سياسەت

جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە لە سووریا و عێراق زیادیکردووە

فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ: "دواى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە کاراچۆغ و شنگال جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە زیادیکردووە، نەک تەنها کوردى ئێزدى بەڵکو ئەو چەکدارانەى لە تورکیا و سووریا تێکەڵى پەکەکە بوون، پەکەکە جێدەهێڵن".

Azat Muhammet  | 28.04.2017 - نوێکردنەوە : 29.04.2017
جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە لە سووریا و عێراق زیادیکردووە

Dahuk

دهۆک - AA

فەرماندەى فەرماندەیی شنگال سەربە وەزراەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، قاسم شەشۆ رایگەیاند "دواى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر شنگال ورەى پەکەکە زۆر دابەزیوە و رۆژانە چەکدارەکانیان ریزى ئەو گرووپە جێدەهێڵن. تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ چەکداری پەکەکە خۆیان گەیاندووەتە هێزەکانى پێشمەرگە لە شنگال کە لە کوردى ئێزدى و کوردى تورکیا و سووریا پێکهاتوون، چاوەڕوان دەکەین لە چەند رۆژى داهاتوو ژمارەیەکى زۆر زیاتر ریزەکانى پەکەکە جێبهێڵن".

فەرماندەی فەرماندەیی شنگال سەربە وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، قاشم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند سەرەتا بۆردومانەکانى تورکیا بۆ سەر چیاى شنگال ترس و دڵەڕاوکێی گەورەى لە شنگال و تەواوى ناوچەکە دروست کرد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ترس و دڵەڕاوکێیەکە بۆردومانکردنى بە هەڵەى بارەگایەکى پێشمەرگە بوو، بەڵام ئێستا دۆخ لەو ناوچەى لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە زۆر ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئەو ناوچانەى پەکەکە دیکتاتۆرانە داگیر کردوون تەواو شڵەژاوە و ترس و دڵەڕاوکێ ناوچەکەى تەنیوە".

- "پەکەکە ژمارەی بارەگاکانى لەسەر چیا کەم کردەوە"

قاسم شەشۆ دەڵێت "بە هۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى پەکەکە و هەبوونى زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى، ئەمڕۆ پەکەکە هەستاوە بە کەمکردنەوەى ژمارەی بنکە و بارەگاکانى لەسەر چیاى شنگال کە پێدەچێت بۆ خۆپاراستنیان روویان لە چەندین ناوچەى نادیارى شنگال کردبێت".

دەشڵێت "جگە لە گواستنەوەى بنکە و بارەگاکانیان دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا دژى پەکەکە لە سووریا و شنگال پەرت و بڵاوییەکى زۆر کەوتووەتە ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە لە کۆنتڕۆڵى فەرماندەکانیان دەرچووە، ئەگەر ئەو پەرتەوازەییە بەو جۆرە بەردەوام بێت لەوانەیە چەکدارانى پەکەکە لە نێوەخۆیاندا تووشى پێکدادن بن و چەک بە رووی یەکتر بەرزبکەنەوە".

- "تا ئێستا ٨٠٠ چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووە"

فەرماندەى فەرماندەیی شنگالى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە ئاشکراى دەکات کە دواى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ چەکدارانى پەکەکە لە کاراچۆغ و شنگال جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە زیادیکردووە، نەک تەنها کوردى ئێزدى بەڵکو ئەو چەکدارانەى لە تورکیا و سووریا تێکەڵى پەکەکە بوون، پەکەکە جێدەهێڵن و، خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن لە شنگال، هەموو ئەو چەکدارانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە سیاسەتى پەکەکە بە هەڵە وەسف دەکەن و پەشیمانن لەوەی کە چوونەتە ریزەکانى پەکەکە، بەشێکیشیان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارانى پەکەکە بە زۆرەملێ بە حوکمى چەک کردوونى بە چەکدارى خۆیان".

قاسم شەشۆ گوتیشى: "بەشى هەرە زۆرى ئەو چەکدارانەى لە ریزەکانى پەکەکەدان بە دواى دەرفەتێک دەگەڕێن تاوەکو خۆیان لەم گرووپە رزگار بکەن هەرچەند پەکەکە مامەڵەى خۆى بەرامبەر توندتر کردووە، بەڵام گوێى پێنادەن و خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن. بە پێى دوایین ئامار تا ئێستا ٨٠٠ چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە و بەشى هەرە زۆریان کوردى ئێزدین و کەسایەتى دیاریشیان لەگەڵدا هەیە، بەشەکەى دیکەش لەو کوردانە پێک دێن کە پەکەکە لە سووریا و تورکیا کردوونیەتى بە چەکدارى خۆی. تا ئێستا ٥٠٠ لەو چەکدارە ئێزدیانەى کە لە ماوەکانی رابردوودا ریزەکانى پەکەکەیان جێهێشتووە خولى مەشق و راهێنانى سەربازییان لە بەنداوى مووسڵ لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگە بۆ کراوەتەوە و لە ئایندەیەکى نزیکدا لە چوارچێوەى فەرماندەیی شنگالى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە ئەرکى پێشمەرگایەتى خۆیان دەبینن لە ناوچەکە".

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژە بە بەردەوامى جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە دەکات و دەڵێت "جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە لەلایەن ئەندام و چەکدارەکانیەوە لە شنگال، سووریا و تورکیا بەردەوامە و، زۆرینەى چەکدارەکانى پەکەکە تەمەنناى ئەو رۆژە دەکەن لەژێر زەبر و زەنگى پەکەکە رزگاریان بێت و خۆیان بگەیەننە هێزەکانى پێشمەرگە، پێشبینى ئەوە دەکەین لە رۆژانى ئایندە ژمارەیەکى یەکجار زۆر چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى هێزەکانى پێشمەرگە بکەن و، تا ئێستا تەنها ١٠ لە سەدى چەکدارى کوردى ئێزدى لەگەڵ پەکەکە ماوە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın