سياسەت

ئەمریکا ئومێدی بە چارەسەرکردنی کێشەی کۆریا بەرێگەی دیپلۆماسیی هەیە

- دوای ئەوەی وڵاتەکەی کۆریای باکووری خستە لیستی ''ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی لە تیرۆر دەکەن''، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن ئاشکرایکرد واشنتۆن ئامانجی ئەوەیە فشارەکانی سەر حکوومەتی پیۆنگ یانگ زیاد بکات.

Hakan Çopur, Muhammet Ali Kemal  | 21.11.2017 - نوێکردنەوە : 21.11.2017
ئەمریکا ئومێدی بە چارەسەرکردنی کێشەی کۆریا بەرێگەی دیپلۆماسیی هەیە

Washington DC

واشنتۆن- AA

دوای ئەوەی وڵاتەکەی کۆریای باکووری خستە لیستی ''ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی لە تیرۆر دەکەن''، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن ئاشکرایکرد واشنتۆن ئامانجی ئەوەیە فشارەکانی سەر حکوومەتی پیۆنگ یانگ زیاد بکات و بەو شێوەیەش کۆریای باکوور ناچار بە دیالۆگی دیپلۆماسی بکات.

رێکس تیلەرسن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی سەبارەت بە کۆریای باکوور دایەوە.

تیلەرسن ئاشکرایکرد زیادکردنی کۆریای باکووری بۆ لیستی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی تیرۆر دەکەن، بەشێکە لەو پرۆسەیەی تا ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و پێویستە وەک شتێکی چاوەڕواننەکراو تەماشا نەکرێت، راشیگەیاند: ''هێشتا ئومێدمان بە رێگەچارەی دیپلۆماسی هەیە. ئامانج لەم هەنگاوە زیادکردنی فشارەکانی سەر رژێمەکەی کیمە و گەیاندنی پەیامی ئەوەیە کە تا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانەنیشێت و دەست بە دیالۆگ نەکات، دۆخی رژێمەکەی بەرەو خراپتر دەڕوات''.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد لە ئێستادا سزای زۆر بەسەر کۆریای باکووردا سەپێنراون و سزای دیکەش بەڕێوەیە، تیشكیشی خستە سەر ئەوەی مەبەست لە سەپاندنی ئەو سزایانە تەنگ پێهەڵچنینی رژێمی ئەو وڵاتەیە نەک گەلەکەی.

رێکس تیلەرسن ئاماژەی بەوەکرد لە کۆریای باکوور کێشەیەکی گەورەی نەبوونی بەنزین هەیە و دوای ئەوەش کە زۆرێک لە وڵاتان پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پچڕاندووە، دەروازەکانی بازرگانی و ئابووریی لەبەردەم حکوومەتی پیۆنگ یانگدا بەشێوەیەکی بەرچاو تەسک بوونەتەوە و رایگەیاند: ''پێمان وایە لەگەڵ ئەم سزا نوێیانەدا، سەرجەمیان پێکەوە کاریگەرییان دەبێت''.

تیلەرسن زیادکردنی کۆریای باکووری بۆ لیستی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی تیرۆر دەکەن وەک ''هەڵمەتێکی فشارکردنی ئاشتیخوازانە'' ناوبرد و باسی لەوەکرد ئەو وڵاتە لەمیانی دانوستانەکانی ساڵی ٢٠٠٨دا لەو لیستە دەرهێنرابوو، بەڵام بەهۆی ئەو بەهۆی دۆخی ئێستا و هەڵوێستی ''شەڕانگێزانە''ی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە دووبارە بۆ لیستەکە زیادکراوەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن