سياسەت

داعش گوندێکى سنوورى پارێزگاى نەینەواى کردووەتە دوا پێگەى خۆى

- ئەفسەرى پێشمەرگە لە ناحیەى عەیازییە، نەقیب بێدار زێبارى: "زیاتر لە ١٠٠ بۆ ١٤٠ تیرۆریستى داعشى خۆکوژ لە گوندى قەسەب راعى سەربە ناحیەى عەیازییە لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزى پێشمەرگە ماون".

Azat Muhammet  | 08.09.2017 - نوێکردنەوە : 09.09.2017
داعش گوندێکى سنوورى پارێزگاى نەینەواى کردووەتە دوا پێگەى خۆى

Dahuk

دهۆک - AA

ئەفسەر لە هێزى پێشمەرگەى ژینگەى دهۆک لە ناحیەى عەیازییە، نەقیب بێدار زێبارى رایگەیاند "تا ئێستا ژمارەیەکى زۆر تیرۆریستى داعشى عێراقى، سووری، رووسى، ئۆکراینى، چیچانى و ئەفغانستانى لە قەزاى تەلەعفەر و ناحیەى عەیازییە خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە، نەک هیچ خێزانێکى تورک بەڵکو یەک چەکدارى تورک لە ریزەکانى داعش نەبووە و هەموو ئەوانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە جا ئەگەر خۆیان لە بەرگى هاووڵاتى ئاوارە شاردبێتەوە رادەستى سوپاى عێراق کراون و بۆ کەمپەکانى حەمام عەلیل و کەمپەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان گواستوویانەتەوە، ئەوانەشى بە بەرگى داعشەوە خۆیان رادەست کردبێت رەوانەى شوێنێکى تایبەت کراون بۆ گرتنەبەرى رێکارى ئەمنى و یاسایی. لە ئێستادا نازانین ئەوانیش رادەستى سوپاى عێراق کراون یان رووبەڕووى دادگا دەکرێن".

ئەو ئەفسەرەى هێزى پێشمەرگەى ژینگەى دهۆک لە ناحیەى عەزیازییە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لەو گوندە دەکات کە بووەتە دوایین پێگەى داعش لە پارێزگاى نەینەوا و دەڵێت "گوندى قەسەب راعى دوایین گوندە لە تەواوى پارێزگاى نەینەوا کە لە دەست داعش مابێت، ئەو گوندە بە دوورى دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاواى ناحیەى عەیازییەى سەربە قەزاى تەلەعفەر و لە ئێستادا ١٠٠ بۆ ١٤٠ تیرۆریستى داعشى خۆکوژ تیایدا ماون، ئەو تیرۆریستانەى لەو گوندە ماون تەنها کار بە بیر و باوەڕى داعش دەکەن و لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەرى ئەوە هەیە خۆیان بە هێزە عێراقییەکان یان هێزى پێشمەرگە بتەقێنەوە، بۆیە لە ئێستا پێشمەرگە شەو و رۆژ لە حاڵەتى ئامادە باشیدایە، بۆ ئەوەى رێگر بێت لەوەى داعش زیان بە پێشمەرگە بگەیەنێت".

دەشڵێت "هەموو ئەو داعشانەى لە گوندى قەسەب راعى ماون خۆراکیان پێ نەماوە و بە هۆى کەمى خۆراک هەراسان بوون، بەشى هەرە زۆرى ئەوانەى خۆیان رادەستى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق کردووەتەوە، هۆکارى سەرەکى نەمانى خۆراک بووە. لە ئێستادا خۆراکێکى کەمیان بە دەستەوە ماوە لە هەمان کاتیشدا ئەو چەکەیان ماوە کە شەڕى پێبکەن و زیان بە بەرامبەر خۆیان بگەیەنن".

ئەوەى بە چاو دەبینرێت لە گوندى قەسەب راعى سنوورى عەیازییە کە دوایین گوندە لەژێر دەسەڵاتى داعش مابێت، هاتوچۆى چەکدارانى داعشە بەناو ئەو گوندە، بە دوورى یەک کیلۆمەتر داعش چەندین چەکى وەک نیشانەى خۆڕادەستکردن بە دیوارى خانوویەکى گوندەکە هەڵواسیوە، پێشمەرگە تەنها فەرمانى بەرگریکردنى هەیە و ئەو چەک فڕێدانەى داعش بە تاکتیک دەزانن و پێیانوایە داعش لە تونێلە قوڵ و درێژەکانى خۆیان حەشارداوە تاوەکو لە دەرفەتێکدا زیان بە پێشمەرگە بگەیەنن.

داعش لەو گوندە دوو دوو پێکەوە هاتوچۆ دەکەن، بەشێکى زۆر لە چەکداران یان جلوبەرى رەشیان لەبەرە یان جلوبەرى خاکییان لەبەرە، پێشمەرگەکانى سەنگەرى رووبەڕووبوونەوەى داعش کە بەردەوام دەستیان لەسەر پەلاپیتکەى تفەنگەکانیانە دەڵێن "ئەوانەى جلوبەرگى رەشیان لەبەردایە لەشەو چالاکى سەربازى تیرۆریستى خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەوانەى جلوبەرى خاکیان لەبەرە لە رۆژدا بە کردەوەى تیرۆریستى هەڵدەستن".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın