سياسەت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەوە

دیندار زێباری: "دەبێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆری کردووە و چەندین لێژنەی پێکهێناوە بە مەبەستی زانینی راستییەکان لەو ناوچانەی تازە رزگارکراون و ناکرێت پشت بە زانیاری هەڵە ببەسترێت".

Hemin Hüseyin  | 26.09.2016 - نوێکردنەوە : 27.09.2016
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەوە

Arbil

هەولێر-AA

لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناوخۆییەکان، کۆبوونەوە.

مەبەست لەو کۆبوونەوەیە چەند تەوەرێکی گرنگ بوو لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە نێوان رێکخراوەکان و دەزگاکانی پەیوەندیدار، هاوکات دۆزینەوەی میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان لایەنەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و گوتی: "کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ رێکخراوە بیانییەکان و بەشێک لە رێکخراوە ناوخۆییەکان بە تایبەت ئەو رێکخراوە چالاکانەی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون و بەم دواییە کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر چەند بنەمایەک رێکبکەوین و لێک نزیکبوونەوەیەک هەبێت لە نێوان ئێمە و ئەواندا".

دیندار زێباری گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندییەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ئەوانەی کار دەکەن لە بواری مافی مرۆڤ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و راپۆرتینگ و هەڵسەنگاندنی رەوشی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی حکوومی و چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار و لایەنەکانی ئەمنی ئامادەن".

سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کرد کە ئەویش نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵە و گوتی: "دیارە ئێمە نزیکدەبینەوە لە وادەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و نزیکین لە کۆتایی هێنان بە تیرۆریسیتانی داعش، بۆیە مەبەستی سەرەکی لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ قسە بکەین بۆ ئەوەی میکانیزمێکی هاوبەشمان هەبێت".

لەبارەی وردەکاری ناو کۆبوونەوەکەش دیندار زێباری گوتی: "پێویستە لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ قسە بکەین ئەوانیش، پێویستە ئاڵوگۆڕی زانیاری هەبێت لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و لایەنەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەریمان هەبێت لەسەر بارودۆخەکە و رەوشی ناوچەکە بە هاوکاری لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندن، هەروەها ئێمە وەکو لێژنەی باڵا بەرپرسیارێتیمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو بنەما نێودەوڵەتییانە لەبەرچاو بگیرێت، دەبێت ئێمە پابەندبین و هەوڵ بدەین ئەو کۆبوونەوانە ببێتە فاکتەرێک هەم بۆ شەڕی دژی داعش و هەم بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ ناوچەکانیان".

دیندار زێباری گوتیشی: "دەبێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆری کردووە و چەندین لێژنەی پێکهێناوە بە مەبەستی زانینی راستییەکان لەو ناوچانەی کە نوێ رزگارکراون و ناکرێت پشت بە زانیاری هەڵە ببەسترێت، هاوکات دەبێت پردێک دروست بکەین بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و گرنگە هەموومان ئاگاداربین بۆ ئەوەی تێڕوانینی نێودەولەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی هەڵە نەبێت".

سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و گوتی: "لە ماوەی داهاتوودا وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدەینەوە کە لەساڵی 2016 ئامادەی کردووە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها وەڵامی راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش دەدەینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن