سياسەت

ئاماری ساڵی ٢٠١٦ی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.01.2017 - نوێکردنەوە : 20.01.2017
ئاماری ساڵی ٢٠١٦ی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٦ ی رێکخراوەکەیان خستەڕوو، بە گوێرەی ئەو ئامارەش لەو ساڵەدا بەبڕی پێنج ترلیۆن و ١٥١ ملیار دینار کاڵا و شتومەکی ھەمەجۆر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە، لە بەرامبەردا ٨٩ مۆڵەتی ھەناردەکردن دراوە. 

سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، مستەفا عەبدولڕەحمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کارو چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٦ی رێکخراوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ توانراوە ٦٩ چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت لە بوارەکانی بەشداریکردن لە پێشانگا و ۆرک شۆپ و کۆنگرە و کۆنفرانسە بازرگانی و ئابووریە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، جگە لە واژووکردنی چەندین پرۆتۆکۆلی بازرگانی لێکتێگەیشتن کە لە میانەی گەشتەکاندا ئەنجامدراوە".
مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "لە ماوەی ساڵانی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئابووری رێکخراوەکەمان کە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە بە شێوەیەکی کاراتر کاری لەسەر کرا توانراوە مۆڵەت بۆ پێنج ھەزار و ٣١٧ کارگە و کارخانە وەربگیرێت کە تەنھا لە ساڵی ٢٠١٦ دا ٩٢ مۆڵەتی دامەزراندن دراوە".
سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەھۆی ئەو زەمینەیەی رەخساوە بۆ پەرەپێدانی بواری ئابووری و بازرگانی ٢٢ ھەزار و ١٦ کۆمپانیای ناوخۆیی و ٣ ھەزار و ١٦٨ کۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون".
بەپێی پۆلێنی کۆمپانیا بیانیەکان زۆرترین ئەو کۆمپانیایانەی لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن کۆمپانیا تورکییەکانن کە رێژەی ٤٤ لەسەدیان پێکھێناوە، دواتر کۆمپانیا ئێرانییەکان بە رێژەی ١١ لە سەد و کۆمپانیا لوبنانی و ئیماراتییەکان ھەریەکەیان بە رێژەی ٥ لە سەد، کۆمپانیاکانی دیکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی و چین و روسیا بە رێژەیەکی کەمتر ھاتوون.
لە ئامارەکەدا ئەوەش خراوەتە روو لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ دا ٢ ھەزار و ٧٨٣ مۆڵەت دراوە و بەبڕی پێنج ترلیۆن و ١٥١ ملیار دینار کاڵا و شمەکی جۆراوجۆر لە رێگەی دەروازە سنوروییەکان و فرۆکەخانەکانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە، لە بەرامبەردا ٨٩ مۆڵەتی ھەناردەکردن ھەبووە.
ئەو شتانەشی ھەناردەکراون بریتی بوون لە "ھەنگوین، برنج، ھەنار، گەنم، بادەمی سوودانی، مریشک و جوچکەی مریشک، خورما، مس، کۆکراوەی پاشماوەی خاشاک و چەند شمەکێکی دیکە".
مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ھەرێمی گرتووەتەوە ، کاریگەری خراپی ھەبووە لە سەر ھاوردە و ھەناردەکردن و لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا بە بەراورد بە ساڵەکانی دیکە نەتوانراوە باشتر کار بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلانیان ھەیە لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئاستی ھاوردە و ھەناردەکردن زیاتر بەرز بکەنەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن