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش".

ھەردی مەھدی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رووی پێگە و کارتەکانی و کاریگەری لە ناوچەکەدا، ھەرێمی کوردستان لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو، یان دوای کاردانەوەکانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە ٢٥ی سێبتەمبەری رابردوو، کشانەوەیەکی تووش بووە و جۆرێک لە گەمارۆیەکی سیاسی لەسەرە کە ئەوەش کاردانەوەی ئابووری و دیپلۆماسی و بژێوی و تەنانەت کاریگەریشی ھەبووە لەسەر شەرعیەتی خۆی لەناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام پێگەی خۆی ھەر ماوە و بەردەوام دۆخی ناوچەکە رۆڵ دەدات بە پێگەی سیاسی و جیۆسیاسی ھەرێمی کوردستان".

ھەردی مەھدی ھەروەھا گوتی: "لەمڕۆدا ئەوەی کە دۆخی ھەرێمی کوردستانی لاواز کردووە بەشێکی پەیوەندی بە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان خۆیەوە ھەیە کە ھێزەکانی نەیان توانیوە بە یەک گوتار یان جۆرێک لە دیسکۆرسێکی فراوانتر بینا بکەن تا بتوانن لەچوارچێوەی ئەوەدا لەگەڵ نەیارەکانیان مامەڵە بکەن. لە ئێستادا کێشەی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە پێش ئەوەی ململانێی لەگەڵ ناوچەکانی دەرەوەی خۆی ھەبێت یان ململانێی لەگەڵ بەغدادا ھەبێت. بە مانای ئەوەش نییە کاتێک پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز بووە و پێگەی بەغدا بەھێز بووە، بەڵام ھەرێم لە ئێستادا بەمحاڵەوە دەبێت بیر لە دەستمایە و ئەوە بکاتەوە بچێتەوە دۆخەکەی پێش خۆی کە بریتی بوو لە دۆخێکی دیپلۆماسی پەیوەندیدار بە سەرجەم ھێزەکانی ناوچەکەوە، ئەوەی پێگەی لاواز بووە لە ئێستادا ئەوەیە ئیدارەی ھەرێم دەکات نەوەک پێگەی ھەرێم خۆی".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت "دۆخی ناوخۆی ھەرێم خراپە، ئێمە دوو کێشەمان ھەیە، یەکەم بریتییە لە درزی نێوان خەڵک و حکوومەت، دووەم پەیوەندی بە ئاسۆیی نێوان حزبەکان خۆیانەوە ھەیە، پەیوەندی حزبەکانن کە کاریگەری خراپیان بەسەر حکوومەتەوە جێھێشتووە، یەک لە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکوومەت ئەمڕۆ لاوازترە لە حزب، بە ھەموو حزبەکانەوە بەشێکن لە لاوازکردنی حکوومەت، حکوومەتیش بریتییە لە خزمەتکاری خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییانی، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەموو حزبەکان پێکەوە بەشدارن لە خراپ ئەداکردنی حکوومەت بەرامبەر بە ھاووڵاتییەکانی، ھەروەھا لە رووی سیاسیەوە نەیانتوانییوە جۆرێک لە ھاوبەشی بدۆزنەوە و لەسەر بنەمای ھاوبەشکان پێکبێنەوە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ملاملانێیەکانی دەرەوە بکەن، بەو ھۆیەشەوە ئێستا ھەر جووڵە و رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دەرەوەی خۆتدا بکەیت بۆ ھەستانەوەی ھەرێمی کوردستان لاواز دەبێت، چونکە ھەمان کات ئەگەر لایەنێک لە ھەرێمی کوردستاندا لاواز بێت و پەیوەندی ئەنجامبدات ئەوا لایەنەکەی تر لاوازی دەکات. ئێمە دەبینین سێ حزب بە جیا سەرقاڵی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانن، لەملاشەوە دوو حزبی تر و چەند ئاراستەیەکی تریش بە جیا سەرقاڵی ئەوەن. لە ئێستادا یەک ھێزی سیاسی کوردیمان نییە کە گوزارشت لە ھەموو ھەرێم بکات، بۆیە ھەر رێککەوتنێک بکرێت رێککەوتنێکی لاسەنگ و ناجێگیرە و نەیاری زیاترە، لەبەر ئەوە لە ئێستادا ئەم حکوومەتەی ھەرێم ئەگەر بتوانێت ھەموو پێداویستییەکانیش دابین بکات لە بەغدا و تاران و ئەنقەرە، بە ھەمان شێوە ھەر رووبەڕووی رەخنە و گازندە و ناڕەزایەتی دەبێتەوە، بە ھۆی ئەوەی ھێزی تر وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنیش نییە، لەبەر ئەوە ئەسڵی کێشەکە پەیوەندی نێوان خەڵک و حکوومەتە، ھەروەھا حکوومەت لاوازکراوە لەسەر بنەمای حزبەکان و بەرژەوەندییەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە روون ببێتەوە کە کێ حکوومەت و کێ ئۆپۆزسیۆن، کێ بەڕێوەبەرە تا بەرپرسیاری بکەین".

مەھدی ئەوەشی گوت "دۆخی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێگەیەکی سیاسی باشتر لە ئێستای بەر بکەوێت پێویستی بە رێکخستنەوەی سێ مەلەف ھەیە، یەکیان پرسی چاکسازی مومکینە بەخێراترین کات، دووەمیان یەکڕیزی نیشتمانی و پێکھاتنەوە لەسەر بنەمای تەوافوقێکی سیاسی باش کە خەڵک تەوەری سەرەکی خزمەتگوزاری بێت نەوەک حزبەکان، لەبری ئەوەی تۆ لەگەڵ حزبەکان رێک بکەویت پێویستە حکوومەت لەگەڵ خەڵک رێک بکەوێت، سێیەمیش مەلەفی دانوستانەکانە کە لەسەر چی دانوستان بکات، ئەگەر ئەو سێ مەلەفە رێک نەخرێنەوە ئەوا ھەر رێککەوتن و کارێک لەگەڵ بەغدا یان ھەر شوێنێکی تر بکرێت ئەوا رێککەوتنێکی جێگیر نابێت".

سەبارەت بە پێگەی کورد لە بەغدا لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری داھاتوودا، ھەروەھا کاریگەری لەدەستدانی نیوەی ئەو خاکانەی پێشتر لەدەست ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوون و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کۆنترۆڵکران، ھەردی مەھدی لە وەڵامدا گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەم دواییانەش ھەڵەیەک ھەبووە کە رۆڵی کورد و مافی کورد لەناو عێراقدا کراوە بە ژمارە، لەسەر ئاستی بوودجە و دەنگ و کورسی پەرلەمانی کە ئەوەش ھەڵەیە، چونکە دۆخی ھەرێمی کوردستان و مافی ھەرێم، مافێکی نەتەوەیی سەرەکییە کە پێویستە کورد لە عێراقدا وەری بگرێت، پەیوەندی بەوەوە نییە کە کورسیت کەم بێت یان زیاد بێت، ئەوەش ھەڵەیەکە پێشتر روویداوە و لەسەر بنەمای کورسی دابەشکراوە. لە عێراقدا ئێستا دوو شت تێکچوون، یەکەم ئەوەی دەستوور جێبەجێ ناکرێت و نەکراوە، دووەمیش ئەوەی تەوافوق ھەیە، دۆخی ھەرێم ئەوەندەی پەیوەندی بە تێکچونی تەوافوقەوە ھەیە و گورز بەر ئەوە دەکەوێت کە تەوافوق تێکچووە لە عێراقدا، ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نییە کورسییەکانی کەم بکات. دۆخی ھەرێمی کوردستان ئێستا لاوازە، چونکە تەوافوق لە عێراقدا نییە و لە ھەردوولاش شتێک نەماوە یە ناوی شیعەیەکی یەکگرتوو یان سوننەیەکی یەکگرتوو لە ھەرێمیش شتێک نەماوە بە ناوی کوردێکی یەکگرتوو تا مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، لەبەر ئەوە پێویستە کورد بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنەوەی دەستوور و زیندوکردنەوەی سوننە تاوەکو باڵانسێک بۆ ھێز دروست ببێتەوە، ھەروەھا لەم رێگەیەوە بچینەوە قۆناغی تەوافوق تاوەکو ببێتەوە بە پرۆسەیەک کە عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بەڕێوە ببات نەوەک لەسەر بنەمای دەنگ و ھێز کە ئێستا باڵانس تێکچووە و ھێز عێراق بەڕێوە دەبات. لە ھەڵبژاردنی داھاتووش بە دڵنیاییەوە کورسییەکانی کورد کەم دەکات، کە ئەوەش کاریگەری دەکات لەسەر شکڵگرتنی ئەگەر تەوافوقیش رووبدات، لەبەر ئەوە کورد لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستە لە ناوچە جێناکۆکەکان بەیەک لیست دابەزێت بەھەر ناو و فۆڕم و ئەجێندایەکەوە ھەیە دەبێت یەک لیست دروست بکرێت لە بەغداش پێویستە کار لەسەر تەوافوق و دەستوور بکات".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın